حكومه‌تی به‌عس له دوای ناوه‌ڕاستی ساڵی هه‌شتاكان هێرشه‌كانی بۆسه‌ر گونده‌كان چڕتر كرده‌وه، به‌تایبه‌ت گونده‌كانی دۆڵی جافایه‌تی.
به‌رده‌وام له رێگه‌ی فڕۆكه‌ی جه‌نگی و تۆپه دوور هاوێژه‌كانه‌وه جافایه‌تی بۆردومان ده‌كرد، ئه‌وه‌ش ببووه هۆی ئه‌وه‌ی دانیشتوان له گونده‌كان بچنه ده‌ره‌وه و ماڵیان به‌رنه ژێر دار‌و به‌رد و ناو ئه‌شكه‌وت و شیوو و دۆڵه‌كان.
له‌و هێرشانه‌دا چه‌كی كیمیاییش به‌كار ده‌هات له دژی هاووڵاتیان، ئه‌و هێرشانه‌ش سه‌ره‌تایه‌ك بوون بۆ ده‌ستپێكردنی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال.
هه‌ڵه‌دن یه‌كێك بوو له‌و گوندانه‌ی به‌رده‌وام بۆردوومان ده‌كرا، له ساڵی 1986 به‌دواوه ژیان تیایدا زه‌حمه‌ت بوو، یه‌كه‌م قۆناغی ئه‌نفال له‌و ناوچەیەوه ده‌ستی پێكرد و هێرشی كیمایی به‌رده‌وام بوو، چه‌ند رۆژێكیش دوای ده‌ستپێكردنه‌كه، له ئێواره‌ی رۆژی 27/2/1988 چه‌ند تۆپێكی كیمیایی له سه‌رو گوندەکە‌وه كه‌وتن، له‌وكاته‌دا خه‌ڵك سه‌رقاڵی نانی ئێواره‌بوون، ماڵی پوره‌ئامینی هاوسه‌ری كۆچكردوو وه‌ستا ره‌حمانی هه‌ڵه‌دن یه‌كێكبوون له‌و ماڵانانه‌ی چوبوونه ده‌ره‌وه و له‌سه‌رو گونده‌كه‌وه بنه‌یان خستبوو، سه‌عات شه‌شی ئێواره چه‌ند تۆپێك له‌لای ماڵیان كه‌وته‌وه، پوره‌ئامین و هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی (كاك قادر و شه‌هید سه‌عید) به سه‌ختی بریندار بوون.
هه‌وڵدرا سه‌عید فریای نه‌خۆشخانه‌ی به‌رگه‌ڵوو بكه‌وێت، به‌ڵام تا فریاكه‌وتن، به‌داخه‌وه شه‌هید بوو.
شۆفێری تراكتۆرێكیش به‌سه‌ر تراكتۆره‌كه‌یه‌وه شه‌هیدببوو، قادر‌و پوره‌ئامینی دایكی بەناڕه‌حه‌تی گه‌یه‌نرابوونه نه‌خۆشخانه‌ی به‌رگه‌ڵوو و له‌مه‌رگ رزگاریان بوو.
دیاره له‌و هێرشه ئاسمانیانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه خه‌ڵكێكی زۆر هاووڵاتی و پێشمه‌رگه شه‌هیدكران، شه‌هید سه‌عید و خێزانه‌كه‌ی نمونه‌یه‌كن له‌و قوربانیانه.
شه‌هید سه‌عید
شه‌هید سه‌عیدی وه‌ستا ره‌حمان ساڵی 1955 له گوندی هه‌ڵه‌دن له دایكبووه، ئه‌ندامی چالاكی رێكخستنه‌كانی ی.ن.ك و بنه‌ماڵه‌یه‌كی شۆڕشگێڕبوون.
خاوه‌نی دوو كچ بوو به‌ناوه‌كانی (هێرۆ و رۆژگار)، به‌داخه‌وه رۆژگاریان له رۆژی 11/2/1992 له‌گه‌ڵ دایكی و سێ هاووڵاتی دیكه‌ی هه‌ڵه‌دن و گوندی یاخسه‌مه‌ر، له رێگه‌ی دابان بۆ هه‌ڵه‌دن له ناو به‌فردا ره‌قبوونه‌وه.
شه‌هید سه‌عید برای پێشمه‌رگه‌ی سه‌ره‌تای شۆڕش و كه‌سایه‌تی دیار و ناسراو ساڵحه‌سوره، بنه‌ماڵه‌كه‌یان له بنه‌ماڵه شۆڕشگێڕه‌كانی ناوچه‌كه‌یه.
ئارام هه‌ڵه‌دنی