دیداری "پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاریی کشتوکاڵی" بەڕێوەچوو

09:36 - 2023-03-06
ئابووری
323 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، 6ی 3، بە چاودێری نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و پشتیوانی رێکخراوی GIZ ی ئەڵمانی لە پارێزگای هەڵەبجە و لە هۆڵی كتێبخانەی زانكۆی هەڵەبجە، دیداری تایبەت بە "پەرەپێدانی كەرتی گەشتیاریی كشتوكاڵی و رەخساندنی هەلی كار لەو بوارەدا" بەڕێوەچوو.

لە دیدارەكەدا بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوكانی ئاو، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار، پارێزگاری هەڵەبجە، قایمقامی هەڵەبجە و چەندین بەرپرسی حكومی و مامۆستا و ئەكادیمی لە بوارەكانی كشتوكاڵ و گەشوگوزار و رێكخراوەكان، ئامادەیبوون.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوكانی ئاو لە وتەیەکدا وتی "ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عیراقدا، بەدەرنین لە دەرئەنجامی ئەو گۆڕانكارییە گەورانەی كە ئێستا بەسەر كەشوهەوادا هاتووە"، وتیشی "سەرەڕای كۆچكردن لە گوندەكانەوە بۆ شارەكان و خاپووركردنی گوندەكان، لەگەڵ ئەوەشدا خواستی كۆمەڵگەكەمان بۆ بەكارهێنانی ئەو زەوییە بە پیتەی كە هەمانە لە ئاستێكی بەرزدایە".

هاوكات هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم لە لێدوانێكیدا بۆ دەنگی گەلی كوردستان رایگەیاند "وەكو وەزارەت و خودی وەزیری كشتوكاڵ، لەهەوڵداین بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ، ئەمەش لەڕێگەی رێكخستنی ئەم جۆرە دیدار و فیستیڤاڵانەوە، هەروەها كارئاسانیكردن بۆ هاووڵاتیان و جوتیاران لەو كەرتەدا".

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان