بۆ ساڵیادی شەهید شێخ شەماڵی باخ

10:19 - 2022-04-19
ڕاپۆرت
737 جار خوێندراوەتەوە

شێخ دارا

39 ساڵ پێش ئێستا بوو، لەكاتێكدا هێشتا نەنكم فرمێسكەكانی وشك نەببوونەوە و دایكم و پورەكانم بەرگی رەشیان فڕێنەدابوو بۆ دكتۆر رێبازی قارەمانی زیندانی موسڵ. رۆژی 15/4/1983 رۆژێك بە رواڵەت بەهار، بەڵام رۆژێكی شووم بوو، هەر ئەو رۆژە لە بەیانییەوە بێ ئەوەی هەستبكەی ئاسمان لە پێشچاو تاریكبوو، نەتدەزانی بۆچی وایە!، زۆری نەبرد دەنگە دەنگ و مقۆمقۆ دروستبوو، هەواڵ گەیشت، ئای چ هەواڵێك!، جەرگبڕ و بەئازار هێندەی ئەو هەواڵەی ئێوارەیەك موختاری گەڕەك هەواڵی دوایین مواجەهەی دكتۆر رێبازی پێڕاگەیاندین تا بۆ دوایین ماڵئاوایی بچین بۆ زیندانی موسڵ.
ئەم جارە هەواڵ لە بناری كۆسرەتەوەیە و دای بە لووتكە، ئەویش بە قەندیلی جێ مەنزڵگەی ئەو و هاوڕێكانی لە مەفرەزە سەرەتاییەكانی وت: ئەو قارەمانەی دوای ئاشبەتاڵ و لەگەڵ هاوڕێكانی لای تۆ بوون و بۆ بەرگریی لە خاك و میللەتەكەی وازی لە هەموو خۆشییەكان هێنابوو، بەڵام بە فیتی داگیركەرانی كوردستان، شەهیدكرا.
بە قەراغ و دۆڵی سورداش و جافایەتی و شارباژێڕ و دۆڵ و لووتكەكانی باڵەكایەتی، وت: ئەوە كاك شەماڵ بوو شەهیدیان كرد، ئەو كە شەوانە لەگەڵ هاوڕێكانی دەیان گوند دەگەڕا تەنیا بۆ ئەوەی بە جەماوەری غەمباری دوای ئاشبەتاڵ بڵێن ئێستا شۆڕش بەردەوامە.
قامیشلوو و شام دایانە پڕمەی گریان و پێیوتن: دەك خەجاڵەتبن، بیرتانچوو كە ئەو بوو شەوانە سنووری چەندین دەوڵەتی داگیركەری دەبڕی لەپێناوی پەیداكردنی چەك و تەقەمەنی بۆ شۆڕش و پێشمەرگە، بەوانەشەوە كە نامەردانە دەستیان لە شەهیدكردنیدا هەبوو، رۆژانەش وەك دیپلۆماتێ ئەوكات كارەكانی رادەپەڕاند.
ئەو رۆژەی ئەو ئەستێرە درەوشاوەیە كوژایەوە، پێش ئەوەی بگاتە باداوان بە خەیاڵێكی گەورەوە رێگەی دەبڕی و نەخشەی دادەنا بۆ گرتنی مۆڵگەكانی دوژمن لە ناوچەکە و هەرگیز ئەوەی بە خەیاڵدا نەدەهات، كە كورد لوولەی تفەنگیان بكەنە ئەم، بەڵام ئەفسوس، نەیزانی ئەو گروپە لەژێر پەردەی ئاشتیدا دەستی لەرزۆكیان خستبووە سەر پیلكەی چەكەكانیان و كاك شەماڵ و سەرباز و سەعدی و كامەرانیان شەهیدكرد و رووڕەشیشیان بۆ خۆیان تۆماركرد.
شەهید شێخ شەماڵی باخ، ساڵی 1952 لە گوندی باخ لەدایكبووە، لە ناوەڕاستی شەستەكان بۆتە پێشمەرگە و بە ماوەیەكی كەم و بەلێهاتوویی خۆی وەك فەرماندەیەكی قارەمان دەركەوت و تا ئاشبەتاڵ بەردەوام بوو. لە مەفرەزە سەرەتاییەكانی شۆڕشی نوێدا جارێكی تر لێهاتوویی و زیرەكی دەركەوت، لە بوارەكانی سەربازی و سیاسی و رۆشنبیری سەركەوتووبوو، سەركردایەتی و بەشداریی دەیان داستانی كردووە تا كاتی شەهیدكردنی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان