سەرۆك كۆمار: جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان

09:57 - 2023-03-07
عیراق
272 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار لە كۆشكی بەغدا پێشوازیكرد لە وەفدێكی ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا كە پێكهاتبوون لە خاتوو سارا شیتێدال، دۆمینیك رویز دیڤیسا و ماركۆ كامپۆ مینۆسی.
 لە میانی دیدارەكەدا باس  لە پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و یەكێتیی ئەوروپا كرا، سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لە پێویستی پتەوكردنی ئەو پەیوەندییانە، راشیگەیاند: حكومەتی عیراق بەرنامەیەكی كاری داڕشتووە لەگەڵ ویستی عیراقییەكاندایە، وەك چۆن لە چاوەڕوانیدان كە جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان لەكاتی پەسەندكردنی بودجە دەستپێبكات.
هەروەها، ئەندامانی وەفدەكە پاڵپشتیی پەرلەمانی ئەوروپایان دووپاتكردەوە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی عیراق و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیانی.
هەردوێنێ، سەرۆك كۆمار پێشوازیکرد لە ماوریتزیۆ گرێگانتی باڵیۆزی ئیتالیا لە عیراق.
لەدیدارەكەدا سەرۆك كۆمار، جەختیكردەوە لە پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و بەهێزكردنی هاریكاری و زیادكردنی وەبەرهێنان لەنێوان عیراق و ئیتالیادا، بەجۆرێك كە خزمەتی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بكات.
هەر لە دیدارەكەدا، باس لە بەرنامەی سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی سەرۆك كۆمار بۆ ئیتالیا كرا  لەسەر داوای سەرۆك كۆماری ئیتالیا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان