ژیریی دەستکرد بەرەو کوێ؟

09:52 - 2023-03-12
ئابووری
694 جار خوێندراوەتەوە
ژیریی دەستکرد لە داهاتوویەکی نزیکدا شۆڕشێک بەرپا دەکات

فەیسەڵ عەلی

تەکنیکی (Chat GPT) بازدانێکی جۆریی بواری ژیریی دەستکردە، ئەم بازدانە لە حکومەت و کۆمپانیا و رێکخراوەکان دەخوازێت خۆیانی بۆ ئامادە بکەن، ئەویش لەڕێی دەرچواندنی یاسای تایبەت بە رێکخستنی ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد و بەرزکردنەوەی ئاستی لێهاتوویی تەکنیکی کارمەند و سودمەندانی، تا بتوانرێ بە شێوەیەکی دروست رووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییانە ببنەوە کە بەسەر ژینگەی کاردا دەیهێنێت. 

تەکنیکی (Chat GPT) هەموو شتێکی بزوێنەرەکانی گەڕان دەگۆڕێت، ئەمەش شۆڕشێکی جیهانی تەکنۆلۆجیایە، دەکرێ ئەو تەکنیکە روونبکرێتەوە، بەوەی کەسێکی زۆر زیرەکی گریمانەییە، دەتوانێ وەڵامی هەموو پرسیارەکان بداتەوە

فێربوونی خودیی
ژیریی دەستکرد (ARTIFICIAL INTELLIGENCE) مەنزومەیەکی خاوەن توانای گەورە و لەبن نەهاتووە، دەتوانێ لەگەڵ هێزی ئیدراکی مرۆڤدا بێتەوە، وەک ئەوەی دەتوانێ داتا و زانیارییەکان راڤە بکات و رێسای نوێی مەعریفی هەڵهێنجێت و بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکان و ئەرکە نوێیەکان بەگەڕ بخرێت، وێڕای ئەوەی توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی فێربوونی خودیشی هەیە. ژیریی دەستکرد، توانای بیرکردنەوەی لە رادەبەدەر و راڤەکردنی داتاکانی هەیە، زیاتر لەوەی بەشێوەیەکی دیاریکراو یان بە ئەرکێکی دیاریکراوەوە پەیوەست بێت.

بانگەشەی گۆڕانی ریشەیی
ژیریی دەستکرد، دوا دەرهاویشتەی شۆڕشی چوارەمی پیشەسازییە، ئەویش لەبەر فرە بەکارهێنانی لە زۆربەی بوارەکانی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەدا، پێشبینی دەکرێت ئاسۆی فراوانی داهێنانی بێسنوور بکاتەوە، هەروەها بەرەو شۆڕشی تری پیشەسازی بمانبات، ئەوەی بانگەشەی گۆڕانێکی ریشەیی لە ژیانی مرۆڤدا دەکات، لەگەڵ پەرەسەندنی ئێجگار گەورە و خێرای تەکنۆلۆجیا و ئەو گۆڕانکارییانەی جیهان لە سایەی شۆڕشی چوارەمی پیشەسازیدا بەخۆیەوە دەیبینێت. 
ژیریی دەستکرد، لە داهاتوودا دەبێتە بزوێنەری پێشکەوتن و گەشە و بوژانەوە، دەتوانێ داهێنانی هەمەچەشنە بەدوای خۆیدا بهێنێت و بەرنامە بۆ دامەزراندنی جیهانێکی نوێ دابنێت کە دەشێ بۆ ئێستا خەیاڵ بێت. لەبەرئەوە دەبێ حکومەت و دامەزراوە و رێکخراوەکان چاوەڕێی ئایندە نەکەن و پلان دابڕێژن و خۆیانی بۆ ئامادە بکەن، تا ببنە بەشێكی دانەبڕاو و کێبڕکێ لەسەر بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیاکەی بکەن، ئاڵنگارییەکانی بخەنە نێو پلان و بەرنامەکانیان و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە، یاسای تەشریعاتی بۆ دەربچوێنن، بەو شێوەی لەگەڵ سروشت و خێرایی وەڵامدانەوەی ئەو گۆڕانکارییانەی ئەم بازدانە گەورەیەی تەکنۆلۆجیا هێناویەتی و دەیهێنێت.

شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکان
کڵاوس دەڵێت: شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی، بە ئەتمەتە*کردنی پیشەسازی و کەمکردنەوەی دەستی کار تێیاندا، بەجۆرێک رۆڵی مرۆڤ لە پیشەسازی لە چاودێری و وردبینیدا دەمێنێتەوە، مەرجی گەیشتن بەوە، بوونی توانای زانستییە کە بونیادێکی پێشکەوتووی تەکنۆلۆجی و دیجیتاڵی بەگەڕ دەخات. لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی چوارەمی پیشەسازییدا، کە لەسەر بنچینە و رێساکانی شۆڕشی سێیەمی پیشەسازی دامەزرا، کە خۆی لە پەرەسەندنی تەکنەلۆجیای کۆمپیوتەر و ئەنتەرنێتدا دەبینییەوە، لە پرۆسەکانی پیشەسازیی کردندا پشت بە سیستمی کۆمپیوتەر دەبەسترا.
 جیهان بەر لە شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی، سێ شۆڕشی پیشەسازیی تری بەخۆیەوە بینیوە، یەکەمیان لە ساڵی 1760 ەوە لەگەڵ داهێنانی بزوێنەری هەڵمی دەستی پێکرد، شۆڕشی دووەمیان لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم دەستیپێکرد و تا سەرەتای سەدەی بیستەم بەردەوامی هەبوو، تێیدا کارەبا داهێنرا، لەکاتێکدا شۆڕشی سێیەمی پیشەسازی، لە شەستەکانی سەدەی بیستەم بە کۆمپیوتەر دەستی پێکرد، پاشان ئینتەرنێت و پراکتیزەکردنەکانی هات، لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی، کە ژیریی دەستکرد و بایۆتەکنۆلۆجیا و چاپی سێ رەهەند و شۆڕشی بواری پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و جیهانی دیجیتاڵی بەرهەمهێنا.

گۆڕاوە بەرهەمهێنەرەکان
بەرەنجامی دەرهاویشتە خێراکانی ژیریی دەستکرد، کۆمپانیای (OpenAi) ئەمریکایی، کە ئیلۆن ماسک و سام ئاڵتمان و هیتر دامەزرێنەرێتی، لە کۆتایی نۆڤەمبەری 2022، (GPT3) دەرچواند، چاوەڕوان دەکرێت کۆپی  (GPT4) لێ دەربچوێندرێت.  پیتە یەکەمەکانی (GPT) (Generative Pre-trained Transformer) بەمانای گۆڕاوە بەرهەمهێنەرە پێشوەخت راهێنراوەکان دێت. پێشبینی دەکرێت کۆمپانیای (OpenAi) بەم نزیکانە (GPT4) دەربچوێنێت، پێشبینی دەکرێت پشت بەقەبارەیەک داتا ببەستێت کە 100 ترلیۆن زانیاری بێت، ئەم کۆپییەی ئێستا قەبارەی داتاکانی لە 175 ملیار زانیاری زیاترە.

لینک و  زانیاریی پەرتەوازە
تەکنیکی (Chat GPT) هەموو شتێکی بزوێنەرەکانی گەڕان دەگۆڕێت، ئەمەش شۆڕشێکی جیهانی تەکنۆلۆجیایە، دەکرێ تەکنیکی (Chat GPT) روون بکرێتەوە، بەوەی کەسێکی زۆر زیرەکی گریمانەییە، دەتوانێ وەڵامی هەموو پرسیارەکان بداتەوە، توێژینەوەی تەواو بکات و بەرنامەیەکی تەواوکار جێبەجێ بکات و رەمزە هەڵەکانی بەرنامەکان راست بکاتەوە و چیرۆک بنووسێت و ناوەڕۆکێکی داهێنەرانە بنووسێت و وێنا و بیرۆکەش بەرهەم بهێنێت، تەکنیکی (Chat GPT) لە گۆگڵ دەچێت، بەڵام لە رووی رێکخستن و داهێنانییەوە لێی جیاوازە، بۆ نموونە، (Chat GPT) توێژینەوەیەکی رێکخراو و پێکەوە گرێدراو دروست دەکات، بەڵام گوگڵ کۆمەڵێکی زۆر لینک و  زانیاریی پەرتەوازەت پێدەبەخشێت. ئەم خزمەتگوزارییە لە کۆتایی نۆڤەمبەری 2022 خرایەکار، لە ماوەی تەنها شەش رۆژی یەکەمیدا ژمارەی بەکارهێنەرانی ملیۆنێک کەسی تێپەڕاند، بەکارهێنەران دەتوانن لەڕێی چوونە نێو پێگەی (openai.com) بەکاریبهێنن. 

بزوێنەرێکی بنچینەیی ئابووریی
تەکنیکی (Chat GPT) بازدانێکی جۆریی بواری ژیریی دەستکردە، لەبەرئەوەی دەبێ حکومەت و کۆمپانیا و رێکخراوەکان خۆیانی بۆ ئامادە بکەن، بۆئەوەی لەگەڵ پەرەسەندنە بێشومار و گەورەکانی تەکنۆلۆجیادا خۆیان بگونجێن و بە باشترین شێواز لە رەخساندنی ژینگەی کاری دامەزراوە لەسەر داهێنان لێی سودمەند بن، بێگومان ئەمە بزوێنەرێکی بنچینەیی و گرنگی ئابووریی دامەزراوە لەسەر مەعریفە.
*ئەتمەتە: بەکارهێنانی سیستمی کۆنتڕۆڵکردنی ئامێری لە پرۆسە جیاوازەکانی پیشەسازی، ئامێرەکانیش، کۆمپیوتەر، رۆبۆت و تەکنۆلۆجیای زانیاری دەگرێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان