ئامادەكردنی: تابلۆ
ساڵەح نەجار یەكێكە لەو ناوە شێوەكارییانەی كە لە باشوری كوردستان بە گرنگییەوە ناوی دێت و ئەزموونە جیاوازەكانی لەچوارچێوەی پیشانگەكانیدا بەردەوام جێی سەرنج و گفتووگۆی شێوەكاران و دەزگاكانی راگەیاندن بووە، هەربۆیە هەر لەو سەرەتایەی كە هێەكانی دەكێشاو بە رەنگە ساردو گەرمەكان ئاشنابوو، ئەو ئەو سەرەتایەی لەسەر دەستی هونەرمەندە بە ئەزموونەكانی عیراق بووەو بۆ خۆشی سەبارەت بەو ئەزموونەی خۆی دەڵێت (هونەر پەیامێك و زمانێكی هاوبەشە... سەرەتاكانی كاركردنم لە خانەقینەوە دەستپێكرد، من بەردەوام هەستمكردووە) سەرەتاكانی هونەرمەند لە بینی ئهو گۆڤارە وێنەدارانەوە دەستیپێكردو ئارەزووی كێشانی نیگاركێشان لەلای درووست دەبێت، كە برا گەورەكەی ئەو گۆڤارانەی بۆ دەهێنایەوەو رەنگە جیاوازەكانی ناو نیگارەكان هۆكار بوون بۆ ئەوەی دەست بكات بە نیگاركێشان و دووبارە كێشانەوەی ئەو وێنانەی كە لەناو گۆڤارەكاندا چاپ و بڵاوكرابوونەوە، قۆناغێكی تر گەشەكردنی نیگاركێشان بۆ ئەو هاندان و بەردەوام بوونەی بۆ هونەرمەندی شێوەكار (سەباج محیدین زەهاوی) كە ئامۆزای بووە دەگەڕێتەوە كە دواتر لەدرێژەی هاندانەكانیدا هونەرمەند دەچێتە پەیمانگەی مامۆستایان بەشی پەروەردەی هونەریی و ئیتر لەوێوە هونەر دەبێتە بەشێكی گرنگی ژیانی.
ئیتر لەو قۆناغەوە ئاوێتەی شێوەكارە كوردو عیراقییەكان بووە، ئەزموونەكانیان رێگا رۆشنكەرەوەیەك بوو تا بتوانێت داهاتوویەك و تایبەتمەندییەك بۆ خۆی بنیاد بنێت، هەروەها بەردەوام لەناو هۆڵی پیشانگەكانی ناو بەغدا ئاشنابوونێكی بۆ درووستكرد كە پێشتر نەیبینی بوو، دواتر كە یەكەم پیشانگەی تایبەتی لەناو شاری خانەقین و دواتریش شاری بەغدا دەكاتەوەو لەناو دەفتەری پیشانگەكەدا مامۆستاو هاندەرەكەی شێوەكار (سەباح محیدین زهاوی) دەنووسێت (ساڵەح قۆناغی ترسی تێپەڕاندو لە پایتەختدا پیشانگەی تایبەتی كردەوە)، بوونی ئەو ئامادەكاریانە هۆكاربوون بۆ ئەوەی لە ساڵی 1992دا ببێتە ئەندامی كۆمەڵەی شێوەكارانی عێراق و دواتریش ئەندامی نەقابەی هونەرمەندانی عێراقی كە بوونی وەكو بەشدارییەكی بە ئەزموون لەناو پیشانگە هاوبەشەكانی ناو ڤیستیڤاڵەكانی واستی و بابل درەوشانەوەی پێ دەبەخشی.
هونەرمەند لە دیدارێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی (المدی)دا دەڵێت (ئەزموونی من تەواكەری ئەزموونی شێوەكارەكانی ترە، وەكو ئیسماعیل خەیات، بورهان سابیر، هەروەها كاریگەرییەكانی شەڕو ئەو كاولكاریانەی كە بەرهەمی هێناوە لەناو تابلۆكانمدا بەدی دەكەیت، لەرێگای هێڵ و رەنگەكانەوە، رەنگە غەمبارەكان و ئازارەكان یەكێكن لە سیماكانی ناو تابلۆكانم، ئەو سیمایانەی كە بە ماندووێتی و ژیانێكی پڕ لە كێشەی تێدا بەسەربردووە، بەتایبەت لەناو میللەتەكەم كە گۆڕی بەكۆمەڵیان لێ درووستكردوون، هەڵمەتەكانی ئەنفال، هەروەها گەلی عیراقیش بەهەمان مەینەتیدا تێپەڕیوون)
بوونی كەسایەتی ژن لەناو تابلۆكانی (ساڵەح نەجار) بەردەوامییەكی هەمیشەییە، هەربۆیە دەڵێت (ژن بەشێكی سەرەكی ناو تابلۆكانمە، لەهەموو قۆناغەكانی تەمەنی هونەریمدا هەر تابلۆیەك كە كێشاوومە بەپێی بابەتەكان نیوەیان ژن بوون، یان ژن خاوەنی بیرۆكەی كێشانی تابلۆكە بووە)، هونەرمەند سەبارەت بە چۆنێتی كاری هونەری لەو بڕوایەدا بووە كە هەموو كارێك ئەگەر تابلۆیە، یان پەیكەر، یان سیرامیك، پەیوەستە بەچەند بنەمایەكەوە لەوانە ماتریاڵ، هێڵكاری، رەنگ و ..هتد كە هۆكارێكە بۆ دەربڕینی ناخی هونەرمەندەكە ئەگەر رێبازێك بووبێتە هۆكاری ئەو دەربڕینە، هەربۆیە نیگاركێشان زمانێكی پەیوەندیییە لە نێوان ئینسانەكان هەر لەسەردەمی ئەشكەوتەكانەوە تا ئەم سەردەمە كە ناوی لێنراوە سەردەمی شارستانییەت، هەمووشمان ئەوە بەدی دەكەین لە كاریگەری هونەر لەسەر ئینسانییەت چەندە گەورەیە، ئەگەر بڕوانینە كەنیسەو مزگەوتەكان لەسەر شێوەی زەخرەفەو خۆشنووسی ، هەربۆیە ناتوانین بڵێن هونەر پردی پەیوەندی مرۆژەكان نییە، لەگەڵ ئەوەی بیرووباوەڕەكانیش جیاوازبن، هەربۆیە هونەر ئەو زمانە زیندووە دەمێنێتەوە كە دەتوانێت هەموو مرۆڤایەتی كۆبكاتەوە.
بیۆگرافی ساڵەح نەجار
- 1968 لە خانەقین لەدایكبووە.
- 1980 یەكەم پیشانگەی تایبەتی لە هۆڵی كتێبخانەی گشتی خانەقین.
- 1991 دووەمین پیشانگەی تایبەتی هۆڵی التحریر.
- 1997 پیشانگەی سێیەمی تایبەت لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیریی عمان.
- 2006 چوارەمین پیشانگەی تایبەتی لە هۆڵی لاوان- خانەقین.
-2010 پێنجەمین پیشانگەی تایبەتی لەهۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی.
- 2010 شەشەمین پیشانگەی تایبەتی لە قشڵەی كەركوك.
-2012 حەوتەمین یشانگەی تایبەتی لە سەنتەری رۆشنبیریی سەلام لە خانەقین.
- 2015 هەشتەكین پیشانگەی تایبەتی لە خانەقین.
- چەندین خەڵاتی رێزلێنانی لە ناوەوەو دەرەوەی كوردستان پێ بەخشراوە.