جامانە سۆمەرییەكان دایانهێناوە و نەخەشەكانی تەلیسمن

08:09 - 2022-04-21
کەلتور
1633 جار خوێندراوەتەوە

 تارا شێخ عوسمان 

رەنگە زۆر كەس بپرسێت كێ یەكەم جار جامانەی دروستی كردووە و چۆن بووەتە كولتور و دابو نەریتی عیراق و بەشێكی زۆری وڵاتانی ناوچەكە؟
جامانە لە وڵاتی میزۆپۆتامیاوە سەریهەڵداوە و سۆمەرییەكان یەكەمین كەس بوون كە جامانەیان داهێناوە، سەرەتاش ئەو پارچە قوماشە لە لایەن كاهین و پیاوە ئاینییەوەكانەوە بەكارهاتووە كە بریتی بووە لە پارچە قوماشێكی سپی ئاودامان دواتر تۆرێكی لە خوری بزن دروستكراوی كراوە بەسەردا، ئەم جۆرە پۆشاكەش زیاتر لە وەرزی بەهاردا بەكارهێنراوە  وەك نیشانەیەك بۆ وەرزی پیت و فەڕو زۆربوونی ئاو و سامانی ماسی،  بەم جۆرە قوماشەش وتراوە (اش- ماغ) یان (اش- ساخ).

سەرپۆشی مەزن
 شوێنەوارناسان و پسپۆڕانی مێژوویی  ئاماژە بەوە دەدەن كە ئەم دوو بڕگەیە لە فەرهەنگی زمانی سۆمەرییەكاندا بە مانای سەرپۆشی مەزن دێت،  واتە سەرپۆشی سەری پیاوە ئاینییە گەورەكان. دواتر پاشاكانیش ئەو پارچە قوماشەیان داوە بە سەریاندا كە دیارترینیان پاشا (كودیا) (2146- 2122 پ.ز)ە و ئێستاش پەیكەرەكانی لە هەردوو مۆزەخانەی لۆڤر و كۆبنهاگنی دانیمارك ماون  كە  یەكێك لەو پارچە قوماشانەی بەسەرەوەیە و ئەوەش یەكێكە لە بەڵگە مێژووییە گرنگەكان  و گەواهیدەری ئەو راستییەیە.
وەك مێژوو نووسان دەڵێن رەنگە لەسەر كردنی ئەو سەرپۆشە زۆر گرنگ بووبێت لەو كاتەدا، چونكە ئەوەی بەكاریهێناوە هێزی دونیایی و ئاینی پێكەوە گرێداوە و پاشان پاشاكانیش كردویانەتە سەریان، دواتریش بوەتە باو و جگە لە دەستەبژێرەكانی كۆمەلگەكانی ئەو كاتە بووەتە بابەتێكی میللی و لە ناو وڵاتی میزۆپۆتامیاو و تەنانەت درەوەیدا  بڵاو بووەتەوە. بەم شێوەیە یەشماغی سۆمەریی هەزاران ساڵ بەردەوام بووە تا دەگاتە ئەمرۆ، هەرچەندە زۆر كەس پێیان وایە كە وشەی یەشماغ وشەیەكی توركی بێت، بەڵام دكتۆری پڕۆفیسۆر حسەین عەلی مەحفوز شارەزا لە مێژووی خۆرهەڵاتی ناوەراست دەڵێت: وشەی یەشماغ توركی نییە، بەڵكو توركەكان  لە زاراوە سۆمەرییەكەوە وەریانگرتووە و هەندێك گۆڕانكارییان بەسەردا هێناوە و كردوویانەتە (یاشماق) و بۆ ئەو پەچەیە بەكاریانهێناوە كە لەسەردەمی عوسمانییەكاندا ژنان رووی خۆیان پێ داپۆشیوە.

شێوازی دیزاین
ئەوەی جێگەی سەرنجە هەر چەندە یاشماغ یان جامانە چەندین گۆرانكاریی بەسەر شێوازی دیزاین و رەنگەكانیدا هاتووە، بەڵام هێشتا هەندێك لە بنەما سۆمەرییەكان بە نەخشەكانییەوە دیارە كە وەك تەلیسمن و شێوەی ماسی ورد و شەپۆل و تۆری ماسی تێدایە، كە لە كاتی سۆمەرییەكاندا وەك ئەفسونێك بوون بۆ دەركردنی رۆحە شەرەنگێزەكان.
مێژوونووسان دەڵێن، هەر ئەو (اش- ماغ)یە لە وڵاتی سۆمەرییەكانەوە سنوری بڕیوە و بە تێپەربوونی كات گەیشتووەتە وڵاتانی كەنداو ئوردن و فەلەستینیش، لەو ناوچانە جگە لەوەی پیاوە گەورەكانی خێڵ لەسەریان كردووە و هەروەك وڵاتی نێوان دوو روبار نیشانەی گەورەیی و شكۆی  گەورەی خێلەكان بووە دواتر بووەتە باو و بەشێك لە كەلتورییان، جگە لەوانەش ئەو پارچە قوماشە بۆ داپۆشینی رووخسار لە كاتی گەردەلوولی لم و خۆپاراستن لە هەتاوی گەرمی بیابان بەكار هێنراوە.

رستن و چنین
پێویستە بوترێت یەكەمین وڵات كە  جامانەی كردە بەشێك لە كاری بازرگانی كۆمپانیای  رستن و چنینی بەریتانیا بوو لە لەندەن و باشترین جامانەی دروست دەكرد كە بە بە یەشماغی لەندەنی بەناوبانگ بووە و كۆمپانیای هیندی خۆرهەڵاتی بەریتانیش كاری بازگانییەكەی دەكرد لەبەر ئەوەی لە ناوچەكانی نیمچە دوورگەی عەرەبی و كەنداو و وڵاتی شام زۆر بەكاردەهێنرا و تا ئێستاش هەروایە.
دوای ئەوانیش كۆمپانیا ژاپۆنی و چینی و كۆرییەكانیش كەوتنە دروستكردنی  جامانە و چەند رەنگێكی نوێیان دروستكرد بەڵام هەر بنەما دێرینەكەی میزۆپۆتامیای لە دەستنەدا.

لە كوردەواری خۆشمان
لە عیراقیش چەند كارگەیەكی دروستكردنی جامانە كرانەوە كە یەكێكیان لەبەغداد و دوانیان لەشاری كەربەلا و یەكێكیان لە موسڵ بووە.
(اش-ماغ)ی سۆمەرییەكان و جامانەی ئێستا  زۆر گرنگی هەبووە پیاوان لە كوردەواری خۆشمان لە دێر زەمانەوە لەسەریان كردووە كە  بە نیشانەی   ویقار و شكۆی كەسێكیان زانیووە و تەنانەت لەسەردەمێكدا كەسێك جامانەی لەسەر نەبووبێت رووبەرووی گاڵتەپێكردن بووەتەوە.
ئێستاش جامانە وەك بەشێك لە ئێكسسواری جلی كوردی پیاوان لەلایەن گەنجەكانەوە بەكاردەهێنرێت و نەك بە تەنها لەسەری دەكەن، بەڵكو وەك سەرشانێك لەسەر جلی كوردی دایدەنێن ، هەروەها چەند كۆمپانیایەكی دروستكردنی قوماشی جلی كوردی ژنانیش   قوماشی شێوە جامانەیان بە چەندین  رەنگ دروستكردووە ژنان دەیكەنە جلی كوردی 
ئەمەش یەكێكە لە ئەفسونەكانی ( اش- ماغ) كە لە پارچە قوماشێكی ئاسایی سەری كاهینەكانەوە ماوەی هەزاران ساڵە گەشتێكی دەستپێكردووە و تا ئێستا بە زیندووی لەو گەشتەی بەردەوامە.

 سەرچاوە: ئاژانسەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان