لم لە زێڕ بەنرخترە؟

10:08 - 2023-03-07
کەلتور
603 جار خوێندراوەتەوە
#یاریکردنی منداڵان بە لم

د. ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین*

کەس نییە وشەی لمی نەبیستبێت و لەوانەشە زۆرینەمان لە کاتێک لە کاتەکانی ژیاندا بەکارمان هێنابێت، بۆ نموونە لەکاتی دروستکردنی خانوو، یان باڵەخانەیەک، یان هەر نەبێت لە گرتنەوەی چیمەنتۆ بۆ کۆنکرێتکردنی پانتاییەک،  لەم وتارەدا تەنیا باس لە لم وەک مادەیەکی سادە و ساکار ناکەین، بەڵکو هەوڵدەدەم بە شێوەیەکی زانستی روونیبکەمەوە، کە لەوانەیە لە داهاتوودا لم لە زێڕ بەنرختر بێت و زۆرێک لە وڵاتان هەناردەی دەرەوەی وڵاتەکانیانی بکەن! هەرچەندە بەڕێژەیەکی کەم ئێستاش هەناردە دەکرێت، بۆ نموونە میسر لم هەناردەی وڵاتانی کەنداو دەکات، لەوانەیە سەیربێت وڵاتانی کەنداو لەناو بیابانێکی لمیدا دەژین، بەڵام لم هاوردە دەکەن! لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر گرنگی لم بۆ مرۆڤایەتی و شارستانییەت و داهاتووی ئەم مادەیە لە جیهاندا چۆن دەبێت.
نیشتەی لم (Sand) مادەیەکی دەنکۆڵەیی وردی  پێکەوەنەنووساوە، لەڕووی پێکهاتەوە زۆر جۆری هەیە و لە رێگەی قەبارەی دەنکۆڵەکانەوە دەکرێت پۆلێنکردنی بۆ بکرێت (وەک لە خوارەوە باسکراوە). 
لم لەڕووی قەبارەی دەنکۆڵەکانییەوە لە چەو بچووکترە و لە قومیش گەورەترە، واتە لم قەبارەی دەنکۆڵەکانی لە نێوان 0.062ملم بۆ 2ملم دەبێت. لم بەشێکی سەرەکی لە خاکیش پێکدێنێت و گرنگی تایبەتی هەیە بۆ گەشەی رووەک.
لم لەڕووی پێکهاتەوە پشت بە سەرچاوەی دەنکۆڵەکانی دەبەستێت، واتە ئەو دەنکۆڵانەی کە لمەکە پێکدەهێنن لەکوێوە هاتوون، کاتێک سەرچاوەی دەنکۆڵەکان لە کەڤرە ئاگرینەکانەوە هاتبن، ئەوا لمەکە دەوڵەمەند دەبێت بە دەنکۆڵەی بەردی ئاگرین  و کاتێک سەرچاوەکە فرە کەڤرە نیشتەنییەکان بێت، ئەوا لمەکە دەوڵەمەند دەبێت بە دەنکۆڵەی بەردی نیشتەنیی، بۆیە دەکرێت لم هەبێت دەوڵەمەند بێت بە خاوی کوارتز و هەشبێت دەوڵەمەند بێت بە کاربۆناتی کالسیۆم. هەر لەسەر ئەم پێکهاتنەش رەنگی لمەکە دیاردەبێت، بۆ نموونە لمی فرە دەنکۆڵەی بەردی گڕکانی رەنگی رەش دەبێت، هەرچی لمی فرە دەنکۆڵەی کوارتزییە ئەوا رەنگی سپی، یان کاڵ دەبێت، هەرچی ئەو لمەی، کە رەنگی قاوەییە، یان خۆڵەمێشی بێت ئەوا پێکهاتەی دەنکۆڵەکانی تێکەڵەیەک دەبێت لە و خاوانە (بڕوانە وێنەی هاوپێچ).
ئایا لم سەرچاوەیەکی تازەبووەوەیە؟
مەبەست لە سەرچاوەی تازەبووەوە ئەوەیە، کە ئاخۆ ساڵانە دروست دەبێت، یان ماوەیەکی زۆر دوورودرێژی دەوێت تا بەرهەمدێت؟ بێگومان دەکرێت لم ساڵانە لەڕێگەی چەم و رووبارەکانەوە بگوێزرێتەوە و لەناوچە کەنارییە تەختەکاندا بنیشێ. دەبێت ئەوەشمان لەیاد نەچێت، کە کاتی پێویست بۆ داخوران و راماڵینی دەنکۆڵەکان لە کەڤرە سەرچاوەییەکانەوە درێژخایەنە و سەدان ساڵی پێویستە!

کاتێک سەرچاوەی دەنکۆڵەکان لە کەڤرە ئاگرینەکانەوە هاتبن، ئەوا لمەکە دەوڵەمەند دەبێت بە دەنکۆڵەی بەردی ئاگرین  و کاتێک سەرچاوەکە فرە کەڤرە نیشتەنییەکان بێت، ئەوا لمەکە دەوڵەمەند دەبێت بە دەنکۆڵەی بەردی نیشتەنیی

جۆرەکانی لم
لەسەر بنەمای قەبارەی دەنکۆڵەکانی نیشتەی لم، دەکرێت چەند جۆرێک لە لم دیاریبکرێت، وەک لمی ورد (0.062ملم بۆ  0.250ملم)، لمی مامناوەند (0.250 بۆ 0.5ملم)، و لمی زبر ( 0.5ملم بۆ 2ملم).
هەڵبەت ئەگەر نیشتەی لم لەسەر جۆری بنەچەکەی پۆلێن بکەین، ئەوا چەند جۆرێک هەیە وەک: لمی هەڵکەندراو،  لمی رووبار، لمی دەریا، لمی دەستکرد ..هتد.
لمی هەڵکەندراو: 
(Pit sand) 

ئەم جۆرە لە لم دەنکۆڵەکانی زبرە و بە شێوەیەکی گشتی رەنگی پڕتەقاڵییەکی سوورباوە و لێواری دەنکۆڵەکانی تیژ و گۆشەدارن، زۆر جار لە قووڵی یەک بۆ دوو مەترەوە هەڵدەکەنرێت و هیچ جۆرە خوێیەکی لەگەڵدا نییە و بە جۆرێکی باش دادەنرێت بۆ باڵەخانە دروستکردن و بیناسازی.
لمی رووبار: (River sand) 
جۆرێکە لە لم، کە دەنکۆڵەکانی وردن و بە کاریگەریی داخوران و کەشکاری لەسەر بەردەکان بەهۆی تەوژمی ئاوەوە دروست دەبێت، هەربۆیە لە کەنار رووبار و چەمەکان دەستدەکەوێت، بە گشتی رەنگیان سپی بۆ خۆڵەمێشییە، بە پێچەوانەی جۆری لمی هەڵکەندراو لێواری دەنکۆڵەکان لووس و خڕن، ئەم جۆرە بە رێژەیەکی یەکجار زۆر لە کاری بیناسازیدا بەکاردێت، بەتایبەتی کاری رووپۆشکردن.
لمی دەریا: (Sea sand) 
وەک لە ناوەکەیەوە دەردەکەوێت لە دەریادا هەیە و لە ئەنجامی داخوران بە هۆی ئاوی دەریاوە بەرهەمدێت و بە گشتی رەنگیان قاوەییە، دەنکۆڵەی ئەم جۆرە لە لم زۆر وردن و شێوەی دەرزیلەییان هەیە، لمی دەریا خوێ و چەندین مادەی تری دەریایی تێکەڵە، کە دەبێتە هۆکاری مژینی شێ لە بەرگەهەواوە، هەربۆیە ئەم جۆرە بۆ کاری بیناسازی  و ئەندازیاری باش نییە .
لمی دەستکرد:  
(Manufactured sand) 

ئەم جۆرە لە لم، هەر وەک لە ناوەکەیەوە دیارە لە ئەنجامی شکاندن و هاڕینی بەردەکان،  وەک بەردی کلسەوە (لایمستۆن)  بەرهەمدێت، تا ئەندازەیەکی کەمیش کەڤری گرانایت بەکاردێت، بەڵام لەبەرئەوەی کە زۆر رەقە و شکاندن و هاڕینی تا دەگاتە قەبارەی دەنکۆڵەکانی لم کارێکی گرانە و سووتەمەنی زۆری دەوێت و کاریگەریی بۆ سەر ژینگەش زیاتر دەبێت، کەمتر بەکاردێت، سەرەڕای ئەوەی کە گرانایت بەردێکی بەنرخە بۆ کاری جوانکاری و کاریگەری کەشکاری لەسەری زۆر کەمە، ئەم جۆرە لە لم وەک جێگرەوەی لمی رووبار بۆ کاری بیناسازی بەکاردێت، بێگومان چونکە دەستکردە و بەگوێرەی داواکاری قەبارەی دەنکۆڵەکان بەرهەمبێت، ئەم جۆرە بە باشترین جۆری لم دادەنرێت بۆ کاری بیناسازی و سیفاتە ئەندازیارییەکانی زۆر بەرزن، بێگومان چونکە دەستکردە بڕی پارەی تێچووی بەرهەمهێنانی زۆر زیاترە وەک لە لمی رووبارو ئەمەش وادەکات نرخیشی گرانتر بێت، بەڵام لە رووی ژینگەییەوە بە دۆستی ژینگە دادەنرێت، چونکە لمی کەنار رووبارەکان دەرناهێنرێت و دەمێنێتەوە، کە رۆڵییان هەیە لە گلدانەوەی ئاوی ژێرزەوی و بەرگریکردن لە کردەکانی راماڵین و داخورانی خاک.

 

 

لە بەشی یەکەمی ئەم وتارەدا پێناسە و جۆرەکانی لم و سەرچاوەکانی باس کرا و گرنگییەکەشی وەک مادەیەکی پێویست بۆ وڵاتان روون کرایەوە و لەم بەشەشدا باس لە سوودەکانی لم و بەکارهێنانی بۆ بیناسازی، کشتوکاڵ، سمارتەکردن و دروستکردنی بەربەست و سەنگەر و زۆر شتی تر دەکەین.

سوودەکانی لم
لم و کۆنکرێت: هەموو جۆرە لمێک بۆ دروستکردنی کۆنکریت بەکار نایەت، چونکە لمی کۆنکریت پێویستە سیفاتی تایبەتی هەبێت و کاریگەریی خراپی بۆ کۆنکریتەکە نەبێت.  لمی دەریا بەهۆکاری ئەوەی، کە بەرگریی پەستان و هێزی راکێشانی کەمە و سەرەڕای بوونی خوێ، کە وادەکات شێ لەبەرگە هەواوە بمژێت، گونجاو نییە بۆ کاری بیناسازی و ئەندازیاری. 
بۆ نموونە لە وڵاتانی کەنداو لمێکی یەکجار زۆر هەیە، بێگومان لە بیابانەکاندا، بەڵام بۆ کۆنکریت نابێت و پێویستیان بەوەیە، کە لە وڵاتێکی وەک میسرەوە لم هاوردە بکەن. لمی میسر لە سەرچاوەیەکی کەڤری گڕکانییەوە دروستبووە، واتە کەڤرە گڕکانییەکان، بۆ نموونە وەک بازاڵت، تووشی کەشکاری و راماڵین دەبێت و پاشان لە لێواری رووبار و چەمەکان کۆدەبێتەوە و زۆر باشە بۆ بەرهەمهێنانی کۆنکریت بۆ باڵەخانەکان. 
مەزەندە دەکرێت بڕی نزیکەی پەنجا بلیۆن تۆن لم لە دروستکردنی باڵەخانەکان و کاری بیناسازیدا بەکاربێت، بەڕاستی بڕێکی یەکجار زۆرە و رۆژ لە دوای رۆژیش داواکاری لەسەر زیاد دەبێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی لم لە جیهاندا.
دەبێت ئەوە بزانین، کە لم بە تەنیا لە کاری بیناسازیدا بەکارنایەت، راستە خەڵکی بە زۆری لە کاری بیناسازیدا بەکاری دەهێنن، بەڵام لە زۆر بواری تردا گرنگی خۆی هەیە، بۆ نموونە:
- لووسکەر واتە، (Abracive): پێش ئەوەی سمارتە دابهێنرێت، لمی تەڕ بەکاردەهات بۆ سافکردن، هەربۆیە ئێستاش بە زمانی ئینگلیزی بە سمارتە  دەوترێ:(sandpaper).
- بۆ کشتوکاڵ: خاکێکی لمین (خاکلماو) باشترین خاکە بۆ گەشەی رووەکەکان، بەتایبەتی پاقلەمەنییەکان و شوتی و گەلێکی تر لە رووەکەکان.
- بۆ هەواپاککردنەوە: دەنکۆڵە وردەکان لەگەڵ قوماشدا تێکەڵدەکرێت و وەک دەمەوانە بەکاردێت، هەرچەندە ئێستا ریشاڵی ورد لە جیاتی لم بەکاردێت.
- بۆ ئاوزێڵی ماسی: لە دروستکردنی زۆرێک لە ئاوزێڵەکاندا بەکاردێت و بڕوادەکرێت، کە لە چەو و مادەکانیتر باشتربێت. هەروەها لە دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشەکردنی  شیلانەکان بەکاردێت.
- بۆ دروستکردنی بەربەستی دەستکرد، دەکرێتە ناو گوێنی، یان کیسەوە و وەک بەربەست بەکاردێت.
-  بۆ دروستکردنی دوورگەی دەستکرد، وەک ئەوەی، کە لە کەنداودا لە بەری ئێرانەوە بەکاردێت، سەرەڕای ئەوەی لەکیس دەکرێت و وەک بەربەست بۆ خۆپاراستن لە گولـلەی دوژمن بەکاردێت، واتە بۆ دروستکردنی سەنگەر.
- بۆ پاراستنی کەنارەکان کاتێک تەوژمە دەریاییەکان و باوبۆرانەکان لمی کەنارەکان رادەماڵن.
- بۆ خشت دروستکردن، کاتێک لەگەڵ قوڕ تێکەڵدەکرێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی، کە پێکهاتەیەکی گرنگی  دروستکردنی چیمەنتۆشە و رۆڵی هەیە لە بەرزکردنەوەی رێژەی سلیکا لە پیشەسازیی چیمەنتۆدا.
-بۆ دروستکردنی شووشە، کە پێکهاتەی سەرەکی ئەم پیشەسازییەیە و لمی کوارتزی رێژەی 52 - 65 ٪ لە کێشی تێکەڵەکە پێکدەهێنێت. بۆ دروستکردنی شووشەی ئاسایی رێژەی سلیکا پێویستە بەلایەنی کەمەوە 93 ٪ بێت.
- لە تەکنۆلۆجیای هەڵکەندنی بیردا بۆ گازی سروشتی، کاتێک لمی سلیکایی بۆ هێشتنەوەی کون و درزەکانی ناو بیرەکە بەکاردێت.
- بۆ دروستکردنی گردۆڵکە، وەک لە گۆڕەپانەکانی یاری گۆڵفدا.
- لەگەڵ چیمەنتۆ تێکەڵدەکریت و کاری بیناسازیی پێدەکرێت.
- لەبۆیە دروستکردندا: کاتێک لەگەڵ بۆیەدا تیکەڵدەکرێت و لە رووماڵی زۆرێک لە بنمیچ و زەویدا بەکاردێت، کە خلیسکان لە سەری روونادات.
- یاریکردن لەسەر لم وەک چالاکییەکی کەنار دەریاکان. وەک ناوچەی  یاریکردن بۆ منداڵان، سەرەڕای ئەوەی، کە بیابانە لمییەکان شوێنی راکێشانی گەشتیاران و مۆتۆڕ سوارەکانە لە جیهاندا.
- بەکاردێت لەکاتی سەهۆڵبەندانی رێگەوبانەکان، بۆئەوەی لە خلیسکی رێگەوبانەکان کەمبکرێتەوە.
- بۆ دروستکردنی  کاری هونەریی و قاڵب داڕشتن.
- بۆ پاڵاوتنی ئاو بەکاردێت.

 

لە پارێزگای سلێمانی لەکەنار رووبارەکانی قەڵاچوالان، سیروان و زێی بچووک، چەندین کارگەی بەرهەمهێنانی لم و چەو کاری دەرهێنان و شتنەوەی چەو و لم دەکەن، کە لەلایەن حکومەتەوە مۆڵەتیان پێدراوەو باجیش دەدەن

 

لمی کوردستان
لم لە کوردستاندا بە زۆری لە جۆری لمی رووبارە، کە جۆرێکی زۆر باشە بۆ کاری بیناسازی، بەهۆی ئەوەی کە ناوچەکە دوورە لە دەریاوە، بۆیە لمی دەریا لە کوردستاندا نییە، لمی کوردستان لە زۆرێک لە ناوچەکاندا لە کەنار رووبارەکان دەردەهێنرێت و دەشۆررێتەوە و پاشان بەڕیدەکرێت بۆ کاری بیناسازی و ئەندازیاری، بۆ نموونە لە پارێزگای سلێمانی لە کەنار رووبارەکان دەردەهێنرێت، وەک رووباری قەڵاچوالان، یان سیروان، یان زێی بچووک. چەندین کارگەی بەرهەمهێنانی لم و چەو لەسەر کەناری زۆرێک لە رووبارەکان هەن و کار دەکەن لە دەرهێنان و شتنەوەی چەو و لم، کە لەلایەن حکومەتەوە مۆڵەتیان پێدراوە و باجیش دەدەن، بە هۆکاری ئەوەی سەرچاوەی زۆرێک لەو لمانە لە بەردە ئاگرین و گۆڕاوەکانە، سەرەڕای بوونی سەرچاوەی کاربۆناتی،  بۆیە جۆری دەنکۆڵەکان کە لمەکەیان پێکهێناوە باشن بۆ بیناسازی و خۆڕاگرن.
 سوپاس:  سوپاس و پێزانین بۆ پ. د. تۆڵە ئەحمەد میرزا، لەبەشی زەویناسی زانکۆی سلێمانی بۆ سەرنج و تێبینییەکانی لەسەر یەکەم  درافتی ئەم وتارە.

سەرچاوەکان:
- ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین،2013،بنەماکانی زەویناسی،  چاپخانەی ئاکام، سلێمانی، 354ل.
-Bates, R., 1969, Geology of the industrial rocks and minerals, NewYork, 459p.
-Kogel, J., Trived, N., .Barker, J., and Krukowski, S., (eds.), 2009, Industrial rocks and minerals, 7th ed., USA, 1548p.
-Mohialdeen, I.M.J., 2011, Dictionary of Geology, English-Kurdish, University of Sulaimani, Sulaimani, Paywand Printing House, Kurdistan, 269p.
https://www.sandatlas.org/sand-types/

*پڕۆفیسۆر لە بەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان