دۆخی تووشبوانی ئۆتیزم و خێزانەکانیان خراپە

10:12 - 2023-04-20
دیدار
930 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی/ هاوژین عەبدولواحید

ئۆتیزم یەکێکە لەو گرفتە تەندروستییە بڵاوانەی بەرۆکی منداڵانی هەموو دونیای گرتووە، لە هەرێمی کوردستانیش  رۆژ بە رۆژ  رێژەکەی لە بەرزبوونەوە و هەڵکشاندایە پێویستە لەسەر لایەنی پەیوەندیدار گرنگییەکی زۆرتایبەت بەم پرسە بدات و کاری جدی بۆ بکات، کەمال جەباری سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان باس لە دۆخی منداڵانی ئۆتیزم دەکات لە هەرێم.

* رەوشی تووشبوانی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان چۆنە؟
- ئێستا دۆخی تووشبوانی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو خراپتر دەچێت و زۆر مەترسیدارە ئێمە وەکو کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان دەستەی باڵای حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و تەندروستی و هەموو ئەو شوێنانەی پەیوەندیدارن بە مافی منداڵانی ئۆتیزم ئاگادارمان کردونەتەوە کە رەوشی تووشبوانی ئۆتیزم و خێزانەکانیان لەوپەڕی خراپیدایە، رێژەکە تابێت هەڵدەکشێت و گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار لەوانەیە لە چەند ساڵی داهاتوودا کۆنترۆڵکردنی زەحمەتتربێت، چونکە کاتێک منداڵێکی ئۆتیزم تەمەنی هەڵدەکشێت بەرە و سەرووی 12 بۆ 13 ساڵی ئیتر زەحمەت دەبێت بتوانیت راهێنانی پێبکەیت و بیهێنیتەوە ناو کۆمەڵگە.
لەکاتێکدا لە وڵاتانی پێشکەوتوو لە تەمەنی سێ ساڵی توشبوانی ئۆتیزم دەخرێنە بەر راهێنان و دەتوانرێت تا تەمەنی 12 ساڵی %80 حاڵەتی ئۆتیزمەکەی لەسەر لاببرێت ئەوکاتە ئەو منداڵە دەتوانێت خۆی بەڕێوە بەرێت و لە گۆمەڵگەدا بژی و کەسێکی نامۆ نەبێت لەچاو تاکەکانی تر، بۆ ئەو مەبەستەش تاکە چارەسەر لایەنی پەیوەندیدار بیگرێتەبەر کردنەوەی سەنتەری راهێنانی هاوچەرخی حکومی بێ بەرامبەرە بۆ منداڵانی ئۆتیزم، کە پڕۆفیشناڵ بێت و کارمەندی باش و پسپۆڕ و لێهاتووی راهێنراو بتوانێت راهێنان بەو لێشاوە زۆرەی منداڵانی ئۆتیزم بکات.
 
* لە هەرێم چەند سەنتەری راهێنانی حکومی هەیە بۆ تووشبوانی ئۆتیزم؟
- لە هەرێمی کوردستان تەنها سێ سەنتەری حکومی هەیە لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک ئەمانەش ژمارەیەکی دیاریکراو منداڵیان لەخۆ گرتووە ئەو ژمارەیەش رێژەی %6 تووشبوانی ئۆتیزمە کە ژمارەیان لە هەرێم (3300) منداڵە، کارمەندانی ئەو سەنتەرانە کارمەندی فەرمی حکومەتن و تەواو شارەزا نین بۆیە نەیانتوانیوە وەک پێویست و ئەوەی لەئاستی دونیادا هەیە فریای منداڵانی ئۆتیزم بکەون راهێنانی جیاوازیان پێ بکەن، چونکە بەشێکیان رەنگە تەمەنیان رۆشتبێت و بەشێکیشیان راهێنانی بواری ئۆتیزمیان نەبینیوە.
 لەساڵی 2000 تاوەکو 2008 ژمارەی تووشبوانی ئۆتیزم لە هەرێم لە 150 منداڵ تێنەدەپەڕی  ئێستا لە 2023 لە 90 منداڵ منداڵێک ئۆتیزمی هەیە کە لەدایک دەبێت ئەمەش ئاماژەیەکی خەتەر و ترسناکە بۆیە پێویستە حکومەت بەپلانێکی تایبەت لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەوانەی لەبواری مافی منداڵان ئیش دەکەن بتوانرێت زیاتر لە دەیان سەنتەر بکاتەوە لە هەموو شار و شارۆچکەکان تاکو بتوانێت کۆنترۆڵی ئەم بارودۆخە بکات.
* ئامارەکان چیمان پێدەڵێن بەگوێرەی ژمارەی تووشبوانی ئۆتیزم؟
- ئامارەکانی تووشبوانی ئۆتیزم ئێستا (3300) حاڵەتی تێپەڕاندووە لە هەرێمی کوردستاندا لەکاتێکدا پێویستە وەک وڵاتانی پێشکەوتوو لە هەر پارێزگایەک سەنتەرێکی راهێنان هەبێت بۆ مانەوەی ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە سەرووی 12ساڵه کە لەماڵەوە ناتوانن بمێننەوه و دایک و باوکیان پەرێشانن بەدەستیانەوه و تووشی بارودۆخێکی دەروونی ترسناک بوون.
* بەهۆی زۆری حاڵەتەکان و کەمی چارەسەر پێشبینی چی لە شیرازەی ئەو خێزانانە دەکەن کە خاوەنی منداڵی ئۆتیزمن؟
- ئامارەکان جگە لەژمارە پێمان دەڵێن زیاتر لە %80 دایکانی ئۆتیزم دەروونیان تێکچووە و ئێستا چارەسەر وەردەگرن، دەیان حاڵەتی جیابوونەوەی ژن و مێرد بە ناچاری هەبووە، ئاماژەکان پێمان دەڵین %60 منداڵانی ئۆتیزم بێ هاوکاری، لە 2 نیسانی 2022 تا 2 نیسانی 2023 زیاتر لە 15 باوک هەڕەشەی خۆکوشتنیان کردووە لەبەر قورسی بژێوی ژیان و توندی ئۆتیزمی منداڵەکەیان.
* رێکخراوەکانی منداڵپارێزی ناوخۆ و بیانی هەڵوێستیان لەم بارەیەوە چییە؟
- جگە لە کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان و چەند کەسایەتییەکی دڵسۆز هیچ رێکخراوێکی بیانی کاریان بۆ ئۆتیزم نەکردووە لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا یەک رێکخراوی بیانی کە لێرەن و بەناوی داکۆکیکردن لەمافی منداڵان هاتوونەتە ئەم هەرێمە تەنها ساڵانە لە یادی جاڕنامەی مافەکانی منداڵان هەندێ گوڵ و شتی رەمزییان پپێشکەش بە منداڵانی ئاسایی کردووە نەک منداڵانی ئۆتیزم، نەشهاتوون هاوکاری ئەو منداڵانە بکەن  ئۆتیزمەکەیان توندە بۆ ئەوەی ڤیزایان بۆ وەرگرن و بیانبەنە دەرەوەی وڵات، واتە رێکخراوە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان تەنها و تەنها ناوێکی قەبە و ناوەرۆکێکی بەتاڵن.
* رۆڵی سەنتەرە ئەهلییەکان چی بووە له چارەسەرکردنی تووشبوانی ئۆتیزمدا؟
- بێجگە لەو سێ سەنتەرە حکومییەی هەیە کە بەڕێژەی %6  ئەرکی خێزانی منداڵانی ئۆتیزمیان سوک کردووە واتا لە 100 منداڵ 94 منداڵ بێ سەنتەرن ئەوەی هەیە چەند سەنتەرێکی تری خێرخوازی هەیه ئەوانیش دەرەقەتی ئەو لێشاوە زۆرە نایەن، ئەوانیتر بەڕێژەی %15 ـ  %20ئەو خێزانانەن باری داراییان باشە و منداڵەکانیان دەبەنە سەنتەری ئەهلی، بەشێک لەو سەنتەرە ئەهلییانە بەداخەوە بازرگانییەکی گەورە بەمنداڵانی ئۆتیزمەوە دەکەن بەشێکیشیان تاڕادەیەک باشن، بەڵام دەبێت هەموویان لەژێر چاودێرییەکی توندی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیدا بن بە رێنمایی تایبەت کاربکەن و نابێت خێزانی ئۆتیزم قۆڵیان ببڕدرێت، گیرفان پڕکردن بەناوی سەنتەری راهێنانی ئۆتیزم کارەساتە نابێت رێگەی پێ بدرێت، بەڵکو دەبێت ئەوەی هەیە لەچوارچێوەی یاسادا رێکبخرێت. دەبێت مانگانە لیژنەیەک لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەبێت چاودێری ئەو راهێنان بکات کە بە منداڵانی توشبووی ئۆتیزم دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە سوودگەیاندن ئەو منداڵانەی راهێنانیان پێکراوە، لەبەرئەوەی سەنتەر هەیە مانگانە بە دەفتەر دۆلار دەخاتە گیرفانی لەسەر حسابی فرمێسکی دایک و باوکانی ئۆتیزم کە دەبێت ئەمە رێگەی لێبگیرێت.

 

کەمال جەباری سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزم

بابەتە پەیوەندیدارەکان