دووفاقی نەوەی نوێ، فراكسیۆنەكانی هەڵدەوەرێنێت

02:31 - 2023-03-16
ڕاپۆرت
268 جار خوێندراوەتەوە

لەماوەی 6 ساڵی تەمەنیدا تائێستا چەند جارێك فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە هەولێر و بەغدا چەند لەت بووە و ژمارەیەكی دیكەش لە پەرلەمانتارەكانی وازیانهێناوە، ئەو پەرلەمانتارانەی وازیانهێناوە هۆكارەكەی بۆ «سیاسەتی ناڕوون و دووفاقی سەرۆكی جوڵانەوەكە دەگێڕ‌نەوە كە بە خواست و لە بەرژەوەندی خۆی سیاسەت دەكات و رێز لە دەنگدەران و بەڵێنی جوڵانەوەكەش ناگرێت».
پەرلەمانتارێك:  كۆیلەبوونمان قبوڵ نەكرد
ئەو پەرلەمانتارانەی لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، دەڵێن: «وەك پەرلەمانتارانی دەستلەكاركێشاوە، كۆیلەییمان لە نەوەی نوێ قبوڵ نەكردووە و سیاسەتی سەرۆكی جوڵانەوەكەش دووفاقییە؛ بەتایبەتی بەرامبەر بە هاووڵاتیان».
سیروان بابان ئەندامی جیابۆوە لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA دەڵێت: «ئێمە كۆیلەبوونمان قبوڵ نەكرد، بۆیە لە نەوەی نوێ نەماین و وەك پەرلەمانتاری سەربەخۆ ماینەوە». وتیشی: پێویستە پەرلەمانتار دەنگی خەڵك بگەیەنێت و پردی نێوان حكومەت و خەڵك بێت، كاتێك لەو ئەركەت رێگرییت لێدەكرێت، باشترە هەڵوێستت هەبێت و لە بەرەی خەڵك بمێنێتەوە، ئەمە هۆكاری سەرەكی پەرتبوونی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانە بۆ نەوەی نوێش ئەو وتەیە تەواو راستە و ئێمە لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ كۆیلەییمان قبوڵ نەكرد و جیابووینەوە.
درۆكردن لەگەڵ دەنگدەر، 
نەوەی نوێ پەرت دەكات
درۆكردن لەگەڵ دەنگدەرانی نەوەی نوێ لەلایەن سەرۆكی جوڵانەوەكەوە، بە هۆكاری سەرەكی پەرتبوونی فراكسیۆنەكانیان لە عیراق و هەرێمی كوردستان دەزانرێت.
شادی نەوزاد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بەPUKMEDIA ی وتووە: «كاتێك سەرۆكی حزبێك درۆ لەگەڵ خەڵك و دەنگدەرەكانی دەكات، فراكسیۆنەكەی پەرت دەبێت و هەڵدەوەرێت، كە نەوەی نوێ یەكێكە لەو حزبانەی لەگەڵ پەیڕەو و پرۆگرامی خۆی، كە لە هەڵبژاردندا بانگەشەی بۆ دەكرد، لایدابوو، هەر ئەوەش وایكرد كە فراكسیۆنەكەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و پەرلەمانی كوردستانیش پەرت ببێت و پەرلەمانتارەكانی هەڵوێست بنوێنن و جیاببنەوە».
دوو ساڵ دوای خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، فراكسیۆنی نەوەی نوێ پەرتبوو، سێ پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكە لە راگەیەنراوێكدا، «جیابوونەوەی خۆیان لە فراكسیۆنەكەیان لە پەرلەمانی كوردستان راگەیاند»، ئەوە جگەلەوەی دوو پەرلەمانتاری دیكە، كە یەكێكیان سەرۆكی فراكسیۆنەكە بوو، وازیان هێنا.
دیاری ئەنوەر، مەم بورهان قانع و سیروان بابان، پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان رۆژی 20/1/2020، لە راگەیەنراوێكدا ئەوەیان خستەڕوو كە «چەند مانگێكە بەهۆی بەلاڕ‌ێدابردنی فراكسیۆن و جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ لەلایەن سەرۆكی جوڵانەوەكەوە، هیچ پەیوەندییەكمان بە فراكسیۆن و جوڵانەوەكەوە نەماوە، وەكو پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی كوردستان دەمێنینەوە».
لە راگەیەندراوەكەیاندا، ئاماژە بەوەش كرابوو كە «ئێمە خەڵكانێكین، پارەی خەڵكمان نەخواردووە و پارەی حكومەتیشمان لانییە، بەڵكو پارەشمان لای حكومەتە و موزایەدەش بەسەر دەنگدەران و هاوپیشە و خەڵكانی غەدرلێكراوی كوردستانەوە ناكەین».
هەروەها لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیشدا فراكسیۆنی نەوەی نوێ، كە لە چوار كەس پێكهاتبوو، وازیان لە نەوەی نوێ هێنا و بەجیا فراكسیۆنی ئایندەیان راگەیاند.
تەمەنی حزبی پۆپۆلیستی 
كورت دەبێت
چاودێرێكی سیاسی، پەرتبوونی ئەندامانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە عیراق و كوردستاندا، بۆ بڕیاری تاكە كەس دەگەڕێنێتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: «حزبی پۆپۆلیستی تەمەنی كورت دەبێت و هەڵوەرینی لەماوەیەكی كەمدا ئاسان روودەدات».
جەمال ئارێز چاودێری سیاسی، لەبارەی هەڵوەرینی فراكسیۆنەكانی نەوەی نوێ، بۆ PUKMEDIA دەڵێت: «حزب یان جوڵانەوەی پۆپۆلیستی نەك هەر لە هەرێمی كوردستان یان عیراق، بەڵكو لە هەموو جیهاندا تەمەنی كورتە و خەڵك لەماوەیەكی كەمدا تێدەگەن كە ئامانجی ئەو حزبە تەنها بەرژەوەندیی شەخسییە، نەوەی نوێش وەك جوڵانەوەیەكی پۆپۆلیستی دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە و دەبینین هەر رۆژە و بەجۆرێك هەڵدەوەرێت». باسی لەوەشكرد كە «پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بە ئومێدەوە چوونەتەناو ئەو جوڵانەوەیەوە، بەڵام كاتێك دەبینن ئامانجی جوڵانەوەكە بەرژەوەندیی تایبەتە و بەرژەوەندیی گشتی تێدا جێی نابێتەوە، بەناچاری وازدەهێنن و دەبینین پاش ماوەیەكی كەم نوێنەرەكانیان لە پەرلەمان لە دژیان دەوەستنەوە و پەرت دەبن».
لەو تەمەنە كەمەی هەیەتی، نەوەی نوێ زۆرترین پەرتبوونی پەرلەمانیی بەخۆیەوە بینیوە، لە پەرلەمانی كوردستان لەكۆی 8 پەرلەمانتاری تەنها سێ ئەندامی لەگەڵ جوڵانەوەكەدا مانەوە، لە خولی پێشووی پەرلەمانی عیراقیشدا هەر چوار پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ جیابوونەوەی خۆیان لە جوڵانەوەكە راگەیاند.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان