ئەندامێکی تیمی
پارێزەرانی زیندانیکراوانی بادینان رایگەیاند، کەیسێکی دیکە بۆ رۆژنامەنووسی
سزادراوی بادینان، شێروان شێروانی دروستکراوە و گوھدار زێباری ھاوڕێی کراوەتە شاھید
لەسەری.
بەشدار حەسەن،
ئەندامی تیمی پارێزەرانی زیندانیکراوانی بادینان بەکوردسات نیوزی راگەیاند، تۆمەتێکی
نوێیان بۆ سزادراو شێروان شێروانی، دروستکردووە کە گوایە لە بری سزادراو گوھدار زێباری،
پەنجەمۆری لەسەر داواکارییەک کردووە بۆ گواستنەوەیان لە چاکسازی ھەولێرەوە بۆ
چاکسازی سلێمانی.
رونیشیکردەوە، پێشوەختە زیندانیانی بادینان رێکەوتبوون لە ھەر
بڕیارێکی پەیوەست بە کەیسەکەیان یەکدەنگ بن و لە ئەگەری سزادانی ھەریەکێکیان و لێکجیاکردنەوەیان
و دەنگ بەیەکنەگەشتنیان لە ھەر پرسێک بڕیاریان یەکە و دەکرێت لەبری یەک بڕیار بدەن.
بەشدار حەسەن
دەڵێت، ھەروەھا لەم کەیسەدا شێروان شێروانی ھیچ زەرەری بە بەرژەوەندی گشتی نەگەیاندووە،
لەبەرئەوەی سەنەدی رەسمی یان نووسراوێکی ساختە نەکردووە، بەپێچەوانەوە، لەپێناوی بەرژەوەندی
ھاوڕێکەیدا بووە و پێشتر خۆی رێگەی پێداوە.
ئاماژەی بەوەشدا،
چەندینجار تیمی پارێزەران و بەر لە ئازادبوونی سێ لە زیندانیانی بادینان ھەریەک لە
"ئەیاز کەرەم" و "ھاریوان عیسی" و "شڤان سەعید"،
پارێزەران سەردانی ئیدارەی چاکسازی و بەشی یاساییان کرد و پێیانڕاگەیاندن کە ھیچ دۆسێیەکیان
لەسەر نەماوە، کەچی ئێستا ھەر رۆژە و کەیسێکی نوێیان بۆ دروستدەکرێت بۆ ئەوەی
سزابدرێن و ئازاد نەکرێن.