پاسپۆرت

02:10 - 2023-04-06
ئەدەب و هونەر
286 جار خوێندراوەتەوە

دیب ئۆلین ئونفێرت*

لە ژووری ئوتێلەكە لەگەڵ باقی شتەكانی تریدا لێیان دزیبوو. لەوانەیە لە ژووری ئوتوتێلەكەش نەبووبێت، لەناو شەمەندەفەرەكەدا لە خۆیان دزی بێت. رەنگە لە شەمەندەفەرەكەشدا نەبووبێت، لە سندوقەكە داخراوەكەدا یان لە جانتاكەی. لەوانەیە لە هۆڵەكە یان لەسەر قادرمەكان لێیان دزی بێت. رەنگە هەر بەدەستی نەگەیشتبێت، ناچار بووە وەكو سەگێك كە ونی كردووە بانگی بكات. یان لەوانەیە پاسپۆرتێكی هەبووبێت و یەك ساڵ لای مابێتەوە، هەموو مانگی نۆڤەمبەرێك تازەی كردبێتەوە تا دە ساڵ. یان چەندان سەعات لە هۆڵی ترانزێت دانیشتبێت و گرتبێتی بە دەستییەوە.
لەوانەشە ویستبێتی پاسپۆرتێكی هەبێت، بەڵام نەیبووە، بەڵكو ونی كردووە یان ون دەبوو. لەوانەیە هەر لە بێخەوە نەیبووبێت، یان نزیك بووە لەوەی هەیبێت، یان كەسێك هەیبووە، كەسێك كە سەر و سیمای لەو چووە، یان یەكێك وەكو ئەو بیریكردۆتەوە. ناكا دابێتی بە بێگانەیەك، یان نەیدابێتێ، یان سوێند دەخوات نەیداوەتێ. یان لەسەر پردێك وەستاوە و لە دەستی كەوتۆتە خوارەوە و كەوتۆتە ئاوەوە. چونكە نەیدەویست بگەڕێتەوە بۆ نیشتمانی خۆی. لەبەرئەوەی وابیری دەكردەوە نیشتمانی هەمان شوێنە. لەوە خراپتر دەیەویست ببێت بەچی؟ كاغەزی شینی تەوالێت، بە ئاماژەی دەست پێی بڵێن بڕۆ. یان ئەوەی لەگەڵ باقی ئەمریكاییە غەوارەكاندا بە سوێند  وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە. یان ئەوەی سوێند بخوات كە ماوەی پاسپۆرتەكەی زیاتر بووە، پێویستی بە شایەت نەبوو، دەیوت هەتا ئێستا وەرینەگرتووە، بە كەسی نەفرۆشتووە، مافی هەبوونی پاسپۆرتی لێ نەسەنراوە، نەیشاردۆتەوە یان تەسلیمی كەسی نەكردووە، بە خواو ئەولیا سوێندی دەخوارد، وەكو ئەو گێل و گەمژانەی سوێند بە خشڵی خۆیان دەخۆن، بە شەرەفی سوێندی دەخوارد بە دەنگی لەرزۆكی مرۆڤ شكستی هێناوە، بە لێوەلەرزە و چاوانی روو لە ئاسمانەوە و ئەو خاچەی كە دەیكێشا و بە مێشكی ساف و ئامێری درۆوە، خانم دەیەوێت سوێند بخوات. نەیداوە بە سربی و چیكی و نایجیری و هایتی و ئەرجەنتینییەكان. ئەگەر سلفادۆرییەكان هەیانبێت ئیشی ئەم نییە. نەیداوە بەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش.
پێشوازی لێدەكەن و خوێندنەکەی دەچێت بە ئاسماندا. یان ئەوەی لە جێگایەكی گەرم و شێدار و غەمگین لەبن دارێكدا كە گەڵاكانی وەكو بەری دەست تەڕە لە شانی پیاوێكەوە دانیشتووە كە جگەرەی پەڕە سیغاری بەدەمەوەیە و دەڵێت نیگەران مەبە. ئەگەر زۆر بێتاقەتە، پاسپۆرتێكی ئەمریكایی نەخێر مەكسیكی بۆ پەیدا دەكات كە ئەمیان باشترە. پێنج هەزار دۆلاری تێدەچێت و ناویشی دەچێتە سیستمەوە. هەموو دنیا مەكسیكییەكانیان خۆش دەوێت. ئاخری دانەیەكی دەستدەكەوێت، بەڵام مۆری ڤیزەی كوبای هەیە. خەتای خۆی نییە، بەڵام بەشتێكی وا ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەمریكا.
یان ناتوانێت رێزی كەسێكی وەكو جۆن ڤین هەبێت لە رڤیو... كە كەشتییەكەی لەنگەری گرتبوو پێیان دەگوت، تەكسییەك بگرە، پاشان پاس، دواتر پاسێكی تر و پاشان سواری بەلەمێك بە و بچۆرە پێشەوە و بڵێ: هەركەسێ بمبات بۆ ئەوبەرەوە هەرچی بوێ دەیدەمێ. لەوێ لە ناوەڕاستی قوڕ و لیتە و لەبەر خۆر بەرەڵام مەكەن. كارێك مەكەن دووبارە لێرە بڕۆم بە كەلەپچەوە بگەڕێمەوە وەكو جولەكەی سەرگەردان ئاوارەی بیابان بم.
ئەوراقە مۆركراوەكانی و ئەمە و ئەوەی سەفەرە خۆشەكەی. درەنگ یان زوو پیاوێكی قات لەبەر پێی دەڵێت: پاسپۆرەتەكەتم دەدەیتێ؟  یان خۆی لە ریزەكەدا دەڵێت، كوا پاسپۆرتەكەم كوا؟ یان دەستدەكات بە جانتاكەیدا، یان ئاوڕدەداتەوە سەر عەردەكە دەگەڕێت. یان نەخێر. یان بە سەروسیمای غەریبەیەكەوە سەیری ئەو پیاوە دەكات كە دەست بە دوگمەی ریكۆردەرەكەدا دەنێت و دەڵێت: زۆر باشە لە سەرەتاوە دەستپێدەكەینەوە. پاسپۆرتەكەت چی لێكرد؟ 
*دیب ئۆلین ئونفێرت: نووسەرێكی ئەمریكییە و تەمەنی پەنجاو پێنج ساڵە.
لە فارسییەوە: محەمەد کەریم
سەرچاوە: از زبان دیگران
و/فارسی/ اسداللە امرایی

بابەتە پەیوەندیدارەکان