بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی ئێزدی (چوارشەممەی سوور)ەوە كە هاوكاتە لەگەڵ وەرزی بەهار و ژیانەوە و نوێبوونەوەدا، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاڕاستەی سەرجەم خوشك و برا ئێزدییەكانی كوردستان و عیراق و جیهان دەكەین.
هەر لەم بۆنەیەدا جارێكی تر رایدەگەیەنین بۆ رەوینەوەی ئازار و مەینەتییەكانی ئێزدییەكان، پێویستە پێش هەموو شتێك گشت هەوڵەكان كارابكرێن بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی لە شنگال و ناوچەكانی تر رفێنران چارەنووسیان ئاشكرابكرێت. هەروەها هەنگاوەكانی ئاوەدانكردنەوەی ئەو شارۆچكە و گوندانەی ئێزدییەكانی تێدا نیشتەجێبوون خێراتر بكرێت تاكو لەو ژیانە كولەمەرگی و نیمچە دەستبەسەری و ماف زەوتكردنە رزگاریان ببێت، ئەم ئەركەش لە ئەستۆی حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە كە جگە لە قەرەبووكردنەوەی دارایی بۆ ئەو زیانە ماڵییانەی بەریانكەوتووە، قەرەبووی مەعنەوییش بكرێنەوە، بەوەی بەشدارییان پێبكرێت لە ئیدارەدانی ناوچەكانی خۆیاندا، بەمانەش دەتوانین مەینەتییەكانی ئەو چەند ساڵەیان ساڕێژ بكەین.
لە كۆتاییدا هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە مایەی پتەوكردنی زیاتری گیانی پێكەوەژیانی نێوان ئێزدییەكان و گشت ئاینزاكانی تر لە عیراق و كوردستاندا.
مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان