قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی کارگێڕی کۆمپانیای دانا غازی ئیماراتیدا رایگەیاند، پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز بە رەزامەندی هەموو لایەک، ژینگەی وەبەرهێنان لەو سێکتەرەدا فراوانتر و باشتر دەکات.
لە کۆبوونەوەیەکدا، کە رۆژی 7ی مارسی 2023 لە سلێمانی بەڕێوەچوو و ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەیبوو، باس لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی کۆمپانیای دانا غاز لە کوردستان و دوا گۆڕانکارییە سیاسییەکان کرا.
بەبۆنەی ساڵیادی ئازادکردنی شاری سلێمانی، قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی کرد بە راپەڕینی گەلی کورد و دواتر تیشکی خستەسەر دواپێشهاتە سیاسییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.
جێگری سەرۆک وەزیران، باسی لە هەوڵەکانی ئامادەکردنی یاسای نەوت و غاز کرد لە عیراق و وتی، پشتگیری تێپەڕاندنی یاسای نەوت و غاز دەکەین کە بەڕەزامەندی هەموو لایەک پەسەند بکرێت، چونکە بە پەسەندکردنی ئەو یاسایە ژینگەی وەبەرهێنان لەو سێکتەرەدا فراوانتر و باشتر دەبێت.
لە کۆبوونەوەکەدا وەفدی کۆمپانیای دانا غاز پلان و ئەولەوییاتی کاری خۆیان خستەڕوو و ستایشی هەوڵەکانی قوباد تاڵەبانییان کرد کە لەڕووی ئەمنی و هەروەها کارئاسانیکردن بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان لە کێڵگەی کۆرمۆر هاوکاریان بووە.