ئابووری و تۆپ کامیان یاریی بەوی تریان دەکات

11:06 - 2023-03-19
وەرزش
379 جار خوێندراوەتەوە

فەیسەڵ عەلی

زۆری ئەوانەی بەدیار ئەو تۆپە خڕەوە دادەنیشن، پرسیاری هەموو ئەو سەرمایەگوزاریی و پارەیە دەکەن، کە یانە وەرزشییەکان بۆی بەگەڕ دەخەن، ئەو پرسیارە بۆ حەپەسان دەگۆڕێت، کاتێک گوێبسیتی مامەڵەی گواستنەوەی یاریزانان و کرێ خەیاڵییەکانیان دەبین، هەروەها ئەو خەڵاتە جیهانیانەی وەریدەگرن، سەرباری هەموو ئەوانە، دووچاری سەرسوڕمان دەبیت کاتێک کێبڕکێی توندی نێوان دەوڵەتان بۆ میوانداریکردنی مۆندیال و کێبڕکێ وەزرشییەکانی تر دەبینیت ئەو دەوڵەتانە چ داهاتێک لە هەموو ئەو سەرمایەگوزارییە وەرزشییانە بە دەست دەهێنن؟ ئەو دەستهاتانە چۆن پەیدا دەبن؟ ئایا ئێمە لە بەردەم کێبڕکێی وەزرشی یان ئابووری و سیاسیی نێوان دەوڵەتانین، لە هەموو ئەمانە گرنگتریش، کێ براوەی یاری تۆپی پێیە؟ ئایا هەر بەتەنها یارییە و هیچیتر.

بە گەڕانەوە بۆ نزیککردنەوەی ئابووری لە کێبڕکێ وەرزشییەکان، دەردەکەوێت پێوەرەکانی قازانج و زیان ئەوەی کاری پێدەکرێت تێیپەڕاندووە، ئەوەی زانراوە تیم یان هەڵبژاردە کە توانی زۆرترین گۆڵ یان خاڵ بەدەست بهێنێت، ئەوە سەرکەوتووە

وەرزش وەک چالاکییەکی ئابووری
لەگەڵ دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی یاری تۆپی پێ لە جیهاندا، هەموو پرسەکە جگە لە کێبڕکێیەکی وەرزشی بە مەبەستی کات بەسەربردن و چێژ وەرگرتن هیچیتر نەبوو، تەنانەت ئەگەر پرسەکەش بە خەڵاتی هاندان یان هەندێک شایستەی داراییشەوە پەیوەست بووبێت، بەڵام ئەوە بایەخێکی ئەوتۆی نەبوو، ئەم رەوشە لەسەرەتای سەر هەڵدانی ئەم یارییەوە تا ساڵی ١٨٦٣ بەردەوام بوو، کاتێک ئابووری خزایە گەمەی نێو تۆپی پێ، دوای ئەوە تۆپی پێ وەک چالاکییەکی ئابووری تەماشا دەکرا، بەوەی بازاڕ و بودجە و تەمویل و رێکخستنی ئیداری تایبەت بەخۆی هەبوو.
لەگەڵ باڵادەستی سەرمایەداریی و هەژموونی بەسەر ئابووریی جیهاندا، وەرزش بە گشتی و بەتایبەتیش تۆپی پێ، بە زۆرێک لە بەهاکانی بەکاربردنی کۆمەڵگەی نوێوە پەیوەست بوو، تا بووبە بەشێکی دانەبڕاوی سووڕی ئابووری، بەوەی بووبە ژینگەیەکی بەفەڕی بانگەشە و بەدەرخستن، بە حوکمی ئەو جەماوەرییەی هەیەتی و توانای بە بازاڕخستنی بەرهەمەکانی و خوڵقاندنی شێوازێکی نوێی بەکاربردن، یاریزانانی تۆپی پێ لەم سەردەمەدا خاوەنی جۆرێکی نوێی هێزی نەرمن کە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر جەماوەر هەبێت و وای لێبکەن پەیڕەوی ژیانێکی تر بکەن وەک ئەوەی یاریزانان بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەمەیش کۆمپانیاکانی بانگەشە و پروپاگندە بە باشترین شێواز ئیستغلالیان کردووە.
واتە رۆڵی یاریزانی تۆپی پێ، چیتر بە دەرخستنی شارەزایی و تواناکانی تۆپی ناو یاریگاکان نییە بەتەنها، بەڵکو بۆ دەرخستنی توانای بە بازاڕخستنی تێدەپەڕێت، تا زۆرترین بڕی دەستهات بۆ ئەو دامەزراو و یانانەی نوێنەرایەتی دەکات، دەستەبەر بکات، ئەمەیش تاکە سەرچاوەی دەستهات نییە، مافی پەخشکردنی راستەوخۆی تەلەفزیۆنی و نرخی بلیتی یارییەکان، سەرباری ئەویش، هەندێک لە یانەکان و یاریزانەکانیان بوونەتە براندی گەشتیاری، هەموو ئەوانە قازانجی بێشومار دەکەن کە لە تێكڕای رێژەی هەڵئاوسانی جیهانی بەرزترە، ئەمەش ئەو هۆکارەمان بۆ شیدەکاتەوە، کە بۆ چی یاریزانانی تۆپی پێ ئەو کرێ زۆرە وەردەگرن.

پەیوەندیی نێوان ئابووری و وەرزش
دوای ئەو کورتەیە لەمەڕ میکانیزمی قازانج کردن لە سەرمایەگوزاریی بواری وەرزشی، سروشتی پەیوەندیی نێوان ئابووری و وەرزش دەردەکەوێت و لە کاریگەریی هەر یەکێکیان لەویتر تێدەگەین، کە دەشێ هەر یەکێکیان لەوی تری بکات، وەرزش بووەتە بەشێکی کارا و هاندەری ئابووری، ئابووریش بە رۆڵی خۆی پشت بە وەرزش دەبەستێت، بەوەی ئامرازێکی خوڵقاندنی بەهای زێدە و قازانج کردنە.
ئەوە کێبڕکێی نێوان دەوڵەتان بۆ گرتنەخۆی کێبڕکێ وەرزشییە جیهانییەکان روون دەکاتەوە، هەرچەندە ئەوەش خەرجیی حکومیی بۆ دامەزراندن و چاککردنەوەی ژێرخانی ئابووری و فەراهەمکردنی پێداویستییەکانی میوانداریکردنی ئەو رووداوە وەرزشییە زیاد دەکات، پرسەکە لێرەدا، پرسی وەبەرهێنانی درێژخایەنە بۆ دەوڵەتی میواندار، بەپێی زۆری ئەو توێژینەوانەی هەن، دەوڵەتی میواندار، چاوەڕێی دەستهاتی زۆر زیاترن لەو خەرجییەی کردوویانە و دەیکەن، هەر ئەمەشە دەبێتە هاندەری دەوڵەتان بۆ پێشکەشکردنی داخوازی رێکخستنی کێبڕکێ وەرزشییەکان.

تۆپی پێ سنوری یاریی زۆر تێپەڕاندووە
تۆپی پێ، ئەگەرچی یارییە، بەڵام سنوری یاری زۆر تێپەڕاندووە، تا بەوەی یاری بە ئابووری و سیاسەت دەکات و لەوانیشەوە یاری بە عەقڵ دەکات.
تەنها پاڵنەر و ئیعتباراتی ئابووری هانی دەوڵەتان نادات بۆ پێشکەشکردنی داوای گرتنەخۆی کێبڕکێ وەرزشییەکان و هەوڵدان بۆ رێکخستنی، بەڵکو ئیعتباراتی سیاسیش رۆڵی خۆی دەگێڕێت، چونکە کێبڕکێ وەرزشییەکان بوونەتە ئامرازی دەرخستنی پێگەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی دەوڵەتی میواندار، هەروەها ئامرازێک بۆ زیاتر دەرکەوتنی لەسەر شانۆی جیهانی، نیشاندانی دەوڵەت بەوەی یاریزانێکی نێودەوڵەتییە و پێگەی دیاری لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە، سەرباری هەموو ئەوانە، وەرزش سەرمایەیەکی سیاسییە، سەرکردەی دەوڵەتان لە کاتی پێویستدا پەنای بۆ دەبەن، هەموو ئەو ئەندیکەیتەر و پێدراوانە، پرسی رێکخستنی کێبڕکێ وەرزشییە جیهانییەکان، دوورتر لە ئاواتی ئابووری یان وەرزشی دەوڵەتانە، بۆ ئەوەی رەنگدانەوەی شێوەیەکیتری شێوەکانی ئاواتی سیاسی، بۆ ئەوەی وەرزش بخەنە خزمەت بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانەوە.
بە گەڕانەوە بۆ نزیککردنەوەی ئابووری لە کێبڕکێ وەرزشییەکان، دەردەکەوێت، پێوەرەکانی قازانج و زیان ئەوەی کاری پێدەکرێت تێیپەڕاندووە، ئەوەی زانراوە، تیم یان هەڵبژاردە کە توانی زۆرترین گۆڵ یان خاڵ بەدەست بهێنێت، ئەوە سەرکەوتووە، هەڵبژاردە کێبڕکێکارەکان و جەماوەری هاندەر، تەنها روویەکی جوانکردنی دیمەنە گشتییەکەیە و سەرنجی زۆر بەلای خۆیدا رائەکێشێت.

زۆرترین قازانج دەکەن
تۆپی پێ و کێبڕکێ وەرزشییەکانی تر، هەر جارە زنجیرەیەک براوە و سودمەندی راستەقینەمان بۆ دروست دەکات، جیاواز لەوەی کامیان زیاتر گۆڵیان کردوە یان قازانجی زیاتریان کردووە، ئەوانیش بریتین لە دامەزراوە و دەوڵەتان کە پشتیوانی ئەو کێبڕکێ و بۆنە وەرزشییانە دەکەن، یان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و دوور لە گۆڕەپانە سەوزەکە بەشدارییان کردووە، بەدەر لە هەڵبژاردەی براوە، دەوڵەتی رێکخەر و سەرکردایەتییە سیاسییەکەی، ئەو کۆمپانیایانەی تەمویلیان کردووە یان سەرمایەگوزارییان کردووە، بەبێ رکابەر زۆرترین قازانج دەکەن.
تۆپی پێ، ئەگەرچی یارییەکە، بەڵام یاری بە ئابووری و سیاسەت تا بە عەقل و هوشیاریی گەلانیشی دەکات.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان