نرخی نەوت و بەھای دۆلار پەرلەمانتارانی نیگەران کردووە

11:53 - 2023-04-01
عیراق
407 جار خوێندراوەتەوە

لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق نرخی دیاریکراوی نەوت و بەھای دۆلار لە پڕۆژەیاسای بودجەدا نیگەرانی دروستکردووە، پەرلەمانتاران ترسیان ھەیە دابەزینی زیاتری نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا قەبارەی کورتھێنان لە بودجەدا زیاتر بکات.
زوھرە بیجاری، پەرلەمانتاری چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، دیاریکردنی 70 دۆلار بۆ نرخی بەرمیلێک نەوت لە پڕۆژەیاسای بودجەدا زۆرێک لە پەرلەمانتارانی نیگەران کردووە، ھیچ گەرەنتییەک نییە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا نەیەتە خوار ئەو نرخەی لە بودجەدا دیاریکراوە، لەبەرئەوە پێویستە ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە بەھای دۆلاریش لە بودجەدا کە سەد دۆلار بە 132 ھەزار دینار دیاریکراوە لە ئێستادا جیاوازە لە بەھاکەی لە بازاڕدا ئەوەش جێی نیگەرانییە و پێویستە ئەو بابەتە گفتوگۆی لەسەر بکرێت و چارەسەر بکرێت.
زوھرە بیجاری، ئاماژەی بە نیگەرانییەکی تر لە پڕۆژەیاسای بودجە دا و رایگەیاند، پەرلەمانتاران دژی ئامادەکردنی بودجەن بۆ ماوەی سێ ساڵ، چۆن بودجە بۆ سێ ساڵ تێپەڕێنن لە کاتێکدا بەھای نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە، پێویستە ئەو تێگەیشتنە دابڕێژنەوە و پاشان ھەنگاو بنێن بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە.

#نەوت

بابەتە پەیوەندیدارەکان