نەهێشتنی بەخشین، بڕیارێک لە دەرەوەی پەروەردە و فێرکردندا

10:45 - 2023-03-16
ڕاپۆرت
559 جار خوێندراوەتەوە

خدر ئیبراهیم خدر*

ساڵانێکە لە پەنای ئەو گۆڕانکارییانەی کەرتی پەروەردە و فێرکردنی گرتۆتەوە، ژمارەیەک راسپاردە و بڕیار سەبارەت بە هێنانەکایەی میتۆد و شێوازێکی جیاواز لە رابردوو راگەیەندراون تاکو لە میانی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردندا پراکتیزە بکرێن و ببنە ئەلتەرناتیڤێکی ئەرێنی بۆ فەراهەمکردنی کەشێکی خوازراو تیایدا لەڕووی چۆنایەتییەوە ئەم پڕۆسە فێرکارییە زیاترلەوەی هەیە بەرەوپێش بچێت.
هەرچەندە هیچ کەسێک لاری لەوەنییە سوود لە میتۆد و شێواز و پرەنسیپە نوێیەکان وەربگیرێت لەکایەی فێرکردندا، بەوپێیەی زەروریەتی سەردەم وا دەخوازێت و ناکرێت پرۆسەیەکی گرنگ لە چوغزی رابردووی خۆیدا بە رەهایی قەتیس بکرێت، بەڵام بە سەرنجدان لە واقیعی پەروەردە و فێرکردن و بەدواداچوون بۆ ئەو بڕیار و راسپاردانەی لەو بوارەدا راگەیەنراون و پراکتیزەکراون دەبینین سەرجەم ئەو بڕیار و راسپاردانە بە ئاڕاستەیەکی خوازراودا نەڕۆیشتوون و لەڕووی چۆنایەتی پەروەردە و فێرکردنەوە نەیانتوانیوە فەزایەک بهێننەکایەوە تیایدا نیاز و پێداویستییە راستەقینەکانی فێرخواز و پرۆسەی خوێندن و میکانیزمەکانی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی رەنگبداتەوە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ وردنەبوونەوەی پێویست لە نیاز و پێداویستییە سەرەکییەکانی پرۆسە و فێرکردن، یاخود پەلەکردن لە راگەیاندنی بڕیار و راسپاردەکان، یاخود گواستنەوەیان لە ئەزموونی وڵاتانی تر بەبێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و زانستی کوردستان. 
بڕیارە ئەرێنییەکە
بڕیار و راسپاردە هەبووە پاش ئەوەی راگەیەندراوە و پراکتیزەکراوە لەڕووی مەعنەوی و پەروەردەیی و زانستییەوە سەرئێشەی بۆ کارگێڕی خوێندنگە و قوتابخانەکان و مامۆستایانی فێرکار و توێژی فێرخوازان دروستکردووە، لەکاتێکدا دەبوایە هەر بڕیار و راسپاردەیەک رادەگەیەنرێت، پێویستە ببێتە هاوکارێک بۆ قووڵکردنەوەی کردەی فێرکاری بە هەردوو دیوە زانستی و پەروەردەییەکەیدا.
بە هەمانشێوە بڕیار و راسپاردە هەبووە لەڕووی میکانیزمی پابەندبوونی فێرخواز بە رێساکانی خوێندنگە و دیسپلینەکانی ئامادەبوونی لە پۆل و چۆنایەتی پراکتیزەکردنی ئازادییەکانی لەناو حەرەمی خوێندنگەدا زیانی لێکەوتۆتەوە بەوهۆیەشەوە نەیتوانیوە بەشێوەیەکی ئەرێنی سوود بە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن بگەیەنێت.
لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە راسپاردە و بڕیارەکانی لەم ساڵانەی دوایدا لەو بوارەدا راگەیەنراون، شایستەی بە هەندگرتن و دەستخۆشی لێکردنن، بەوپێیەی لەڕووی زانستی و پەروەردەیی و فێرکارییەوە کاریگەری ئەرێنییان هەبووە لەسەر کەسێتی فێرخواز و پەروەردە و فێرکردن لە کوردستاندا، لەنموونەی دابەشکردنی پرۆگرامی خوێندن بەسەر دوو یەکەی لەیەک جیادا هەریەکێکیان تایبەت بێت بە وەرزێکی خوێندن و فێرخواز بەجیا بیانخوێنێت و تاقیکردنەوەیان تیادا بکات، هەروەها فراوانکردنی بازنەی هەڵسەنگاندنی رۆژانە لەڕووی پێدانی نمرە بە فێرخواز و دابەشکردنی ئەو نمرەیە بەسەر چەندین چالاکی جۆراجۆردا کە فێرخواز دەیکات، لەجێی ئەوەی تەنها لە کویزی رۆژانەدا کورت بکرێتەوە، لە هەمانکاتدا بەخشینی رۆڵێکی زیاتر بە فێرخواز لە دەربڕینی بیروڕاکانی لە پۆلدا و بەشداریکردنی کارای لە راڤەکردنی وانەکان و باسکردنی بابەتەکانی ناو پرۆگرامەکانی خوێندندا، نەک ئەوەی تەنها گوێگر و وەرگر و گوێ لەمست بێت بۆ فێرکار، بەلای زۆرینەی کاراکتەرەکانی کایەی پەروەردە و فێرکردنەوە راسپاردە و بڕیارگەلێکی جوانن و پۆزەتیڤن و دەتوانن رۆڵێکی بنیاتنەر ببینن لەئێستا و داهاتووی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردندا.
بڕیارێکی نەرێنی
لە هەمانکاتدا راسپاردە و بڕیارگەلێکیش هەن نەک هەر نەیاتوانیوە بە دیوێكی ئەرێنیدا کاریگەری لەسەر کەسێتی فێرخواز دابنێن بە تایبەتی و پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن بەگشتی، بەڵکو ئەنجامێکی نەرێنییان لێکەوتۆتەوە، لەوانە لابردن و هەڵوەشاندنەوەی رێسای پەڕینەوە و بەخشینی فێرخوازە لە وانەیەک یاخود سەرجەم وانەکانی لە ئەزموونەکانی کۆتایی ساڵدا.
بنەمای ئەو رێسایە لەسەر ئەوە بەندبوو ئەگەر فێرخوازێک لە تێکڕای کۆششی ساڵانەدا، لە وانەیەک لە وانەکانیدا، ئاستی نمرەی بگەیشتایە بە (90) نمرە یاخود لە سەروو ئەو نمرەیە، ئەوا لە تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ لەو وانەیە دەبەخشرا و راستەوخۆ بە دەرچوو دادەنرا لەو وانەیەدا، لە هەمانکاتدا ئەگەر ئەو فێرخوازە لە  تێکڕای کۆششی ساڵانەدا کۆی گشتی نمرەکانی بەسەر یەکەوە بگەیشتایە بە (85) نمرە یاخود سەرووتر لەو نمرەیە ئەوا لە سەرجەم وانەکانیدا لە تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ دەبەخشرا و راستەوخۆ لەو ساڵەی خوێندندا بە دەرچوو دادەنرا، ئەم رێسایە یارمەتیدەرێکی گەورەبوو بۆ فێرخواز تاکو زۆرتر لەوەی لێی چاوەڕێ دەکرا هەوڵبدات و بایەخ بە وانەکانی بدات، چونکە دەیزانی رێسایەک هەیە لە پڕۆسەی پەروەردەدا هەوڵ و ماندووبوونی بەهەند دەگرێت و لە کۆتاییدا پاداشتی زانستی و مەعنەوی دەداتەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کۆی فێرخوازانی تر دادەنا و وایدەکرد ئەوانیش هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ تاکو هەمان پاداشتی زانستی و مەعنەوی بەدەستبهێنن، جۆرێک لە کێبڕکێی پۆزەتیڤ دەهاتەکایەوە بەرزبوونەوەی ئاستی زانستی و پەروەردەیی و دەروونی فێرخوازی لێدەکەوتەوە.
لەبەرچاوگرتنی خوێندکاری زیرەک
لەکاتێکدا فێرخواز لە هەوڵێکی راستەقینەی خۆی بێبەش دەکرێت کە بەکردەیی کۆششی بۆ کردووە و لەڕووی زەینی و جەستەیییەوە کاتی بۆ تەرخانکردووە و رەنجی لەگەڵداوە، بەڵام مافی ئەوەی پێنادرێت بەهۆی بەرزی کۆتا نمرەکانییەوە بۆ قۆناغێکی تری خوێندن بپەڕێتەوە و لە تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵدا ببەخشرێت، لەبەرچی فێرخوازانی پۆلی یەکەم و دووەم و سێیەمی بنەڕەتی کە هێشتا لە قۆناغی بنەڕەتیدان و لەڕووی تەمەنی فیزیکی و ئاستی بیرو زەینەوە لە ئاستێکی سەرەتاییدان بە رێسایەک دەپەڕێنرێنەوە بۆ قۆناغێکی تری خوێندن و ئاستی زانستییان لەبەرچاو ناگیرێت، ئەگەر ئەمە بۆ ئەوەبێت تاکو لەڕووی دەروونییەوە منداڵ دڵخۆشبکرێت و خۆشەویستی بۆ قوتابخانە لە بیرو زەینیدا بچێنرێت، ئایا ئەم پێوەرە بۆ فێرخوازانی پۆلەکانی حەوتی بنەڕەتی تاکو یانزەی ئامادەیی بە هەمان شێوە راست دەرناچێت کە لە ئاستێکی بەرزتری خوێندندان و درک و تێگەیشتنیان زیاترە لە قوتابیانی پۆلەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمی بنەڕەتی؟
هەرچەندە لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەی لەم ساڵانەی دوایدا جێبەجێکراون لەڕووی رێسای نمرەکارییەوە، شتێک نەماوە لەژێر ناوی ( تێکڕای کۆششی ساڵانە ) دا، بەڵکو ئێستا پڕۆسەی خوێندن دابەشکراوە بەسەر دوو یەکەی جیالەیەک کە هەر یەکێکیان تایبەتە بە وەرزێکی خوێندن، بەڵام بەوپێیەی لە دواجاردا نمرەی کۆتایی هەردوو وەرز بەیەکەوە پەیوەست دەکرێتەوە و لە پڕۆسەی دەرچوونی فێرخوازدا لە کۆتایی ساڵی خوێندندا کۆمەک بە یەکتری دەکەن، کەواتە پسپۆڕان و شارەزایانی کەرتی پەروەردە و فێرکردن بە جۆرێک لە جۆرەکان دەتوانن میکانیزمێک بۆ پەڕینەوە و بەخشینی خوێندکاری زیرەک دابڕێژن و لەچوارچێوەی راسپاردە و بڕیارێکی نوێدا ئاڕاستەی قوتابخانە و خوێندنگەکانی بکەن، لەمەشدا دەکرێت نمرەیەکی تایبەت دەستنیشان بکرێت و لەبەرچاو بگیرێت.

* مامۆستا لە ئامادەیی هەژینی تێکەڵ لە قەڵادزێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان