راپەڕینی كەركوك راوەستان بوو بەڕووی دیكتاتۆرییەتدا

09:56 - 2023-03-20
ڕاپۆرت
309 جار خوێندراوەتەوە
راپەڕینی کەرکوک ساڵی 1991

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد


راپەڕین بە هەموو بنەما و پەیڕەو و ئامانجەكانی لە هەرشوێنێك روودەدات، وەرچەرخانێكە لە گۆڕینی بنەما و حكومڕانی ئەو سیستمەی لە رابردوودا كاریان كردووە و كۆمەڵگەیان چەوساندۆتەوە.
راپەڕینی ساڵی 1991ی شاری كەركوك دەرهاویشتەی كۆمەڵێك هۆكاری ستراتیژی ‌و سیاسی ‌و سەربازی بوو، گەلی كورد دەمێك بوو خەباتی دەكرد لەپێناویدا و هەوڵیدەدا بۆ بەدەستهێنانی مافەڕەواكانی لە چوارچێوەی هەموو كوردستاندا.
راپەڕینی ئازادكردنی شاری كەركوك لەكاتێكی دیاریكراوی مێژووییدا و کردنەوەی ئاهەنگی نەورۆز، دووبارەبوونەوەی مێژووی ئەو سەركەوتنانە بوو لە نەورۆزدا روویانداوە.
بەرەی كوردستانی و پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەخشە رێگەیەكی تۆكمەیان داڕشت، راپەڕینی ئازادکردنی کەرکوک رۆژی 19 مانگ دەستی پێکرد و رۆژی 20 ئازاری ساڵی 1991 ئاگری نەوررۆز و سەرکەوتن لە شارەکەدا کرایەوە.

 ئیرادەیەكی بەهێز 
رەوەند مەلا مەحمود ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ‌و لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێكخستنی كەركوك و پێشمەرگەی دێرین وتی، راپەڕین شكۆی ئەو میللەتە بوو كە بەدرێژایی مێژوو لە عیراقدا تووشی چەوسانەوەی زۆر قورس بوو بوو، راپەڕین ئیرادەیەكی بەهێزی میللەتی كورد بوو هاوشانی بەرەی كوردستانی ‌و هێزەکانی پێشمەرگەی كوردستان کە بەرنامەیان بۆ داڕشتبوو، لە راپەڕیندا ئەوەش سەلمێنرا خاكی كوردستان خاكی كوردە و لێی زەوتكراوە.
وتیشی: رژێمی بەعس پێیوابوو ئەگەر سەرجەم شارەكانی عیراق ‌و كوردستان راپەڕینی تێدا بكرێت نابێت شاری كەركوك راپەڕینی تێدا بکرێت، راستە ئەو سەردەمە بەندە لەناو شاری كەركوك نەبووم، بەڵام زانیاریمان بۆ دەهات پێش راپەڕین بەشێكی زۆری گەنجانی كەركوك لەلایەن عەلی حەسەن مەجید دەستگیركراون، هەروەها كۆمەڵە گەنجێكیش لە گەڕەكی شۆڕیجە بە بەرچاوی دانیشتوانی ئەو گەڕەكەوە شەهیدكران بۆ ئەوەی بە خەڵك بڵێن ئەوەی راپەڕین بكات ئەنجامەكەی وەك ئەمان دەبێت، بەڵام ئیرادەی خەڵك ‌و جەماوەری كەركوك ‌و هێزی پێشمەرگە ئەم هەموو تەلیسمانەی تێكشكاند و بۆ هەموانی سەلماند هیچ گەلێك دەستبەرداری خاك ‌و نیشتمانیی خۆی نابێت.
رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێكخستنی كەركوك دەڵێت،   ئێستا لە دوای ئەو هەموو ساڵەی راپەڕین حكومڕانی كورد كەلێنی تێكەوتووە و نەیتوانیوە لە ئاستی پێداویستییەكانی خەڵكی كەركوك ‌و كوردستاندا بێت‌ ئەمەش بۆ خۆی كارێكی باش نییە و وایکردووە بەشێک لە هاووڵاتیان راپەڕین بە دەسکەوتن نەزانن، لە راستیدا ئەگەر راپەڕین خوێندنەوەیەكی واقیعیانەی بۆ بكرێت واتای زیندووكردنەوەی كوردە، چونكە ئەگەر بێت ‌و رۆژگاری پێش راپەڕین بهێنیتە پێش چاوی خۆت، (قەزایەك، ناحیەیەك، گوندێك ‌و كانیاوێك و..هتد) لەم كوردستانە نەمابوو هەر هەمووی خاپوركرابوون، بۆیە لە دوای راپەڕین ئەو هەموو شوێنانە ئازادكران ‌و خەڵكەكەی گەڕانەوە شوێنەكانی خۆیان ئەمەش دەستكەوتی راپەڕینە، بۆیە بەگشتی راپەڕین بنەمایەكی بەهێزی كوردایەتی ‌و شكۆی میللەتێك بوو شایەنی ئەوەیە هەموومان شانازی پێوە بكەین.

بەشداری هاووڵاتیان
حەمید محەمەد دانیشتووی گەڕەكی ئیسكانی شاری كەركوك بەشداری راپەڕینی ساڵی 1991 ی شارەکەی کردووە و دەڵێت، هەر ئەوەندەی گوێبیستی هاتنی هێزەكانی پێشمەرگە بووین لەگەڵ چەند هاوڕێیەكەم بەیانی 19 مانگ هێرشمان کردە سەر بارەگایەکی حزبی بەعس لە گەڕەکی ئیسکان كە ئێستا شوێنی كەناڵی ئاسمانیی كەركوكە، دەستمانكرد بە تەقەكردن ‌و دوای چەند سەعاتێک روبەڕوبوونەوە لەگەڵ بەعسییەكان ئازادکرا.
جومعە عەلی هاووڵاتییەکی ترە دانیشتووی گەڕەكی رەحیماوای كەركوك شایەتحاڵی راپەڕینەكە بووە وتی، بەرەبەیانی 19 لەسەر 20ی ساڵی 1991، بە پلانێكی تۆكمە لە سێ قۆڵەوە پەلاماری مۆڵگەكانی بەعس لە سنووری پردێ، قەرەهەنجیر، خالۆبازیانی درا و لە ماوەیەكی كەمدا لە قۆڵی قەرەهەنجیر و خاڵۆبازیانی گەیشتنە گەڕەكە كوردییەكانی شاری كەركوك، ئەوە بوو سەعات چواری بەیانی پۆلێك پێشمەرگەی تیپی 21ی كەركوك گەیشتنە ناو گەڕەكی رەحیماوا و خەڵكیش بەخۆشی ‌و شادییەوە چوون بەپیری پێشمەرگەكانەوە هەموو رێكخستنەكان چەكیان هەبوو لەگەڵ پێشمەرگەكاندا یەكەم شوێن كە ئازادکرا مونەزەمەی بەعس بوو لە گەڕەكی رەحیماوا و لە ماوەی چەند سەعاتێکدا تەواوی مونەزەمەكە دەستی بەسەردا گیرا و لە هەمانكاتدا هێرشكرایە سەر بنكەی پۆلیسی رەحیماوا و ئازادکرا.

راپەڕینی كەركوك بووە قوربانی ستراتیژی هاوپەیمانان
مەلا شاخی پێشمەرگەی دێرین دەڵێت، ئێمە وەك هێزی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆڵێكی بەرچاومان بینی لە پلان داڕشتنی رزگاركردنی كەركوك لەگەڵ لایەنەكانی تری بەرەی كوردستانی و توانیمان لە ماوەی چەند رۆژێكدا بەشێكی زۆری كەركوك و دەوروبەری رزگار بكەین و بتوانین ئەوە بۆ دوژمن بسەلمێنین هێزی پێشمەرگە دەتوانێت راپەڕین بەرپا بكات و رۆڵ ببینێت لە رزگاركردنی شوێنەكاندا.
وتیشی، هەرچەندە راپەڕینی ساڵی 1991 لە كەركوك سەدایەكی گەورەی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دروستکرد، بەڵام لەگەڵ خۆشیدا كۆمەڵێك ئاستەنگ و كەموكوڕی تێدابوو كەوتبووە چوارچێوەی ئەو بارودۆخەی ئەمریكا و هاوپەیمانەكان لە شەڕی رزگاركردنی كوەیتدا دایانڕشتبوو ئەمەش وایكرد راپەڕینی كەركوك ببێتە قوربانی ئەو تەكتیك و ستراتیژەی هاوپەیمانان دایانڕشتبوو.
ئازادکردنی شاری کەرکوک ماوەی نۆ رۆژی خایاند، دواتر رژێمی بەعس هێرشی پێچەوانەی دەستپێکرد و شارەکەی کۆنترۆڵ کردەوە، كەوتە كاولكاری ‌و تەعریب و روخاندنی گەڕەكە كوردییەكان تا روخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 بە دەستی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان