لاساییكردنەوە بکوژی بەهرەکانە!

11:28 - 2023-03-19
کەلتور
376 جار خوێندراوەتەوە

جەواد حەیدەری

شارەزایانی بواری دەروونناسی لایان وایە لاساییكردنەوە لە بنەڕەتدا كوشتنی بەهرەیە و ئەو كەسانەی لاسایی دەكەنەوە لە راستیدا بەهرەی خۆیان دەكوژن. هێمن موكریانی سەبارەت بە لاساییكردنەوە دەڵێت: «لاساییكردنەوە وەك ئەوە وایە تۆ نانی خۆت ببەیت لەسەر سفرەی خەڵكی دیكە بیخۆی»، ئەمە یانی چی تۆ خۆت نانت هەبێت، بەڵام لەسەر سفرەی خۆت نەیخۆی و پەنا بۆ كەسێكی دیكە ببەیت. 

وەك خۆی نایڵینەوە
رووی قسەم دەكەمە ئەو كەسانەی ساڵانێكە گۆرانی هونەرمەندێكی تایبەت یان هی سەرجەم هونەرمەندانی دیكە دەڵێنەوە بەبێ ئەوەی هیچ نوێگەرییەك و داهێنانێكی نوێیان کردبێت. راستە بۆ ئەو كەسانەی تازە دێنە ناو بواری گۆرانی و موزیكی كوردی سەرەتا پێویستە بە لاساییكردنەوە دەست پێبكەن تا ئەو کاتەی رێچكە و شێوازی خۆیان دەدۆزنەوە، بەڵام ناكرێت هەر لەسەر سفری لاساییكردنەوە دابنیشن و بخۆن، بە بێ ئەوەی خۆیان هیچ داهێنان و نوێگەرییەك بكەن. هونەرمەند لە راستیدا دەبێت لە ناخیدا جەوهەری هونەری هەبێت و ناكرێت هەتا مردن گۆرانی ئەم و ئەو بڵێتەوە، بەبێ ئەوەی خۆی ئاواز و گۆرانییەكی تایبەت بە خۆی هەبێت، لەمەش خراپتر ئەوەیە هەندێك لە لاساییكەران بە خراپەش لاسایی هونەرمەندێكی دیكە دەكەنەوە و تەنانەت تێكست و میلۆدییەكەش دەشێوێن و وەك خۆی نایڵینەوە، لەمەش خراپتر ئەوەیە زۆرجار ئاماژە بەو هونەرمەندە ناكەن كە لێیان وەرگرتووە و ئەمەش بە شێوەیەك لە شێوەكان لە دزی هونەری دەچێت و ئەم کارەش پێچەوانەی ئاكار و رەوشت و ئەخلاقە. نابێ تۆ بەرهەمی خەڵكی بكەیت بە هی خۆت و ئاماژەی پێنەكەیت. 

لەوانەیە سەرەتا پێشوازییەكی لێبكرێت
هەر وەك لە سەرەوەش ئاماژەی پێكرا، سەرەتا لاساییكردنەوە بۆ دەستپێكردن خراپ نییە، بەڵام دەبێت کەسەکەش خۆی بەهرەی ئەوەی تێدا بێت هونەر و جوانی بخوڵقێنێت، ئەگینا ئەو هونەرە جێی خۆی ناگرێت و لەوانەیە سەرەتا پێشوازییەكی لێبكرێت، بەڵام دواتر لەبەر چاو دەكەوێت و بە شتێكی ناهونەری لە قەڵەم دەدرێت. چونكە هونەر بە گشتی و گۆرانی وتن بە تایبەتی پێویستی بە جەوهەر و بەهرە هەیە، ئەگەر کەسەکە ئەم بەهرەیەی تێدا نەبێت گەشە ناكات و دەبێتە كەسێكی لاساییكەرەوە، بەڵام ئەگەر كەسێك بەهرەی هەبێت و گەشە بە بەهرەی خۆی بدات و پاش خۆدۆزینەوە خۆ لە لاساییكردنەوە بدزێتەوە ناكەوێتە ناو بازنەی لاساییكردنەوە و بەهرەكانی نامرێت و دەتوانێت خۆی بێت، چونكە لە دواجاردا هونەر دەبێتە فەزیلەت نەك لاساییكردنەوە. هەر وەك چۆن ئەگەر ئەو کەسەی بۆ یەكەمجار لێوی بە خونچە شوبهاندبێت ئەوە داهێنانی كردووە و پاش ئەو هەر كەسێك لێوی بە خونچە شوبهاندبێت لە راستیدا لاساییكردۆتەوە و شتێكی ئەوتۆی نەخستۆتە سەر خەرمانی داهێنان، بۆیە هونەر لە زات و جەوهەری مرۆڤەوە سەرهەڵدەدات  و ئەگەر بەمشێوەیە نەبێت هونەرێكی ساختەی لێدەردەچێت و كورد وتەنی لەسەر دڵ نانیشێت و چێژی نابێت، چونكە دواجار كاری سەرەكی هونەر بە گشتی چێژبەخشینە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان