بێئومێدی چارەسەری کێشەکانمان ناکات

10:10 - 2023-04-26
دیدار
573 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی/ هاوژین عەبدولواحید

زۆر گرنگە مرۆڤ بەئومێدەوە بژی، ئومێد هێزێکی پڕ بایەخی بەردەوامی وزە و چالاکییە نوێیەکانە بە ژیان، مرۆڤی بێئومێد توانای بیرکردنەوە لە ئایندە و هێزی گۆڕانکاری لە دەستداوە، وەک ئەوە وایە نزیک لە کۆتایی تونێلێک وەستابێت و گەیشتووە بە دوا خاڵی ململانێکە.
لە گفتوگۆیەکدا باخان بەختیار مامۆستای زانکۆی کۆیە و پسپۆڕی بواری دەروونزانی، زیاتر لەسەر بێئومێدی و هۆکار و چارەسەرەکان دەدوێت.
* بێئومێدی چییە و نیشانەکانی چین؟
- بێئومێدی تەنها هەستێکە مرۆڤ ئەزموونی دەکات لەوکاتەی بەربەستێک دێتەبەردەمی بۆ بەدەستهێنان یان گەیشتن بەو شتەی دەیەوێت، ئەو هەستەش هەموو کەسێک تاقیدەکاتەوە لەژیاندا، بەڵام لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر جیاوازە، چونکە هەندێک کەس زیاتر ئەزموونی دەکەن و ناشزانن چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
بێئومێدی نەخۆشی دەروونی نییه تەنها ئەو کەسانەی زیاتر ئەزموونی دەکەن ئەگەری ئەوەیان هەیه تووشی گرفتە دەروونییەکان ببن.
نیشانەکانی بێئومێدی بریتین لە  توڕەیی، نا ئارامی، بێ متمانەیی، ترس، قەلەقی، دڵتەنگی، دەست بەرداربوون، هەڵچوون و هەستکردن بە شکست، هەموو ئەمانە لە بێئومێدبوونەوە دروست دەبن، زۆر جاریش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەستی بێئومێدی تاکەکان پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و جگەرەکێشان و کۆمەڵێک رێگای نادروستی تر.
* هۆکار چییە مرۆڤی ئەم سەردەمە زیاتر بێئومێد دەبن؟
- هۆکاری سەرەکی بۆ بێئومێدبوونی تاکەکانی ئەمڕۆ ئەوەیه هەموو شتێک بۆمان ئاسان بووە و بەرگەی ناڕەحەتی زۆر ناگرین، هەروەها لە هەموو شتێکدا بێ ئارامین و ئەویش بەشێکی زۆری گۆڕانی تەکنەلۆژیا و ئەو هەموو پێشکەوتنەی لەخزمەت مرۆڤایەتیدایە دروستی کردووە، توانای بەرگەگرتنی ئاستەنگی و قورسایی و ناخۆشیمان نەماوە، پێشتر باب و باپیرانمان ئەزموونی زۆر زیاتر ناڕەحەتی و ئازاریان کردووە، بەڵام هەمیشە بەهێزبوون و کۆڵیان نەداوە.
یەکێک لە نووسەرە ئەمریکییەکان قسەیەکی هەیە دەڵێت:بۆچی ئێمەی خۆرئاوایی زیاتر خۆمان دەکوژین بە بەراورد لەگەڵ خۆرهەڵاتییەکان؟ یەکەمین هۆکار ئەوەیە تاکەکانمان هەموو شتێکیان بۆ فەراهەم بووە و بەدڵی ئەوانە، ئەگەر ئەوکاتەی نەگات بەشتێک کە بەدڵی بێت رێک بێئومێد دەبێت و پەنا بۆ رێگای خۆکوشتن دەبات».
ئەمەش بۆ ئێمە زۆر ترسناکە ئەو نەوەیەی پێیان دەگەیەنین تاڕادەیەکی زۆر، دایک و باوکان هەموو شتێکیان بۆ فەراهەم کردوون هەموو شت بەدڵی ئەوانە دواتر کە گەورە دەبن و دەچنە دەرەوە شتەکان بەخواست و ئارەزووی ئەوان ناچێت بەڕێوە زوو بێئومێد دەبن، چونکە رانەهاتوون.
* بێئومێدی زیاتر بیرکردنەوە نەرێنییەکان یاخود رووداوە نەرێنییەکان دروستی دەکات؟
- بەپێی توێژینەوەکان بیرکردنەوەکانە و رووداوەکان نین، چونکە خودی رووداوەکان واناکەن ئێمە بێئومێدبین بەڵکو شێوازی بیرکردنەوەکانمان لە رووداوەکە، رۆڵی هەیە لەوەی ئێمە بێئومێد بین.
لەگەڵ ئەوەی شتەکانمان بۆ ئاسان بووە شێوازێکی بیرکردنەوەی وامان بۆ دروست بووە دەڵێین دەبێت ئەوەی دەمەوێت بە ئاسانترین شێوە بەدەستی بهێنم،  یاخود دەڵێین (قبوڵی شتێک ناکەین بەدڵی ئێمە نەبێت، ئەمەی روویدا نە دەبوو روویدابا، نەدەبوو من وام بەسەربێت، نابێت هەرگیز بکەوم، نابێت شکست بهێنم). رووداوە ناخۆشەکانیش بەسەر هەموو کەسێکدا دێن کۆنترۆڵکردنیشیان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە تەنها شێوازی بیرکردنەوەکانمان لە رووداوەکان لەکۆنترۆڵی مرۆڤدایە بۆیە دەتوانین کەمێک گەشبینانەتر بڕوانینە ژیان و داهاتوومان.
* بەردەوام بوون لە بێئومێدی چی بەسەر ژیانماندا دەهێنێت؟
- وامان لێدەکات چێژ لە ژیان نەبینین، بەو شێوەیە سەردەکێشێ بۆ دڵتەنگی و خەمۆکی دڵە راوکێی زیاتر هاوکات لەگەڵ گرفتی جەستەیی وەک نەخۆشی شەکرە و زەخت و پەستانی خوێن، هەموو ئەمانە ئەنجامی ئەوەیە ئەو کەسە بەردەوام لە بارێکی دەروونی ناخۆشدا بووە و بەردەوام بێئومێد دەبێت، چونکە جەستە و دەروونمان بەیەکەوە دڵ خۆش دەبن و بە یەکیشەوە دڵتەنگ دەبن.
* ئەو هەنگاوانە چین بە گرتنەبەریان دەبنە هۆی چارەسەرکردنی بێئومێدییەکانمان؟
- مادام هۆکار بیرکردنەوە نەرێنییەکانمانە چارەسەری سەرەکی گۆڕینی ئەو بیرکردنەوانەیە بۆ باشتر و گەشبینانەتر، ئەوەش بە تەنها رۆژێک ناکرێت پێویستە کەسەکە بەردەوام بێت لە ناسینی خودی بیرکردنەوە خۆی، دوورکەوتنەوە لە هەموو ئەو کەسە نێگەتیڤانەی بە قسە و رەفتارەکانیان بێئومێدمان دەکەن، ئەگەر کەسە نزیکەکانمان هۆکاربوون دەبێت ئێمە لەوکاتەدا دان بەوەدابنێین ئەوان بیرکردنەوەی خۆیانە رەشبینانە دەڕواننە شتەکان با ئەوەندە باوەڕمان بە قسە و پێشبینییەکانیان نەبێت.
هەروەها دەبێت ئەوەمان بیربێت هەڵەکردن سروشتی مرۆڤایەتییە، پێویست ناکات بەردەوام سەرکۆنەی خۆمان  بکەین و بێئومێدبین دۆزینەوەی رێگەچارە گرنگترین هەنگاوە لەکاتی بێئومێدیدا.
پێویستە کەسەکە بیروبۆچوونێکی وا بۆخۆی دروست بکات رووداوی ناخۆش و خراپ بەسەر هەموو کەسدا دێت لەبری ئەوەی بڵێت بۆ (من) بڵێت بۆ (من نا) بۆ من چیم لەو خەڵکە زیاتره هەروەها چیم بەراورد بە کۆی مرۆڤایەتی بۆ بەسەر منیشدا نەیەت؟ واتا پێناسەیەکی تر بۆ خۆمان دروست بکەین لەبارەی شکست، چونکە شکست پێچەوانەی سەرکەوتن نییە، بەڵکو بەشێکە لە سەرکەوتن.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان