دۆخی بە ساڵاچوانی ئۆكرانیا لە سایەی جەنگدا

10:38 - 2022-04-19
ڕاپۆرت
917 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین، ئەڵمانیا

لقی ئۆكرانیای رێكخراوی Handicap international لە یاداشتێكیدا، داوای هاوكاری و پاراستنی گیانی ئەو ژن و پیاوە بە تەمەنانە دەكات، كە لە ئەنجامی جەنگی نێوان ئۆكرانیا ‌و روسیا لەبارودۆخێكی دژوار و نامرۆڤانەدا دەژین.
لە یاداشتەكەدا هاتووە، زۆربەی ئەو بەساڵاچوانە لە خانەكانی بە ساڵاچواندان و بەهۆی جەنگەوە لە بارێكی دەروونی و كۆمەڵایەتی و تەندروستی خراپدان ‌و لە ترسی دەنگی تۆپ و بۆمبارانەكان، زۆربەیان خۆیان خزاندۆتە ناو ژێرزەمینەكان و تەنانەت هەندێكیان خواردنیشیان كەمبۆتەوە.
رێكخراوە نێودەوڵەتییەكە ئاماژەی بەوەشداوە: زۆربەی ئەو بەساڵاچوانە لە ژیانیاندا سێ جەنگی گەورەیان بینیوە. یەكەمیان لە جەنگی جیهانی دووەمدا كە ئەوكات گەنج بوون ‌و كارەساتەكانیان لەبیرماوە و رووداوە تراژیدییەكان دەگێڕنەوە. جەنگی دووەمیش كە لە ساڵی 2014 لە هەرێمەكانی دۆنباس و لۆگانسك روویداوە، ژمارەیەكی زۆریان بوونەتە قوربانی، یان منداڵ و نەوە و كەسوكاریان لەدەستداوە. ئەو جەنگەی ئێستاش سێیەمینە كە لە دوای ساڵی 1945ەوە دووەم جەنگی گەورەیە و ئەو پیرانە نازانن بپەرژێنە سەر خۆیان یان منداڵ و نەوە و كەسوكاریان، ئەوان پێیان خۆش نییە وڵاتی خۆیان بەجێبهێڵن و ئاوارەی وڵاتانی تر ببن، ئەگەرچی بە وتەی خۆیان، هەموو رۆژێكیان مردنە و بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوكێ و برسێتی و نەهامەتیدا دەژین.
Handicap international تا ئێستا دەیان هەزار لەو پیر و پەككەوتانەی لە ناوچەكانی نزیك جەنگەوە گواستۆتەوە بۆ ناوچە ئارامەكان ‌و داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات، زوو خەمێك لەو بە تەمەنانە بخۆن و نەهێڵن ئیدی ئازاری جەنگ بچێژن.

سەرچاوە: رۆژنامەی Bild

#ئۆكرانیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان