جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ژنێكی كورد كاندید دەكات بۆ باڵیۆزی وڵاتەكەی لە میسر كە نۆ زمان دەزانێت و پێشتریش چوار ساڵ باڵیۆزی ئەمریكا بووە لە بولگاریا.
هێرۆ مستەفای تەمەن 50 ساڵ، كە لە دایكبووی شاری هەولێرە، كاندیدی سەرۆكی ئەمریكایە بۆ باڵیۆزی میسر و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە.
كاندیدەكەی بایدن پێشتر باڵیۆزی بولگاریا بووە
بە گوێرەی راگەیەندراوێكی كۆشكی سپی كە 29/3/2023 بڵاویكردەوە، هێرۆ مستەفا كاندیدی سەرۆكی ئەمریكایە بۆ ئەو پۆستە دیپلۆماسییە و دەڵێت، "خاتوو هێرۆ مستەفا كەسێكی خاوەن ئەزموونە و پێشتریش باڵیۆزی ئەمریكا بووە لە بولگاریا لە ساڵی 2019 تا 2023 و هەروەها لە عیراق، پورتوگال، هیندستان، لوبنان و یۆنان لە بواری باڵای دیپلۆماسیی جۆراوجۆردا ئەركی پێدراوە و كاریكردووە".
دەشڵێت، "كاندیدەكەی سەرۆكی ئەمریكا ، زمانەكانی كوردی و ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی، توركی، یۆنانی، پۆرتوگالی و ئیسپانی دەزانێت و خەڵاتی "ماتیڵدا سینكلێری" تایبەت بەزمانی پێ بەخشراوە".
ئەنجومەنی پیران دوا بڕیار لەسەر هێرۆ دەدات
هێرۆ مستەفا ساڵی 1975 لە شاری هەولێر لە دایكبووە و تەمەنی یەك ساڵ بووە كە لەگەڵ خێزانەكەیدا لە ساڵی 1976 چۆتە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و بۆتە خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە كۆلێژی خزمەتی سیاسەتی دەرەوە لە زانكۆی جۆرج تاون و لە زانكۆی پریستن-یش بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە.
كۆشكی سپی لە بارەی لێهاتوویی ئەم خاتوونە كوردەوە دەڵێت، "دامەزراوەی كارینگی ساڵی 2021 هێرۆ مستەفای خەڵاتكردووە وەک یەكێك لە سەركەوتووترینەكانی ناو ئەوانەی كۆچیان بۆ ئەمریكا كردووە"، بۆ ئەوەی هێرۆ مستەفا ببێتە باڵیۆزی ئەمریكا لە میسر، پێویستە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا، كاندیدەكەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ ئەو پۆستە دیپلۆماسیە پەسەند بكات.
هێرۆ مستەفا لە ئۆكتۆبەری 2019 تا ئازاری 2023 وەك باڵیۆزی ئەمریكا لە كۆماری بولگاریا كاری كردووە كە لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووتری ئەمریكاوە كاندید كرابوو، ئێستاش لە لایەن جۆ بایدنەوە كاندیكراوە بۆ ئەو پۆستە دیپلۆماسییە.
سەرچاوە: كۆشكی سپی، PUKMEDIA