ئەنفال، چەمک و قۆناغەکانی

12:19 - 2023-04-13
دووتوێ
2203 جار خوێندراوەتەوە

کاروان عوسمان شوانى

شاڵاوەکانی ئەنفال،  یەکێک بوو لە گەورەترین تاوانەکانی رژێمی بەعس دژبە مرۆڤایەتی، هێرشەکان نەخشە بۆداڕێژراوبوون، سەرجەمیان بە شەش پەلاماری جیاجیا و بە هەشت قۆناغ بەڕێوەچوون.
جگە لە دزین و تاڵانکردنی سامانی گوندنشینان، وێرانکردنی سەدان گوندیشی لێکەوتەوە، تێکڕا 182000مرۆڤی بێتاوان بە شێوازی جیاجیا دەستگیرکران و زیندەبەچاڵکران لە بیابانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عیراقدا.
  ئەنفال لە کەلتوری بەعسدا
بەعس شانازی بە کەلتور و فەرهەنگی عەرەبییەوە دەکرد، ئەگەرچی حزبێکی ئیسلامی نەبوو، بەڵام دەیویست ئیسلام و عروبە لە یەک پاکێجدا کۆبکاتەوە و لەو سۆنگەیەشەوە عروبە پیرۆز بکات.
بەعس کوردی وەک هەڵگەڕاوە لە ئیسلام و عروبە وێنا دەکرد، بە سوودوەرگرتن لە عروبە و مێژووی ئیسلام، بڕیاری ئەنفالی دەرکرد و خوێنی کوردی بۆ خۆی حەڵاڵکرد.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەم شێوەیە پێناسەی جینۆسایدی کردووە:
«ئەو کردەیەیە کە بە مەبەستی لەناوبردنی هەموو یان بەشێک لە کۆمەڵی مرۆڤایەتی بکرێت، لە رووی نەتەوەیی و رەگەزی و نیشتمانی و ئایینییەوە».
کەواتە ئەنفال، جینۆسایدکردنی گەلی کورد بوو، هەوڵدان بوو بۆ کۆتاییهێنان بە رەگەز و بنەچەی کورد.
قۆناغەکانی ئەنفال 
قۆناغى یەکەم:
 ئەنفالی دۆڵی جافایەتی لە ناوچەى سلێمانى، چوار هەفتەى خایاند و تیایدا ناوچەکانى سەرگەڵو، بەرگەڵو کرانە ئامانج، ئەم قۆناغە لە23 ى شوباتى 1988 دەستیپێکرد و لە 19 ى مارت کۆتایی پێهات.
لە شەوی 22-23 ی شوباتدا خەڵکی یاخسەمەر و هەڵەدن و سەرگەڵو و بەرگەڵو لە تاریکی و باراندا بە دەنگ و ناڵەی راجیمە و تۆپ بە ئاگاهاتنەوە.
سەرلەبەیانی هەمان رۆژ، هێرشە زەمینییەکان دەستیانپێکرد، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سوڵتان هاشم کە وەزیری بەرگری بوو،  بە بەشداری 20 لیوا» و  60 فەوج و دەیان فەوجی جاشە کوردەکان.
ئەم قۆناغە بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە ئازادکراوەکان و دەستبەسەرداگرتنی  سەرکردایەتی ی.ن.ک بوو.
پاش سێ هەفتە  لە شەڕ و بەرگریی، سەرەنجام هێزی پێشمەرگە کشایەوە بۆ ناوچەی قەندیل، خەڵکەکەش ژمارەیەکی زۆریان لەگەڵ پێشمەرگەدا رۆیشتن.
چەندین کەسیش لەناو بەفر و سەرمادا رەقبوونەوە، ژمارەیەکیش لە گوندنشین و پێشمەرگە بەهۆی چەکی کیمیاییەوە، شەهیدبوون.
قۆناغى دووەم:
 لە ناوچەکانى قەرەداغ و بازیان و دەربەندیخان کرا و لە22ى مارتەوە دەستىپێکرد و لە 1 ى نیسانى تەواو بوو، لەوێوە هێرش کرایە سەر ناوچەی قەرەداغ، سەرەتا بە کیمیاباران دەستیپێکرد، ویستی ورەی جەماوەر و هێزە بەرگریکارەکان بڕووخێنێت، بە چڕیی گوندی سێوسێنانی کیمیابارانکرد، زیاتر لە 69 هاووڵاتی شەهید بوون،  ناوچەکە  بەر زەبر و چەپۆکی دڕندانەی بەعس کەوتوو و گوندەکان وێرانکران و بە ئەنفالکردن و شەهیدکردنی هەزاران هاووڵاتی و پێشمەرگە کۆتایی بەم قۆناغەش هات.
قۆناغى سێیەم:
 ناوچەکانى گەرمیان و کەلار، کفرى، خورماتوو،  چەمچەماڵی گرتەوە، ئەم قۆناغەش لە 7 ى نیسان دەستیپێکرد و راستەوخۆ عەلی حەسەن مەجید سەرپەرشتیی دەکرد و بە ئەنفالی رەش ناسراوە.
ئەگەرچی هێزی پێشمەرگە و هێزی بەرگریی توانییان هەفتەیەک بەرگری بکەن، بە تایبەتی شەڕەکانی شێخ تەویل و تازە شار، بەڵام بەهۆی بۆمبی کیمیاییەوە کشانەوە.
سێ مەڵبەندی سەرەکی هەبوو بۆ کۆکردنەوەی خەڵک، خەڵکی گوندەکانی سنووری سەنگاو و جەباری و قادرکەرەم بەرەو چەمچەماڵ راپێچران.
ناوچەکانی قەرەحەسەن و لەیلان و داودە بە زۆری بەرەو خورماتوو بران.
زەنگنە و سەرقەڵا و کفری و پێباز و دەوروبەریان، برانە بارەگای فیرقەی 21 لە  قۆرەتوو.
نزیکەی 30 هەزار هاووڵاتی و گوندنشین لەم هێرشانەدا ئەنفالکران.
رۆژی 14/4/1988 چوار شارۆچکە و سەدان گوند خاپوور کران، زۆرترین قوربانی لەم رۆژەدا درا، بۆیە بە رۆژی یادکردنەوەی ئەنفال دانراوە.
قۆناغى چوارەم:
 هەردووبەری ناوچەکانى زێی بچووکی گرتەوە، لە زێڕاندوڵەوە تا نزیک پردێ، واتە کۆیە، تەقتەق، ئاغجەلەر، چەمی رەزان، ناوشوان و دەوروبەری چەمچەماڵ. 
ئەم قۆناغە لە 3 تا 8/5/1988بەڕێوەچوو و بە ئەنفالی خاڵخاڵان ناسراوە.
لە ئێوارەی 3/5 بە کیمیابارانکردنی گۆپتەپە و عەسکەر و هەیدەر بەگ دەستیپێکرد، نزیکەی 300 هاووڵاتی و پێشمەرگە شەهید بوون، بە سەدانی دیکەش بریندار بوون، جگە لەوانەی دەستگیرکران و دواتر ئەنفالکران.
بەرەبەیانی 4/5 هێرش لە سەرجەم قۆڵەکانەوە دەستیپێکرد ئەوانیش رێگاکانی:
تەکیە ـ ئاغجەلەر و قەڵاسێوکە
چەمچەماڵ ــ ناوشوان
 تەقتەق ــ بە هەردووبەری زێدا.
کۆیە ــ دەشتی کۆیە
دوکان ــ کەڵکەسماق
237 گوند لەم ناوچەیە خاپوورکران.
نزیکەی 2500 کەس لە بەری کۆیە و 3000 کەس لە بەری شوان و شێخبزێنی و قەڵاسێوکە  ئەنفاکران.
تەنانەت لە شوێنێکی وەک بناری خاڵخاڵاندا  و لە چەمی بابە رووشەی جەلەمۆرد بە سەدان کەس لەو گوندانە ئەنفالکران، تەنها لە سنووری گوندی جەلەمۆرد  480 کەس گیران و ئەنفالکران.
قۆناغەکانى پێنجەم و شەشەم و حەوتەم:
 ناوچەکانى خۆشناوەتی و شەقڵاوە و رواندز و خەلیفان کەوتنە بەر شاڵاوەکانى ئەنفال، ئەم قۆناغە لە 15ى مایسەوە تا26 ى ئابی 1988 بەردەوام بوو.
لەم قۆناغەشدا دۆڵی بالیسان و گوندەکانی نازەنین و سماقوڵی و ئەسپیندارە و عەلیاوە و کامووسەک-یان بەر بۆمبی کیمیایی دا، لەبەرئەوەی پێشتر چوڵکرابوون بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان، کەمترین زیانی مرۆییان بەرکەوت، پێشمەرگەش لێرە و لەوێ هەبوون، بەڵام ئەوان زووتر ناوچەکەیان چۆڵ دەکرد، بەهۆی سەختی و چڕوپڕیی ناوچەکەوە دوژمن نەیدەتوانی بە هێرشی زەمینی دەستی بەسەردا بگرێت، بۆیە جارێکی دیکە لە 23ی ئایار  بەشێک لە هیران و دۆڵی بالیسانی کیمیاباران کردەوە.
لەم ناوچەیە، بەتایبەتی لە وەرتێ و بلەی خوار، خەڵکانێکی زۆر دەستگیرکران و بۆ تۆبزاوای  خوارووی کەرکوک نێردران و لەوێشەوە بۆ بیابانەکان.
ئەم هێرشانە بەردەوامبوون، لە دۆڵەکانی مەلەکان و وەرتێ و هیران و سماقوڵی ۆ بالیسان بۆئەوەی خەڵکەکان لە ناو جەنگەڵی دارستان و ئەشکەوتەکاندا بێنە دەرەوە، کیمیایی دەڕژاند بەسەریاندا، بۆیە ئەوانەی لەوێ بوون، پۆل پۆل خۆیان تەسلیم دەکرد. 
تێکڕا 52 گوند لە ناوچەکانی خەلیفان و رواندز و خۆشناوەتی وێرانکران و خاکەکەیان کوێرکرایەوە، خەڵکەکەشی ئەوانەی گیران رەوانەی مەرگ کران و هەرچی سامانیشیان هەبوو، بە تاڵان برا.
قۆناغى هەشتەم: 
ئەنفالی بادینان ، دواقۆناغ بوو، ناوچەکانى ئامێدى و ئاکرێ و زاخۆ، شێخان و دهۆکى گرتەوە، ئەم قۆناغە لە 25 ى ئابەوە تا 6 ى ئەیلولى 1988 خایاند.
هێرشەکان دیسان بە چەکی کیمیایی دەستیانپێکرد، کەمتر خەڵک بەو هێرشانە تیاچوون، چونکە بەگشتی هۆشیاریی بەرامبەر چەکی کیمیایی بڵاوکراببۆوە لەلایەن پێشمەرگەوە.  
تێکرای گوندەکان کە بەر ئەنفال کەوتن، 450 گوند دەبوو، ژمارەی دەستگیرکراوەکانیش بە 32 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان