رۆمانی ئارابخوێن كاتێ كەركوكییەك دەڵێ لێرە ناڕۆم

09:56 - 2023-03-19
کەلتور
396 جار خوێندراوەتەوە

رۆمانی ئارابخوێن كە تازەترین رۆمانی نووسەری گەنج و داهێنەر مەحمود نەجمەدینە، جارێكیتر پەیامی كوردستانیبوونی كەركوك دووپات دەكاتەوە، ئەو پەیامەی پێش هەموو كەسێك نەمامی ئەو باوەڕە لە دڵی هەموو كەركوكییەكدا و دواتر لە دڵی هەموو كوردێكدا دەچەقێنێت كە دەڵێ: «لێرە ناڕۆم».
بۆیە هەموو ئەوانەی عاشقی كەركوكن و باوەڕیان بە كوردستانیبوونی كەركوك هەیە و پێیان وایە كەركوك قودس یان دڵی كوردستانە، پێویستە ئارابخوێن بخوێننەوە. لەم رۆمانەدا لە زمانی سادەی كەركوكییەكانەوە سەرەڕای مەینەتییە یەك لەدوای یەكەكانی خەڵكی ئەم شارە خۆڕاگرە بە دەست ئەوانەوە كە چاویان لە نەوتەكەی بڕیوە و شارەكەیان خاپوور و خەڵكەكەیان بەشمەینەت كردووە، عەشقی راستەقینە بۆ كەركوك و كەركوكپەروەریی دووپات دەكرێتەوە. لێرەوە شەرم نییە كەركوكپەروەرەكان و تەنانەت نیشتمانپەروەرەكانیش لە رۆمانەكەی ئەم گەنجە كەركوكییەوە فێری عەشقی كەركوك و نیشتمان بن.
ئەوینی ئارابخوێن بۆ كەركوك، ئەوینێكی كوێرانەی رەگەزپەرستانە نییە، بەڵكو حەسرەت بۆ ئەو رۆژانە دەخوات كە پێش نەخشەی «تەعریب و تەهجیر و تەبیعس» چۆن خەڵكی ئەم شارە بە كورد و عەرەب و توركمانەوە وەكو براپێكەوە ژیاون و هەموو كەسی یەك بوون و ژن و ژنخوازییان كردووە. ئەوەتا گێڕەرەوە لە زمانی باوكییەوە دەڵێت: «جاران دنیاكە خۆش بی، خەڵك فەقیر بی، تەفرەقە نەوی. كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحی و جوولەكە گشتی وە یەكەوە بین، لە بازاڕا وە یەكەوە عەیشیان ئەكرد، هامشۆی یەكیان ئەكرد. ژن و ژنخوازییان ئەكرد، ئەو زەمانە دنیا زۆر خۆش بی، سیاسەت دنیای ناخۆش كرد. خەڵك ئەم زمانە گۆڕیاون، وەك جاران نەماون.ل29»
پاڵەوانەكەی نووسەر هەر بەوەشەوە ناوەستێت كە عاشقی كەركوك بێت و وەكو درەخت لەم شارەدا بچەقێت، ئاواتەخوازە لە كەركوكیش بمرێت: «وەختێ دەمرم دەچمە خزمەتی بینایی چاوان دەڵێم كەركووكیم، شاری خۆمە. ئەگەر بڵێ بۆ دۆزەخە، دەڵێم كەركووك گەرم ترین شوێنی دۆزەخە، فڕێم بدە ئەو ئاگرەی لەم شارەوە هەڵایساوە. ئەگەر بڵێ بڕۆ بۆ بەهەشت، دەڵێم لەم دنیا و لەو دنیا لە كەركووك خۆشتر نییە. بەهەشتی كوردانە. لێرە دەمرم، هەر لێرەوە بە شەمەندەفەری مەرگ بەرەو دیوانی بینایی چاوان دەڕۆم.ل31»
 پیرۆزبایی لە گەنجە بە ئەمەك و داهێنەرەكەی كەركوك مەحمود نەجمەدین دەكەم، كە لەم رۆمانەدا لە دڵێكی پاك و عەشقێكی راستەقینەوە چیرۆكی كەركوكمان بۆ دەگێڕێتەوە، داوا لە تۆی خوێنەریش دەكەم هەرچییەكت بەدەستەوەیە وازی لێ بێنەو دەست بكە بە خوێندنەوەی رۆمانی ئارابخوێن.
محەمەد کەریم

بابەتە پەیوەندیدارەکان