سلێمانی چاوەڕوانە

10:28 - 2023-04-03
وەرزش
344 جار خوێندراوەتەوە

 یارییەكانی خولی پلە یەكی یانەكانی كوردستان كۆتاییانهات و رۆژی 14 ی ئەم مانگە دوا هەفتەی یارییەكانی بەڕێوەچوون.
ئەو رۆژە یارییەكانی هەفتەی 19 كران كە یارییەكانی دوا هەفتەی خولەكە بوون، لە ئەنجامی سەرجەم یارییەكانی ئەو هەفتەیەوە ئەوە ئاشكرا بوو كە تیپی یانەی هەولێر بوو بە پاڵەوانی ئەمساڵی ئەو خولە و رانیەش دووەمی خولەكەبوو، بەمەش هەردوو یانەکەش بۆ خولی نایابی وەرزی داهاتوو سەركەوتن و دەبنە دوو میوانی نوێی وەرزی داهاتووی خولەكە.
تیپی یانەی سلێمانیش پلەی سێیەمی گرت، هەرچەندە لەگەڵ یانەی رانیەی دووەم هەمان كۆی خاڵیان هەیەو هەریەكەیان خاوەنی 31 خاڵن، بەڵام لەبەر بردنەوەی رانیە لەسلێمانی پلەی دووەمی بۆ رانیەو پلەی سێیەمی بۆ سلێمانی بوو.
ئێستا تیپی یانەی سلێمانی سێیەم لە چاوەڕوانی ئەوەدایە تیپی 15 یەمینی خولی نایابی كوردستان دەربكەوێت تا سلێمانی و ئەو تیپە لە پلەی ئۆفی خولی نایابی كوردستاندا رووبەڕووی یەكتر ببنەوەو براوە لەپلەی ئۆفەوە بگاتە خولی نایابی یانەكانی كوردستان.
لە هەفتەی كۆتایی خولی پلەیەكی كوردستاندا دیارترین ئەنجامەكان بردنەوەی هەولێری یەكەم بوو لە یاریگای خۆیدا 3-0 لە تیپی زانكۆی جیهان، رانیەی دووەمیش لە یاریگای خۆیدا 1-1 لەگەڵ سێمێل یەكسان بوو، سلێمانی سێیەمیش بەهەمان شێوە لە یاریگای خۆیدا بردنەوەیەكی گەورەی تۆمار كردو 5-1 لە تیپی یانەی بازیانی بردەوە.

ریزبەندیی یەكەم تا پێنجەمی خولەكە
-1هەولێر (17یا)(9-7-1) (34خاڵ).
-2رانیە (17یا)  (9-4-4) (31 خاڵ).
-3سلێمانی (17یا)(8-7-2) (31خاڵ).
-4رزگاری (17یا) (8-6-3) (30خاڵ).
-5شۆرجە (17یا) (6-8-3)(26خاڵ).
بەپێی مەردجەكانی ئەم خولە، یەكەم و دووەم راستەوخۆ بۆ خولی نایابی وەرزی ئایندە سەردەكەون، ئەوانیش هەولێر و رانیە بوون، هەرچی تیپی سێیەمی خولەكەیە لەگەڵ دواتیپی ریزبەندیی خولی نایاب(15 یەمینی خولەكە) كە رەنگە یەكێك لە یانەكانی زاخۆ یان دهۆك بێت لەپلەی ئۆفی خولی نایابدا یاریی دەكەن و براوەكەیان دەگاتە خولی نایاب.
لە خولی نایابدا پاش 24 هەفتە لە یارییەكانی خولەكە، دهۆك و زاخۆ بە 19 خاڵ دوا تیپی ریزبەندین و لە پلەكانی 14 یەم و 15 یەمدان، پێش ئەمانیش چەمچەماڵ دێت كەلە پلەی 13 یەمینی ریزبەندیدایە و ئەم خاوەنی 25 خاڵە، دەربەندیخانیش 12 یەمینی ریزبەندییەو یەك خاڵ لە پێش چەمچەماڵەوەیە.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان