ساڵیادی تاوانێک دەرهەق بە هەڵەبجە

12:33 - 2023-03-16
دووتوێ
198 جار خوێندراوەتەوە

عەتا تەها 

35 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تاوانێکی دڕندانەی نامرۆڤانەدا لەلایەن رژێمی دیکتاتۆری بەعسی لەناوچوو بەرامبەر بە گەلی کورد و هەڵەبجەی شەهیدی دەستە خوشکی سێسوێنان و گەرمەسێری جینۆسایدکراوی سوتماککراو ، 
ئەگەرچی وەرزی بەهار دەستپێکی ساڵی نوێی کوردییە و وەرزی چرۆکردنی دارو درەخت و بووژانەوەی سەرلەنوێی سروشت و سەردەرهێنانی گوڵ و گوڵزارە، هاوکات وەرزی پێکەنینی ژینگەیە بەدەم سروشتەوە، بەتایبەتیش سروشتی کوردستان و هەڵەبجەی شەهیدی شارەزوور، بەڵام رژێمی لەناوچوو کە هەرگیز چاوی بە وشەی کورد و کوردستاندا هەڵنەهاتووە، نەک هەر دوژمنی خەڵکەکەی بوو، بەڵکو قینی رەشی  لە سروشت و دیمەنی جوانی ناوچەکەش بووە و هەرگیز  چاوی پێیدا هەڵنەهاتووە، هەر لەو پێناوەشدا چەند جار هەوڵی وێرانکردنی ئەو شارە و بۆردومانکردنی بە چەکی قەدەغەکراو داوە، چۆن لە 26/4/1974 دا و لە بەهاری ئەو ساڵەدا بە چەکی ناپاڵم بۆردومانی کرد، لە ئازاری 1988یشدا دووبارەی کردەوە و ئەمجارە نەک هەر لە دژی خەڵکەکەی، بەڵکو ئەمجارە قینە رەشەکەی بە خەڵک و سروشت و ئاووهەوا وئاژەڵ و باڵند و  تەواوی ژینگەکەی رشت و وای شێواند کە هێشتاش لەدوای 35 ساڵ نە سروشتەکەی دۆخی ئاسایی وەرگرتۆتەوە، نە خەڵکەکەشی سەرەڕای ئەو قوربانیی و هەزاران شەهیدەی بەخشیویانە، لەڕووی تەندروستیی جەستەیی و دەروونیەوە دۆخیان ئاسایی بۆتەوە.
 خەڵکی کوردستان چەندین ساڵە تاوانی گەورەی بەرامبەر کراوە و دەکرێت و تاوانەکان لە ژمارە نایەن، بەڵام تاوانی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی و ژەهربارانکردنی هەڵەبجە لە بەرەبەیانی 16/3/1988 بووە ترۆپکی تاوانەکان لە دژی خەڵکی کوردستان لە دوای لێدانی هێرۆشیما و ناکازاکیی-ژاپۆنەوە بە بۆمبی ئەتۆمی. 
تاوانی خنکاندنی هەڵەبجە کە بە فەرمانی راستەوخۆی عەلی کیمیایی گۆڕبەگۆڕ و بە رێگەپێدانی راستەوخۆی لەلایەن سەدامی دیکتاتۆری لەناوچووەوە جێبەجێکرا، سەرەڕای ئەوەش کە هەڵەبجەییەکان چارەنووسی تاوانبارانی ئەو کۆمەڵکوژییەیان بە بێ حورمەتی لە زبڵدانی مێژوودا بینی و سەرەڕای ئەوەی حکومەتی نوێی عیراقیش بە رەسمی تاوانەکەی بە جینۆساید ناسی و شارەکەی کردە پارێزگای نۆزدەیەمی عیراق، بەڵام هێشتا لەڕووی مادیی و مەعنەوییەوە زۆر هەنگاو ماوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا بیکەن بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی هەڵەبجە، لەسەروو هەموویانەوە ساغکردنەوەی چارەنووسی قوربانیانی بێ ناونیشان و چارەسەرکردنی ئەوانەی هێشتا بەدەم ئازارە جەستەیی و دەروونییەکانی کارەساتەکەوە دەناڵێنن و قەدەر لەژیاندا هیشتوونێتەوە جا چ بە ناردنە دەرەوەیان بۆ چارەسەر، یان هێنانی پزیشک و نەخۆشخانە و ئامێری مۆدێرن بەمەبەستی چارەسەر و چاودێریی پزیشکیی بەردەوام بۆیان.
لەدوای ئەوەشەوە ئەرکی هەردوو حکومەتە کە لەڕووی مادییەوە قەرەبووی خانەوادەی شەهیدەکان بکەنەوە و لە هەموو بابەتەکانی دامەزراندن و خزمەتگوزاریی و...هتد دا خەڵکی هەڵەبجە مامەڵەی تایبەتیان لەگەڵدا بکرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان