قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە هەولێر پێشوازیکرد لە ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و لەسەر کێشە ناوخۆییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا گفتوگۆ کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی 8ی مارسی 2023 بەڕێوەچوو و تیایدا دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و دابان شەدەڵە، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون، جێگری سەرۆک وەزیران پشتگیری خۆی بۆ حکومەتەکەی بەڕێز سودانی دووپات کردەوە و هیوای خواست حکومەتی نوێی عیراق بتوانێت پڕۆژەیاسای بودجە و پڕۆژەیاسای نەوت و گاز بەجۆرێک ئامادە بکات کە لە بەرژەوەندی هەموو عیراقدا بێت.
راشیگەیاند، رێکەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر یاسای نەوت و گاز دەرگا دەکاتەوە بەڕووی چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدا و دەبێتە هۆی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و بووژانەوەی ئابوری لە هەموو عیراقدا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرا و هەردوولا هاوڕابوون دەبێت ناکۆکییە سیاسییەکان لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن. لەمبارەیەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، حکومەتی ئەڵمانیا پشتیوانی لە هەرێمی کوردستانی یەکدەنگ و یەکگرتوو دەکات، هەربۆیە پێویستە ناکۆکییە ناوخۆییەکان چارەسەر بکرێن.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نیوان هەولێر و بەغداش، ئەنالینا بێربۆک جەختیکردەوە حکومەتی ئەڵمانیا پشتگیری لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نیوان هەولێر و بەغدا دەکات و پێویستە پەیوەندییەکی بەهێز و تۆکمە لەسەر بنەمای دەستوور لە نێوان هەردوو حکومەتدا هەبێت بۆ ئەوەی ببێتە مایەی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و بووژانەوەی ئابوری لە هەموو عێراقدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا کرا و لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی ئەڵمانیای کرد کە لە ماوەی رابردوودا بە ناردنی پسپۆڕ و راوێژکار لە بوارە جیاوازەکاندا یارمەتی هەرێمیان داوە و هیواشی خواست ئەم هاوکارییانە بەردەوام بێت.
جێگری سەرۆک وەزیران داوایکرد، حکومەتی ئەڵمانیا هاوکار بێت لە بووژانەوەی ئابوری و رەخساندنی هەلی کار لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەموو ناوچەکانی کوردستان بە شێوەی هاوسەنگ گەشە بکەن و بووژانەوەی ئابووری بەخۆوە ببینن.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی شەنگال کرا و لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوە دا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان پێویستە بەر لە هەر شتێک گوێ لە خەڵکی شەنگال و داوکارییەکانیان بگیرێت. وتیشی، شەنگال دۆخێکی هەستیاری هەیە و پێویستە لە جێبەجێکردنی هەر پلان و بەرنامەیەکدا هەستیاری دۆخی ناوچەکە لەبەرچاو بگیرێت.
بە بۆنەی رۆژی جیهانی ژنانیشەوە لە کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ژنان لە کوردستان کرا، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا لە کوردستان ژنانی بەهێز و خاوەن بیرۆکە هەن کە دەیانەوێت ببنە خاوەنکار و پڕۆژەی خۆیان و لەم چوارچێوەیەشدا داوایکرد حکومەتی ئەڵمانیا و رێکخراوەکانی ئەو وڵاتە گرنگی زیاتر بدەن بە هاوکاریکردنی ژنانی خاوەن بیرۆکە بۆ ئەوەی پێگەی ژنان لە بازاڕی کاری کوردستاندا بەهێزتر بێت.