شەهید حه‌مه‌ڕه‌ش

بیره‌وه‌رییه‌كانی به‌رباخه‌ڵ

12:04 - 2022-04-18
ڕاپۆرت
688 جار خوێندراوەتەوە

ئاكۆ كه‌ریم مه‌عروف

به‌شێك له‌ سیاسییه‌كان بیره‌وه‌ری رۆژانی خه‌بات ده‌نووسنه‌وه‌، ئه‌مه‌ كارێكی باشه‌.  دواتر جیاوازییه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌ نێوان بیره‌وه‌وه‌یی و رۆژانه‌ی به‌ر باخه‌ڵی پیشمه‌رگه‌یه‌ك كه‌ سات به‌ ساتی رۆژانه‌ی به‌ خوێنی خۆیی و هاوڕێكانی نووسیوه‌ته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی من تێبنیم كردووه‌، جیاوازی زۆره‌ له‌ نێوان بیره‌وه‌ری و یاداشتی رۆژانه‌، یان رۆژانه‌ی به‌رباخه‌ڵ.
پاشان ناتوانین جیاوازی نه‌كه‌ین له‌نێوان نووسه‌ران و سیاسییه‌كان پاشان هونه‌رمه‌ندان، كه‌سانی ساده‌ كه‌ رۆژانێك یاداشته‌كانیان نووسیوه‌ته‌وه‌.
لێره‌دا، وه‌ك وێنه‌یه‌كی ره‌ش و سپی و یاده‌وه‌ریی چه‌ندین پێشمه‌رگه‌م بینیوه‌ له‌سه‌ر تاشه‌به‌ردێك نامه‌یان بۆ كه‌سوكاریان نوسیوه‌، زۆرێك له‌ پێشمه‌رگه‌م بینیوه‌، زۆر به‌ خێرایی به‌ ته‌ته‌رێكدا به‌ ده‌ستوخه‌تێكی خراپ هه‌واڵی كه‌سوكاریان ده‌پرسن.
پێشمه‌رگه‌شم بینیوه‌ راستگۆیانه‌ باسیان له‌ شكست، سه‌ربه‌رزییه‌كان كردووه‌. هیچ شه‌رم نییه‌، باس له‌ شكستی دۆخێك بكه‌یت، نه‌گبه‌تییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ شكست بكه‌یت به‌ ئازایه‌تی.
شۆڕش منه‌تی به‌ كه‌س نییه‌، ته‌نها منه‌تێك كه‌ هه‌یبێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئازادو راستگۆ بیت.
لێره‌وه‌ لاپه‌ڕه‌ی به‌رباخه‌ڵی شەهید حه‌مه‌ڕه‌ش و چه‌ندین كوڕانی راستگۆ له‌ قۆناغه‌ سه‌خته‌كاندا نموونه‌ی راستگۆیی و بیره‌وه‌رییه‌كانی به‌ر باخه‌ڵن.
له‌بیرم دێت قوتابی ئاماده‌یی بووم، ناوی پێشمه‌رگه‌ چاونه‌ترسه‌كانم ده‌زانی، ئه‌و كات بۆ ئێمه‌ی گه‌نج كه‌رامه‌ت له‌سه‌رو هه‌موو شتێكه‌وه‌ بوو، پاشان ئازادی، كه‌ نه‌بوو، ئه‌ی چی بكه‌ین.؟ بیرمان له‌ هاوڕێیانی ته‌ته‌ر كرده‌وه‌.
به‌ كورتی یاده‌وه‌ریی به‌رباخه‌ڵی شەهید حه‌مه‌ڕه‌ش وێنه‌یه‌كه‌ شۆڕشێكمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌، كه‌ ئێستا هه‌موو ئه‌و ورده‌ گله‌ییانه‌ له‌ ساتێكدا وتراون كه‌ شەهید حه‌مه‌ڕه‌ش هه‌موو شتێكی وتووه‌.
ئه‌و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاینده‌ی خوێندبۆوه‌، ده‌یزانی رۆژێك دێت زۆربه‌ی هه‌ڤاڵه‌كانی به‌ لاڕێدا ده‌چن.
هه‌رچییه‌ك و هه‌ر چۆنێك بێت، بیره‌وه‌وه‌رییه‌كانی به‌رباخه‌ڵی شایه‌تی رۆژگارێكن بۆ قۆناغێك له‌ مه‌ترسییه‌كانی سه‌ختی ژیان و ئازادی.
له‌و ژیانه‌ سه‌خته‌دا نووسه‌رانی شاخ هه‌بوون، داینه‌مۆی وره‌ بوون، چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌و گۆڤار هه‌بوون، له‌ هه‌مان كاتیشدا چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ خه‌ون و بیره‌وه‌ریه‌كانی به‌رباخه‌ڵیان هه‌بوو.
ده‌كرێت شۆڕش ته‌نها یه‌ك رسته‌ بێت یاخود چه‌ند كتێبێك بێت، به‌ڵام ته‌نها یه‌ك رسته‌ی راستگۆیانه‌ هه‌موو ئه‌و كتێبانه‌ به‌ درۆده‌خاته‌وه‌، وه‌ هه‌موو كتێب و نووسینه‌كانی دونیاش ناتوانن یه‌ك رسته‌ی راستگۆیانه‌ به‌ درۆ بخه‌نه‌وه‌.
له‌ هه‌مان كاتیشدا نووسه‌رانی شار هه‌بوون، كه‌ بوێرانه‌ په‌خشان و شیعرو چیرۆكه‌كانیان ده‌نارد بۆ شاخ، ئه‌مانه‌و جگه‌ له‌ چه‌ندین كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان كه‌ له‌ ژێر سانسۆرێكی تووندا بوو.
هونه‌رمه‌ندان زۆربه‌یان كه‌مترخه‌مییان نه‌كردووه‌، به‌ڵام دواتر!
لاپه‌ره‌ سپییه‌كان هه‌ورن ده‌بێت بارانی وشه‌ ببارێت، زۆرجار په‌ڵه‌ هه‌ورێك لێزمه‌ بارانی به‌دواوه‌یه‌، زۆربه‌یجاریش ده‌یان په‌ڵه‌ هه‌ورم بینیوه‌ یه‌كی دڵۆپ بارانی نه‌باراندووه‌، ده‌فته‌ره‌كه‌ی به‌رباخه‌ڵی شەهید حه‌مه‌ڕه‌ش ته‌نها په‌ڵه‌ هه‌ورێكه‌و زریانی لێكه‌وته‌وه‌.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان