قوتابخانەی فرانکفۆرت و تیۆری رەخنەگرانە

12:01 - 2023-03-27
کەلتور
1795 جار خوێندراوەتەوە

سیروان حەمەڕەشید

 ئاشکرایە قوتابخانەی فرانکفۆرت بە یەکێک لە قوتابخانە  فەلسەفی و  فیکریی و تیۆری  رەخنەیی     لە ئەنستیتوتی لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکانی خۆرئاوا  دادەنرێت،  کە لە ساڵی «1923»  دامەزرا.   قوتابخانەی فرانکفۆرت، لەسەر دەستی کۆمەڵێک فەیلەسوف و بیرمەندی  دیار و کاریگەری ئەڵمانیا دامەزراوە. 
دیاریترین ئەندامانی دامەزرێنەر 
قوتابخانەی فرانکفۆرت بە ئامانجی  سەرلەنوێ رەخنەگرتن  لە بونیاد و  خەوشە بنەڕەتییەکانی بیر و فەلسەفەی مارکسیزم و لیبڕالیزم و مۆدێرنە لەدایکبوو، کە دیاریترین ئەندامانی دامەزرێنەر بریتین :  لە  هۆرکهایمەر و ئادۆرنۆ و مارکۆزە و فرۆم  بنینامین و هابەرماس،  بە جۆرێک ئەمانە بوونە سەرچاوەی ئیلهابەخشی  کارەکانی قۆتابخانەکە.  
کتێبی  قوتابخانەی فرانکفۆرت لەلایەن سێ نووسەری  خۆرئاواوە نووسراوە هەر یەک لە(  فلینگ جویل، سۆرین ماتیسییی، پیتەر ڤدیل) لەلایەن وەرگێر (عوسمان حەمە رەشید گوروون)   لە سویدییەوە کراوە بەکوردی. ئەم کتێبەش هاوکاری خوێنەر دەکات، تاڕادەیەک زانیاری باشی لەبارەی ئەم قوتابخانە فیکریی و فەلسەفییەوە دەستبکەوێت.
بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت بە رەگەز جوو بوون
 وەرگێڕ لە پێشەکیدا دەڵێت: زۆربەی هەرە زۆری بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت بە رەگەز جوو  یان بن جوو بوون، ئاشکرایە بەشی ئەوان لە قەیران و نەهامەتییەکانی ئەو سەردەمە (- کورد ئاسا) چەند بارەی هاووڵاتییە ئاساییەکان بووە، هەربۆیە ئەوان زیاتر پەرۆش و عەوداڵی وەڵامی پرسیارەکان بوون.
 وەرگێڕ زیاتر لەسەر  کتێبەکە دەدوێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات و دەڵێت: ئەم کتێبە بەشێکە لە کتێبیکی قەبارە گەورەتر بەناوی (فەلسەفەی هاوچەرخ و فەیلەسوفەکان و رەوتە فەلسەفییەکان) کە بریتییە لە 821 لاپەڕە لەدوو بەرگدا لەلایەن دەزگای پەخشی(FORUM) ساڵی «1991» بە سویدی بڵاوکراوەتەوەو   بیری بنەڕەتی ئەنستیتوتەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، کە هۆرکهایمەر لە ساڵی 1931 دا، لەو وانانەی لە زانکۆ دەیگوتەوە،  بە ناونیشانی « رەوشی ئێستای فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و ئەرکەکانی»  شێوازێکی مەنهەجییان وەرگرت. 
   بەشی زۆری ئەو بیرمەندانەی لە فرانکفۆرت (جوو)بوون،  ناچارکران وڵات بەجێبهڵین  و گۆڤاری لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکان ساڵی دووەم لە ئەڵمانیا چاپکران. واتە بەهۆی سیاسەتی نازییەکانەوە گۆڤارەکە  لە تاراوگە و چەند وڵاتێک چاپ کرا، 27  ژمارەی لێ دەرچوو . 
دوو کتێبی گرنگ
لە ساڵانی 30یەکانی سەدەی رابردوودا ئەو بیرمەندانە بوونە فاکتەری ئەوەی ئەنستیتوتەکە، بگەیەننە پلەیەکی باڵا و ناوبانگ پەیدا بکات،  قوتابخانەی فرانکفۆرت  دوو کتێبی نایابی لە ئەمریکا بڵاوکردووە،  کە کتێبێکیان پڕۆژەیەکی سۆسیۆلۆژیی بوو کە خودی ئادۆڕنۆ سەرۆکایەتی دەکرد. بەناونیشانی« کەسایەتی دەسەڵاتخواز» بڵاوکرایەوە .
  کتێبی دووەم،  لە لایەن هەردوو بیرمەند «هۆرکهایمەر و ئادۆرنۆ»وە بەناوی « دیالێکتیکی رۆشنگەریی» نوسرا . 
کۆمەڵێک پرسیاری گرنگ
لەو روانگەیەوە دەتوانین ئەوە بڵێین کە قوتابخانەی فرانکفۆرت زیاتر لە کەسی ئادۆرنۆدا وەک ئایدیا بەرجەستە بوو.   هەروەها دیدگا و لێکۆڵینەوە و رەخنەکانی قوتابخانەکە لەسەر زانست ئەو گۆڕانکارییە  مێژووییە بوو کە لەم سەدەیەی دواییدا بەسەر زانستدا هاتووە، لەو نێوەندەدا پرسیارگەلی قووڵ و گرنگی کردووە، وەکو پرسیاری فەلسەفە چ پەیوەندییەکی لەگەڵ زانستدا هەیە؟ چەندان پرسیار و رەخنەگرتنی جۆراجۆری دیکە کە لە بونیادی فەلسەفەی مۆدێرن و مارکسیزم کراوە.
فەلسەفە تاکە رێگەیە
ئادۆرنۆ  پێیوایە، فەلسەفە تاکە رێگەیە کە ئێستا  شیاوی بەکارهێنانە،  واتە «تەنیا ئەو بیرە نەسازشکار و رەخنەگرییەیە، نە دەستبەرداری هۆشی خۆی دەبێ و نە هیچ هێزێک دەتوانێت  ملی پێکەچ بکات»
هۆرکهایمەر و ئادۆرنۆ دوو دووانەی لێکدانەبڕاو
 فەلسەفە و زانست و رەخنە لە پۆزەتیڤیزم و ئۆنتۆلۆژی، بنەمای بنەڕەتی فیکری بیرمەندانی  قوتابحانەی فرانکفۆرت بووە لە پێش هەموویانەوە هۆرکهایمەر و ئادۆرنۆ .   وەک ناوەندێکی مەعریفی و رەخنەگرانە تەنها لەسەر تیۆرە فیکریی و بابەتە فەلسەفەییەکان کاریان نەکردووە، بەڵکو کاریان لەسەر  خاڵی سەرەکی روانین بۆ زانست و ئەو گۆڕانکارییە مێژووییە کردووە، کە لەم سەدەیەی دواییدا بەسەر زانستدا هاتووە.  دواتر جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە چۆن  مرۆڤ بگاتە بەو راستییەی  پەیوەستی دەکاتەوە بە سەلمێنراوە زانستیەکان؟
فەلسەفە چ پەیوەندییەکی لەگەڵ زانستدا هەیە؟
«نووسەر دەڵێت: گەر مرۆڤ شتی راستی لە شتی هەڵە پێ چاکتر نەبێ، ئەوا زانست بێمانا دەبێت.  
لەو سۆنگەیە پرسیار لەوە دەکرێت فەلسەفە چ پەیوەندییەکی لەگەڵ زانستدا هەیە؟  بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەکە دەداتەوە و دەڵێت: کرۆکی فەلسەفه لە رەخنە و پێکەوەگرێدان یان ئەنجامگیری پێکدێت.
دیارە ئەمانە ئەو پێوەرانەن کە لە زانستەوە وەرگیراون، واتە بێ زانست فەلسەفە  نابێت، چ کەم و چ زۆر فەلسەفەش پەیوەستی بەو ئایدیا راستەقینەیەیە  کە لە زانستە پۆزەتیڤەکانەوە وەرگیراون.
لایەنێکی دیکەی  رووگەی رەخنەی زانستی لە قوتابخانەی فرانکفۆرتدا ،   تیۆری زانستییە بە پلەی یەکەم بریتییه لەو تیشکە رەخنەییەی ئاڕاستەی هەقیقەتە زانستییە تەنیاکان دەکرێن لە پەیوەندیاندا بەو گشتییەی لەناویاندان . بۆیە زیاتر لە تیۆری رەخنەگریدا شێوازێکی بیرکردنەوە دەخرێتەوە بەر باس و گفتوگۆ، کە پێیوایە ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە  بۆ ئایدیالیزمی ئەڵمانی  و سەردەمی کانت.  
دیالیتکتیکی رۆشنگەری
لە راستیدا ئەم کتێبە لەسەر  مێژوو و قۆناغ و وێستگەکانی کارکردنی قوتابخانە دەوەستێت و دێت بەچڕی نەخشە و کارەکانی دەخاتەڕوو.  بۆ نموونە پڕۆژەی (دیالیتکتیکی رۆشنگەری) هۆرکهایمەر و ئادۆرنۆ وەڵامی گەلێک پرسیارییان داوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا رۆڵ و جێدەستی  بیرمەندانی قوتابخانەکە هەر یەک لە (مارکۆزە، بینیامین، فرۆم و هابەرماس) بەهەند و بایەخەوە لێدەڕوانرێت . 
دوا قسە
دواجار  ئەوەی زۆر گرنگە لەسەر ئەم کتێبە و خودی قوتابخانەکە بیڵێین ئەوەیە،   پێویستە نووسەر و رۆشنبیر و توێژەری بابەتە فیکریی  مەعریفییەکە  و تێگەیشتنی قوڵ و هەمەلایەنەیان لەسەر ئەرک و پڕۆژە و کارەکانی قوتابخانەی فرانکفورت هەبێت، چونکە پێموایە بێ ئاگایی و نەزانین لەسەر ناوەندێکی تێۆری رەخنەیی مێژوویی و ئێجگار گرنگی وەک قوتابخانەی فرانکفۆرت، ناتەواوە و کورت دەهێنت و هەر  رەخنە و باس و لێکۆلێنەوەیەک لەسەر  رۆشنگەری و مۆدێرنە و مارکسیزم   پڕ دەبێت لە کەموکوڕی و خەوشی گەورە و ناڕۆشنی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان