ئه‌گه‌ر هونه‌ری گۆرانی راقی له شاری هه‌ولێر باس بكه‌ین، بێگومان پشكی شێر به‌ر هونه‌رمه‌ندێكی شیك و ده‌نگخۆش ده‌كه‌وێت، كه ئه‌ویش فوئاد ئه‌حمه‌ده.
فوئاد ئه‌حمه‌د، هونەرمەندێكی سەركەوتووبوو، كاتێك له شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن له عیراق به‌ڤیدیۆی (ره‌نگاو ره‌نگ)ده‌ركه‌وت و ئه‌مه جگه له‌وه‌ی پێشتر چه‌ند گۆرانییه‌كی بۆ ئێزگه‌ی كوردی به‌غدا تۆمار كردبوو.
ئه‌و زاته، له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای هونه‌ری هه‌ولێر به‌سه‌رپه‌رشتی میوزیكژه‌ن رزگار خۆشناو چه‌ندین گۆرانی بۆ ئێزگه‌ی كوردی تۆماركرد و له‌وه‌وه ده‌نگی به هه‌موو لایه‌ك ئاشنابوو.
فوئاد ئه‌حمه‌د، له هه‌موو شوێنێك گۆرانی نه‌ده‌وت، به‌ڵكو وه‌كو چۆن هونه‌ره‌كه‌ی راقی بوو، به‌هه‌مان شێوه له ئاهه‌نگ و شوێنی راقی گۆرانی ده‌وت... ئه‌هلی هه‌ولێر هه‌میشه به ده‌نگه‌كه‌ی سه‌رسام بوون و هه‌ر ئاهه‌نگێك له حه‌فتاكان و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو، فوئاد ئه‌حمه‌د گۆرانی تێدا بوتایه، خێزانێكی زۆری شاره‌كه روویان تێده‌كرد، ته‌نانه‌ت ئه‌و حه‌فلانه‌ی له نادی عومال له هه‌ولێر سازی ده‌كردن، نه بلیت ده‌ما، نه كورسییه‌ك به تاڵ ده‌مایه‌وه.
ئه‌و هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه، خاوه‌نی رێچكه‌و ده‌نگی خۆی بوو ، بۆیه ده‌نگی له كه‌س نه‌ده‌چوو له خۆی نه‌بێت... ته‌نیا گۆرانیبێژی هه‌ولێر و ته‌نانه‌ت كوردستانیشه كه زۆرترین گۆرانی له ئێزگه و ته‌له‌فزیۆنی ئه‌و كاته تۆماركردبێت، به‌جۆرێك زیاتر له 100 گۆرانی له ئێزگه‌ی كوردی به‌غداو 50 گۆرانیشی بۆ ته‌له‌فزیۆن تۆمار كردووه.
فوئاد ئه‌حمه‌د، له خێزانێكی خانه‌دان له گوندی عه‌وێنه‌ی سه‌ر به هه‌ولێر له دایكبووه و له عه‌شیره‌تی (نانه‌كه‌لی)ین و دایكیشی خه‌ڵكی گوندی عەواڵانی شاری سلێمانی بوو. باوكی نازناوی ئه‌حمه‌د ته‌بیب یان به‌یتاری هه‌بووه، چونكه یه‌كێك بووه له‌و كه‌سانه‌ی هاوكاری زۆری خه‌ڵكی كردووه له چاكردنه‌وه‌ی شكاویی و ده‌رمانی گیای كورده‌واری.
ئه‌گه‌ر بڕیاره نازناوی (گۆرانیبێژی قه‌ڵاو مناره) بدرێت به یه‌كێك، ئه‌وه من بێ شكم، كه فوئاد ئه‌حمه‌د موسته‌حه‌قی ئه‌م نازناوه‌یه، چونكه زیاد له نیو سه‌ده خزمه‌تی ره‌وتی هونه‌ری ره‌سه‌ن و راقی هه‌ولێری كرد و یه‌كه‌م گۆرانیشی به ناوی (گیانی شیرین) له دوای 14ی ته‌مموزی ساڵی 1958 له ئێزگه‌ی كوردی له به‌غدا تۆماركرد كه شیعری (مه‌دحه‌ت بێخه‌و) بوو. هه‌رچه‌نده ده‌ڵێن یه‌كه‌م سرودی به‌ناوی نه‌ورۆز له ساڵی 1955 تۆماركردووه.
به‌ر له 60 ساڵ، یه‌كێك له سروده به‌ناوبانگه‌كان كه بۆ پێشمه‌رگه وتراوه هی فوئاد ئه‌حمه‌ده به ناوی (ئێمه پێشمه‌رگه‌ین هه‌تا ماوین له‌ژین، نیشتمان ئازاد ده‌كه‌ین له‌خوێن مژین)، كه بۆ شۆڕشی كوردی وتووه.
فوئاد ئه‌حمه‌د، له ره‌وتی هونه‌ریی خۆیدا، هه‌وراز و نشێوی زۆر دیوه، به تایبه‌ت له هه‌ندێك وێستگه بازدانی زۆری كردووه له هونه‌ره‌كه‌ی، به تایبه‌ت كاتێك گۆرانی (ئه‌میره‌كه‌م) و (زێنه‌بێ وه‌ی زێنه‌بێ)ی له ته‌له‌فزیۆن به ره‌نگاو ره‌نگی تۆماركرد‌و بوو به جوانترین ڤیدیۆ كلیپی ئه‌و سه‌رده‌مه، كه له‌گه‌ڵ كچێكی شۆخ تۆماری كردووه‌و به‌مه‌ش بازدانێكی زۆری به هونه‌ره‌كه‌ی خۆیدا، به شێوه‌یه‌ك (ئه‌میره‌كه‌م) وه‌كو ناسنامه‌ی هه‌ولێرییه‌كانی لێهات كه ده‌یانوت شاری هه‌ولێر، له‌گه‌ڵیا ده‌یانوت ئه‌وه‌ی گۆرانی (ئه‌میره‌كه‌م)یان هه‌یه.
مه‌ریوان مه‌سعود