هەموو خوێندەوارێک خوێنەرە؟

10:15 - 2023-04-11
کەلتور
439 جار خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی

کە منداڵ بووم لە پشووی هاویندا هەر کەسێک دەهاتە ماڵمان تەنزئامێزانە دەیوت ئەوە چییە ئەڵێی «کتێبخانەی گشتییە» هەر یەکێکتان لەلایەکەوە بە بێدەنگی دەخوێنێتەوە، رۆژێک بە دایکم وت: من کەی فێری خوێندەواری دەبم تا ئەو هەموو کتێبەی لە کتێبخانەکەی باوکمدا هەیە کە تاکە ماڵ و سامانی ئەو بوو بۆی جێهێشتبووین بخوێنمەوە، بەڵام دوای ئەوەی فێری خوێندەواری بووم، زانیم پێویستم بە زیاتر لە زمانێک هەیە بەتایبەتی عەرەبی بۆ ئەو سەردەمە تا بتوانم کتێبە عەرەبییەکانیش بخوێنمەوە، بۆیە دایکم هەر یەکێکمانی لە قۆناغی ناوەندییەوە کردە تاکە خوێندنگەی کچانی عەرەبی کە فریشتەی کچان بوو، لەوێوە فێری ئەو عەرەبییە بووم بتوانم کتێب و رۆمانە عەرەبییەکانی نێو کتێبخانەکە و ئەوانەی دایکم دەیهێنان بخوێنمەوە وەکو مارکیز و مەکسیم گۆرکی و ئیزابێل ئەلەندی..هتد و لەقۆناغی هەرزەکارییدا کاریگەرییەکی زۆریان لەسەرم جێهێشتبوو، لەم نموونەیەوە دەمەوێت باس لەوە بکەم بە فێربوونی زمانی دیکە دەرگای مەعریفی دیکەت لێدەکرێتەوە، چونکە تا لە زمانێک زیاتر بزانیت توانای ئەوەت دەبێت  بخوێنیتەوە و زیاتر بزانیت، بەڵام بێگومان ئەوە پێوەر نییە و لەو سەردەمەدا کە تەکنەلۆژیاش نەبوو، تاکە سەرچاوەی زانین کتێب بوو کەچی کەم کەس هەبوو جگە لە کتێبەکانی خوێندنگە هی دیکە بخوێنێتەوە، بۆیە کاتێکیش تانە لە گەنج و هەرزەکار و منداڵی ئەم سەردەمە دەدرێت بەوەی نەوەی ئایپاد و ئایفۆنن و هەر لەسەر ئینتەرنێت و پێگە کۆمەڵایەتییەکانن و هیچ نازانن و ناخوێننەوە، هەرچەندە زۆربەیان زمانی ئینگلیزی دەزانن و ئەو زانینە وایلێنەکردوون زیاتر بخوێننەوە ئەوەشیان ئەگەر گشتگیر بکرێت هەڵەیە، چونکە بە رای من حەزی خوێندنەوە و ئالوودەبوون بە کتێبەوە بەهرەیەکە سەرەتا خودا پێت دەدات جگە لەو ژینگەیەی تێیدا گەورە دەبیت، نموونەی کچێکی ئەم سەردەمە دەهێنمەوە کە خوێنەرێکی سەرسەختە و حەز و خولیای خوێندنەوەی هەیە، جگە لە کڕینی کتێبی کاغەزیی کە کتێبخانەکەی خۆی پێ پڕکردۆتەوە و کتێب لەلای جوانترین دیارییە و کاتێکیش دەبرێتە کتێبخانەیەک بۆ کڕینی کتێب یان پیشانگەی نێودەوڵەتی کتێب چاوەکانی لە خۆشیدا دەبریسکێنەوە و وەکو خۆشترین شوێنی دنیا تەماشای دەکات، تەنانەت کاتێک هەموو کتێبەکانی دەخوێنێتەوە و هیچی نامێنێت پەلەیەتی و پشوو درێژ نییە، کتێبی ئەلیکترۆنیش دەخوێنێتەوە، منداڵێکە لە تەمەنێکی زووەوە بەخوێندنەوەی کۆمیک و کتێبە ژاپۆنییەکانی بە «مانگا ستۆر» ناسراون دەستیپێکردووە هەروەکو چۆن ئێمە بە گۆڤارەکانی مجلتی عەرەبی و پەریستان و پەڕەسێلکە دەستمان پێکرد و بە جۆش و خرۆشەوە چاوەڕێی بڵاوبوونەوەیان بووین، ئەو کچە هەرزەکارەی زۆربەی کات چاوی لەسەر ئایپادەکەیەتی و دایکی بە زۆر سەرنجی لەسەر لادەبات، بەڵام کاتێک بڕیار دەدات لەگەڵیاندا دابنیشێت، دەبینیت گفتوگۆی جدیی لەبارەی مەسەلەکانی تەندروستی دەروونی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت زانستی ئەستێرەناسیی و وزە دەکات و باکگراوندێکی باشی زانیاری هەیە و گفتوگۆ لەبارەی ئەو کتێبانەوە دەکات کە خوێندونێتییەوە، بۆیە دەبێت بزانین هەموو خوێندەوارییەک و زانینی زمانێک نابێتەهۆی ئەوەی رۆشنبیر و خوێنەر بیت، هەروەها هەموو نەوەیەکی ئایفۆن و ئایپاد کەسانی رووکەش و بێ باکگراوند نین و بە بۆچوونی من هەر مرۆڤە و حاڵەتێکی تایبەتە بەخۆی و ناکرێت هیچ پێوەر یان حوکمێکی گشتی و کوێرانەی بەسەردا بدرێت، دواجار رەنگە بپرسن ئەو کچە هەرزەکارە کێیە؟ کورد دەڵێت گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە.  

بابەتە پەیوەندیدارەکان