زەویناس کێیە؟

10:05 - 2023-03-15
کەلتور
1113 جار خوێندراوەتەوە

د. ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین*


سەرەتا
ئەوەی هانیدام ئەم وتارە بنووسم، ئەوەبوو، کە لەم دوواییەدا (مانگی شوبات _ 2023) بەهۆکاری زنجیرە بومەلەرزەکانی باکووری کوردستان و تورکیا  و خۆرئاوای کوردستان و سوریا گەلێک پسپۆڕی بواری زانستەکانی زەوی (زەویناسەکان)  لەسەر شاشەکان و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دەرکەوتن و بە وردی و دروستی و زانستییانە لێکدانەوە و شیکارییان بۆ ڕووداوەکە کرد و تا ئێستاش رۆژانە چاوپێکەوتن لەگەڵ شارەزایانی ئەوبوارە بەردەوامە. پێم وایە پێویستە ئەم شیکارییانە بەردەوام بن و روونکردنەوە و رینماییەکان زۆر بە سوود دەبن بۆ دانیشتوانی کوردستان. زەویناسی، یان جیۆلۆجی زانستێکە تا ئاستێکی باش لەلای خەڵکی کوردستان ناسراوە و خۆشەویستییان بۆی هەیە، بەڵگەش ئەوەیە، کە  پسپۆڕ و شارەزای زۆر چالاک و بە توانا لەم ناوچەیەدا هەڵکەوتوون، تەنانەت هەندێکیان نەک تەنیا لە سەر ئاستی عیراق بەڵکو لەسەر ئاستی دونیاش ناسراون. لە زۆر شوێن و بڵاوکراوەی تردا ئاماژەم بە زانستەکە داوە و بەوردی لێکدانەوەمان بۆ کردووە و چەندین کتێب و فەرهەنگیش لەو بوارەدا نووسراوە، بۆیە ئەوەی مەبەستمە لەم وتارەدا ئەوەیە، کەسی پسپۆڕ و شارەزا لە بواری زەویناسیدا بناسێنم و روونیبکەمەوە کار و پیشەی چییە و چۆن کار دەکات! لەهەمان کاتدا بەرچاوروونییەک دەبێت بۆ قوتابیانی پۆلی دوازدە تا بزانن گرنگی زەویناسی چییە و زەویناس کێیە؟

چۆن دەبیت بە زەویناس؟
زەویناس، یان جیۆلۆجیست ( Geologist ) بەوکەسە دەوترێت خاوەن شارەزایی و بڕوانامە بێت لە یەکێک لە بوارەکانی تایبەت بە لێکۆڵینەوە و خوێندنی بابەتە پەیوەندیدارەکان بە هەسارەی زەوییەوە. ئەگەر وردتر قسە بکەین و تایبەت بە کوردستان، زەویناس بەو کەسە دەوترێت هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە و لە بەشێکی پسپۆڕ بە زەویناسی لە یەکێک لە زانکۆکانی جیهان وەریگرتووە. واتە زەویناس دەبێت دەرچووی زانکۆ بێت و بەشێکی تایبەت بە خوێندنی زانستەکانی زەوی تەواوکردبێت، بەگشتی ماوەی خوێندن چوار ساڵ، یان هەشت سیمیستەر پێویستە تا ئەوبڕوانامەیە بەدەستبیێنێت. لەماوەی خوێندندا، خویندکار (جارێکیتریش داواکارم و ئەگەر بکرێت وشەی قوتابی بۆ پێش زانکۆ و پەیمانگاکان بەکاربێت، وشەی خوێندکار بۆ زانکۆ و پەیمانگاو خوێندنی باڵا بەکار بێت) لەماوەی خوێندنەکەیدا کۆمەڵە زانست و زانیارییەک وەردەگرێت، بناغەیەکی باش دروستدەکات تا بتوانێت دوای تەواوکردنی زانکۆ کاری پێ بکات و خزمەتی وڵات و گەلەکەی بکات. ئەوەی جێگەی دڵخۆشی و شانازییە، بەشی زەویناسی سەرەڕای ئەوەی بنەما تیۆرییەکان بۆ خوێندکاران رووندەکاتەوە و پێشکەشیان دەکات، گرنگییەکی زۆریش بە کاری کێڵگەیی و پراکتیکی (کردەیی) دراوە و بگرە دەتوانین بڵێین لە زانکۆدا کەم بەش هەیە کاری کردەیی وەک بەشی زەویناسی جێبەجێبکات. هەفتانە گەشتی زانستی هەیە بۆ شاخ و دۆڵەکانی کوردستان هەر لە زاخۆوە تا گەرمیان، بێگومان بە گوێرەی بەرنامەیەکی داڕێژراوی بەش و بەڕەچاوکردنی ئاستی خوێندنی خوێندکارەکان. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بۆ هەر بابەتێکی تیۆری وانەی پراکتیک هەیە بۆ ماوەی سێ سەعات لە هەفتەیەکدا خوێندکار بە کردەیی و بەدەستی خۆی کارەکان و پڕۆژەکان دەکات. واتە خوێندن لەبەشەکانی زەویناسی لە کوردستان تەنیا وانەی تیۆری نییە و بەشێکی زۆری کاتی خوێندکار لە تاقیگەدایە، یان لە کێڵگە و شاخەکانی کوردستاندا زانیاری وەردەگرێت و کات بەسەر دەبات.

بۆچی زەویناسی گرنگە؟
کێمان هەیە هەسارەی زەوی خۆشنەوێت کە ماڵە شینەکەی هەموانە؟ باشە، ئایا کە شتێکت خۆشویست حەزناکەیت زانیاری دەربارە بزانیت و لە گشت وردەکارییەکانی سەرڕووی زەوی و ژێر زەوی شارەزابیت؟ کەواتە بۆ زیاتر تێگەیشتن لە بنەچە و پێکهاتن و ئەوکردارانەی بە سەر هەسارەکەماندا دەگوزەرێت پێویستمان بە زەویناس، یان جیۆلۆجیست هەیە تا روونکردنەوە و لێکدانەوەمان بۆ بەردەست بکات. زەویناسییە کە پسپۆڕە لە دۆزینەوە و دیاریکردنی سەرچاوەسروشتییەکانی، وەک ئاو و نەوت و گاز و مەعدەن و خامەکان و...هتد. زەویناسییە رۆڵی گرنگی هەیە لە تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی جۆری خاک و کەڤرەکان و بەرد و زۆربەی ئەو ماددانەی بۆ بیناسازی بەکاردێت. زانستەکانی زەوی پسپۆڕانی شارەزا بەرهەمدێنن، دەتوانن دروستبوون و پێکهاتەی شاخ و دۆڵەکان بخەنەڕوو و شیکاری بۆ بکەن و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن بۆ گڕکان و بومەلەرزە و دیاردە سروشتییەکانیتر بکەن، لەکاتی دروستکردنی بەنداو و تونێلدا رۆڵیان هەبێت و نەخشەسازی بۆ بکەن. زەویناسییە پێمان دەڵێت ئاوی ژێرزەوی لەکوێدا زۆرە و لە کوێدا نییە، پێمان دەڵێت و بۆمان ڕووندەکاتەوە چۆن و بۆچی پێویستە ژینگە بپارێزین، چۆن خاک بپارێزین. کاتێک ئادەمیزاد لە کردە زەویناسییەکان تێدەگات دەتوانێت پلانی بۆ دابنێت و ئامادەکاری بۆبکات و بەرچاوڕوونی دەبێت بۆ داهاتوو! ئەگەر زەویناسی نەبوایە نەمان دەتوانی خۆمان لە لافاو و ڕاماڵینی خاک و هەرەسهێنانی بەرد و چیاکان بپارێزین. پسپۆڕانی جیۆفیزیا بوون بەوردی و دروستی پشتێنە بومەلەرزەییەکان وناوچە مەترسیدارەکانیان لە جیهاندا دەستنیشانکرد. زەویناسەکانن لەڕێگەی پشکنین و لێکدانەوە و بەدواداچوونی بەبەردبووەکان تەمەنی زەوی دیاری دەکەن و چەندین لایەنیتری گرنگی ئەم زانستە وادەکات بەڕاستی زانستێکی کردەیی و بە سوود بێت بۆ کۆمەڵگە و بۆ مرۆڤایەتی. 

بوارەکانی زەویناسی کامانەن؟
کاتێک باسمان لە گرنگی زەویناسی کرد، بواری کارکردنی زانستی جیۆلۆجی، یان زەویناسی تا ئاستێک ئاشکرابوو، بەڵام دەکرێت کەمێک زیاتر تیشک بخەینە سەر بوارەکردەییەکانی زەویناسی. زەویناس دەتوانێت لە هەڵسەنگاندن و بڕیاردان لە پرۆژە گەورە نیشتمانییەکاندا ڕۆڵی هەبێت، وەک دروستکردنی ڕێگاوبان و تونێل و بەنداو و...هتد. هەروەها لە دیاریکردنی شوێنی بیرەکانی نەوت و گاز و ئاودا بڕیار بەدەستە و هەموو لایەک چاوڕێی بڕیاری زەویناسن. هەڵسەنگاندنی ماددەکان بۆ پیشەسازی چیمەنتۆ و خشت و گەچ و ئاسن و سیرامیک و چەندین بواریتر چاوەڕێی وتەی زەویناسن. کاتێک کار دێتە سەر دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی مەعدەنەکان هەر لە ساکارترین جۆرەوە تا زێڕ و ئەڵماس کاری زەویناسە و ئەو دەتوانێت قسەی یەکلاکەرەوەی هەبێت و بڕیاربدات. تەنانەت لە هەندێک لە زانکۆکانی جیهان، بەشی تایبەت بە زەویناسی هەسارەکان هەیە، کە بە وردی و لە ڕێگەی وێنەی مانگەدەستکردەکان  و ئەو نموونانەی لە سەر ڕووی مانگەوە هێنراونەتەوە بۆ سەر زەوی توێژینەوە دەکەن و بنەچەی کۆمەڵەی خۆر تاوتوێ دەکەن! 

سوودەکانی زەویناسی چیین؟

وەک ئاماژەدرا زەویناسی ئەو زانستەیە لە هەسارەکەمان دەکۆڵێتەوە و هەوڵدەدات سەرچاوە سروشتییەکانی زەوی بخاتە خزمەت مرۆڤەکان و لە پێناو خۆشبەختی و ژیانێکی پڕئارامی بۆ دانیشتووانی سەرزەوی تێدەکۆشێت. زەویناسی رۆڵی هەیە لە دیاریکردن و پشکنینی ئەو خاکەی کەوەر و سڵقی تێدا دەڕوێت، تا دیاریکردنی ئەو توخم و ماددانەی لەبەرگەهەوادا هەن و تا دیاریکردنی جۆر و پێکهاتەی بەردی سەرمانگ، واتە دروستە لە زەوی دەکۆڵێتەوە، بەڵام ئەوەشمان لەبیر بێت، هەر زەوییە گشت پێداویستییەکانی مرۆڤ دابین دەکات و زەویش خۆی بەشێکە لە کۆمەڵەی خۆر. کەواتە زەویناسی پەیوەندییەکی پتەوی بە کۆمەڵگەوە هەیە و ئاسانکاری باشی بۆ دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی بۆ مرۆڤەکان کردووە.

قوتابی پۆلی دوازدە چۆن دەگاتە بەشی زەویناسی؟
وەک لای هەمووان ئاشکرایە وەرگرتن لە بەشی جیۆلۆجی زانکۆکان لە رێگەی پرۆسەی زانکۆلاینەوە دەبێت، کاتێک قوتابی هەڵبژاردنەکانی خۆی دەنووسێت و پێشکەشی دەکات و ئەوکات بە گوێرەی نمرەکەی دەکرێت لەبەشی زەویناسی وەربگیرێت. بێگومان چەندین دەرچووی پۆلی دوازدەش هەیە خۆیان حەز و خولیایان بابەتی زەویناسییە، بۆیە بە تایبەت دێن بۆ بەشەکە و زۆر سەرکەوتووانە خوێندن تەواو دەکەن. پاش تەواوکردنی خوێندن ئەو کەسە دەبێتە خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زەویناسیدا. لە ئێستادا چەندین بەش لە زانکۆ ناحکومییەکاندا هەن بەشی نزیک لە زەویناسییان کردۆتەوە، بەڵام بە بڕوای من هیچیان وەک بەشەکانی زەویناسی ناو زانکۆ حکومییەکان پسپۆڕیان ورد نییە، یان بڵێین بابەتە پەیوەندیدارەکانی زەویناسی وەرناگرن. پاش تەواوکردنی خوێندنی بەرایی ( واتە بەکالۆریۆس)،  زەویناس دەتوانێت لەیەکێک لە فەرمانگە حکومییەکان، یان لە کەرتی تایبەت ( وەک کۆمپانیاکانی نەوت، چیمەنتۆ، خشت، ئاسن، گەچ و دەیان کۆمپانیای تر) پراکتیزەی پیشەکەی بکات و بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی دابین بکات. دەکرێت زەویناس بۆ دەستکەوتنی بڕوانامەی ماستەر هەوڵبدات و لە ماوەی دوو ساڵدا دەتوانێت وەریبگرێت، دوای ئەوەش ئەگەر زیاتر حەزی بە بوارێکی وردی زەویناسی بوو دەتوانێت دکتۆرا بخوێنێت، پاش وەرگرتنی بڕوانامەی دکتۆرا دەتوانێت زۆر بە ئاسانی کاری لە زانکۆکان، یان کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دەست بکەوێت. 

داهاتووی زەویناسی لە کوردستان چۆن دەبێت؟
بە بڕوای من زەویناس لە کوردستان وەک خاوەن پیشەیەک بۆ دەستکەوتنی کار و دابینکردنی سەرچاوەی بژێوی زۆر باشە و  لە ئەنجامی بەدواداچوون و پرسینەوە بۆمان دەرکەوتووە زۆرینەی دەرچوانی بەشی زەویناسی کار دەکەن! لەوانەیە هەندێک تووشی سەرسوڕمان بن! دروستە داتایەکی یەکلاکەرەوەمان لە لانییە، بەڵام بەندە وەک مامۆستایەکی بەشی جیۆلۆجی کە بۆ ماوەیەکی زۆرە کار دەکەم و چەندین زەویناسمان (لە خوێندکارانی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا) پێگەیاندووە و زانکۆیان تەواو کردووە، زۆریان دەبینم کاریان هەیە، ئیتر لە کەرتی حکومەتدا بێت یان کەرتی تایبەت. یەکێک لەو بوارانەی ئێستا زۆر پێویستە دەرچووی بەشەکانی زەویناسی بۆ دابنرێت، کەرتی پەروەردەیە، واتە زەویناس دەکرێت وەک مامۆستا کار بکات، چونکە بەسەیرکردنێکی خێرای پرۆگرامی خوێندنی قوتابیانی قۆناغی بنەڕەتی دەبینیت بەشێکی زۆر باش لە وانەی زانست بۆ پۆلەکانی حەوت و هەشت و نۆ بریتییە لە زەویناسی. ئەم بابەتە تا ئێستا لەلایەن کەسانی ناپسپۆڕەوە دەوترێتەوە و بەدڵنیاییەوە ناتوانن مافی تەواو بدەن بە پرۆسەی فێرکردنی قوتابیان! ژمارەیەکی کەمی زەویناسەکان هەن وەک  وانەبێژ کاردەکەن و ئەو بابەتانە دەڵێنەوە، بۆیە زۆر ئاسانە دەرچووانی بەشی زەویناسی کۆرسێکی خێرای دەروونناسی پەروەردەیی و رێگەکانی وانەوتنەوە وەربگرن و وەک مامۆستا لە قوتابخانە بنەڕەتییەکاندا دابمەزرێن.
لەبیرمان نەچێت هەروەک چۆن نەوت و گاز کاری باشی بۆکراوە و لە ئێستادا دەیان زەویناس لەوبوارەدا کار دەکەن، یەکەم دامەزراندنیان بەلایەنی کەمەوە لە یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینارەوە دەست پێدەکات، بەمزووانەش بواری کنە و پشکنین و گەڕان بە دوای مەعدەن و خامە ئابوورییەکان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن، ئەوەش هەلی کار بۆ دەیان زەویناسی تر دەڕەخسێنێت. بڕواتان بێت زەویناس بیەوێت کار بکات و سوور بێت لە بەدەستهێنانی ئیشێک زۆر بوار هەیە کاری تێدا بکات، دوور لەکەرتی حکومی، بەڵام زەویناس چاوڕێی حکومەت بکات و بیەوێت یەکسەر دابمەزرێت و کورسی و مێزی بۆ دابنرێت، بێگومان کاری دەست ناکەوێت!

پەراوێزەکان
1-ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین، 2013 ، بنەماکانی زەویناسی، زانکۆی سلێمانی،  چاپخانەی ئاکام، سلێمانی، 354ل.
2-ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین ،2011 ، فەرهەنگی زەویناسی (ئینگلیزی-کوردی)، زانکۆی سلێمانی، چاپخانەی پەیوەند، سلێمانی، کوردستان،  269ل.
3- ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین ،2023، فەرهەنگی جیۆکیمیای ئەندامی( ئینگلیزی-کوردی)، زانکۆی سلێمانی، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، کوردستان،  254ل.
4-ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین، 2016، زەویناسی و کۆمەڵ، دەزگای ئەندێشە، سلێمانی، 259ل.

*پڕۆفیسۆر لە بەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان