هازارد و نەیمار بۆ وایان لێهات؟

11:10 - 2023-03-13
وەرزش
293 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات كۆكەیی

چەند ساڵێك لەمەوبەر، کاتێک نەیمار داسیلڤا بارسیلۆناو ئیدین هازارد چێڵسی جێهشت و نەیمار چووە پی ئێس جی و هازاردیش چووە ریال مەدرید، چاوەكان لە سەر ئەم دوو ئەستێر ناودارە بوون بۆئەوەی ببنە دوو یاریزانی ناوداری جیهان و تەنانەت ببنە جێگرەوەی لیۆنێل مێسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ.
ئەگەرچی دەیان ئەستێرەیەی تۆپی پێ هاوسەردەمی ئەو دوو ئەستێرەیە بوون، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو دوانە لە یانەکانیان ئاستێکی نایابیان پێشکەش دەکرد، ئەو دوو ئەستێرەیە لەپێش هەموویانەوە بوون.

هازارد لە چێڵسی و نەیمار لە بارسیلۆنا كارێكیان دەكرد مایەی تێڕامان بوو، رۆژ لە دوای رۆژ ئەستێرەی بەختیان لە درەوشانەوەدا بوو، ئاستی بەرزیان لەو دوو یانەیە پێشكەش دەكرد، بۆیە زۆربەی یانەكانی دیكە هەوڵی راكێشان و ئیمزاكردنی بۆندیان لەگەڵ دەکردن، چونكە بە تێفكرین لەو ئاست و هونەرەی لەگەڵ تۆپدا پیشانیان دەدا، هەمووان وا تێ گەیشتبووین چێژی تۆپی پێ لە دوای میسی و كریستیانۆ، لە قاچەكانی ئەوانەوە درێژەی دەبێت.
عاشقانی تۆپی پێ دەزانن ئەو دوو یاریزانە لە یانەكانی چێڵسی و بارسیلۆنا لە چ ئاستێكی بەرزدابوون، بەڵام هەر بە رۆیشتنیان ئاستیان نەك دابەزی، بگرە خەریكە هەر لەناویش دەچن.
نێمار لە بارسیلۆنا خۆی بە حەریف و تەنانەت رکابەری میسی و بگرە زیاتریش دەزانی، بۆیە نەیدەویست لە بارسیلۆنا یاریزانی ژمارە دوو یان سێ بێت، لە راستیشدا ئاستە بەرزەكەی هی ئەوەبوو هەوڵی ئەوە بدات ببێتە یاریزانی ژمارە یەك نەک لەو یانەیە بگرە لە جیهانیشدا، بۆیە بریاری رۆیشتنی لەو یانەیە دا كە هەژموونی میسی تیایدا زاڵ بوو، بەرەو یانەی پاریس سان نجێرمان بەڕێكەوت، كاربەدەستانی یانەكەش وەك ئەوەی هەنگوینیان لە کلۆرەداردا دۆزیبێتەوە باوەشیان بۆ كردەوە و بۆندێكی زەبەلاحیشیان لەگەڵ ئیمزاكرد.
هەمووشمان دەزانین کە بە رەزامەندی یانە کەتەلۆنییەکە نەچووە پی ئێس جی، چونکە ئەوان رەزامەندییان بۆ رۆیشتن لەو یانەیە پیشان نەدا و ئامادە نەبوون دەست بەرداریی ببن، بۆیە پاش رەزامەندی نەیمار خۆی، یانە پارییسییەکە (کەسری عەقد)ی نەیماریان لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە شکاند کە بڕی 222 ملیۆن یۆرۆ بوو، کۆی بری (کەسری عەقد) و بۆندەکەی و موکافەئات و مووچەکەی لە نزیکەی 489 ملیۆن و نیو دەبووەوە .
ئیدین هازاردیش هەمان دۆخی نەیماری هەبوو، لە چێڵسی وەك كورد دەڵێت (ئاگری دەكردەوە)، خۆی و هاندەران و چاودێرانیش پێیان وابوو ئەگەر بێت و بچێتە یانەیەكی باشترو بەناوبانگتر، ئەوا هێندەی تر ئاستی لە  گەشانەوەدا دەبێت، باشترین شوێنیش بۆ ئەو خولیایەی هازارد یانەی ریاڵ مەدرید بوو، بۆیە ریاڵ مەدریدی هەڵبژارد، كاربەدەستانی ریاڵیش  زۆر  بەگەرمی  و  بەپەرۆشەوە باوەشیان بۆ ئەو كردەوە و بەرامبەر بڕی 130 ملیۆن یۆرۆ ئەم یاریزانەیان لە چێڵسی کڕی.
هەردوو یاریزان تموحی ئەوەیان هەبوو دەستكەوتە گشتی و كەسییەكان بچننەوە، بۆیە ئەو رێگەیەیان گرتە بەر، بەڵام وردە وردە سیحرەكەیان بەتاڵ بۆوە، ئاستیان بەجۆرێك دابەزی كە چیتر جێگەی ئومێدێكی وا گەورەنەبن كە گۆڕەپانی تۆپی پێ لە دوای میسی و رۆناڵدۆ كۆنتڕۆڵ بكەن، لەبری ئەوەی هازاردو نەیمار دەر بکەون و ببنە دوو ئەستێرەی جیهانی، كلیان مباپێ و چەندان ئەستێرەی دیكە دەركەوتن و چاوەكانی هەموولایەكیان بەلای خۆیاندا كێشا.
ئەوان لە یانەی نوێدا هیچ دەستكەوتێكیان نەبوو، ئەوەی هەشیان بوو وردە وردە بەرەو نەمان دەچێت، ئەوە نەیمار ئەمساڵ و ساڵی پاریش نەیتوانی جامی چامۆیۆنس لیگ لەگەڵ پاریسییەکان بەرز بکاتەوە،2022 لەگەڵ بەرازیل نەیتوانی جامی مۆندیالیش بەرز بکاتەوە، ئێستاش توشی پێکانێکی سەخت هاتووەو رەنگە ئەمساڵ نەتوانێت یاریش بکاتەوە.
ئەمە بۆ هازاردیش راستە، لە یانەی شاهانە نەک کەم یاریی دەکات، بگرە خەریکە ئەستێرەی بەختی دەکوژێتەوە، لە هیچ یارییەکی گرنگدا یاریی پێناکەن، تەنانت ئەنچیلۆتی لە یارییە ئاسانەکانیشدا بە یەدەگ ناوی نانوسێت، هەر بەڕاست ئەو دوو ئەستێرەیە بۆ وایان لێهات؟ ئایا دەكرێ پەندە كوردییەکە بەسەر ئەو دوو ئەستێرە بەلجیكی و بەرازیلییەدا جێبەجێ ببێت كە دەڵێت (بەرد لە جێی خۆی سەنگینە)؟.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان