حاڵەتەکانی هەوکردنی پەردەی مێشک لە زیادبووندایە

09:48 - 2023-04-27
ڕاپۆرت
374 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

هەوکردنی پەردەی مێشكی منداڵ، بریتیە لە هەوکردنی پەردەی دەوری مێشك و دڕکه پەتک، هۆکارەکانی لەوانەیه بەکتریا، ڤایرۆس ، شێرپەنجە ، دەرمان ، یان پاراسایت بێت.
ماوەی مانگێکە نەخۆشییەکە هەیە، تائێستا  زیاتر لە 150 حاڵەت تۆمارکراوە سەرەتا حاڵەتەکان لە هەڵەبجە تۆمار کران و وردە وردە گوازرایەوە بۆ سلێمانی.
سەرجەم حاڵەتەکان چارەسەریان بۆ کراوە و هیچ گیانلەدەستدانێک بەهۆی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشك تۆمارنەکراوە.
نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە
پشدەر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی رایگەیاند، زۆربەی پزیشکەکان گەیشتوون بەو ئەنجامەی پەتای هەوکردنی پەردەی مێشکی منداڵان ڤایرۆسییە و بەشێک لە حاڵەتەکانیش لەگەڵ بەکتریادا دەڕوات.
وتیشی، هەوکردنی پەردەی مێشكی منداڵان سەدان ساڵە بوونی هەیە و لە هەرێمی کوردستان بەردەوام حاڵەت هەبووە، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە تۆمارکردنی حاڵەتێکی زۆرە لە ماوەیەکی کەمدا کە لە رۆژێکدا 10 بۆ 12 حاڵەت تۆمار دەکرێت.
دەکرێت ئێستاجۆری ڤایرۆسەکە خۆی گۆڕی بێت بۆیە گواستنەوەی لە توشبووەوە بۆ کەسێکی تر خێراترە و ئەگەرێکی تریش هەیە بەکتریا بێت، بەڵام تائێستا بەشی زۆری ئەنجامی پشکنینەکان ڤایرۆسییە و لێکەوتەی کەمترە بەراورد بە هەوکردنی بەکتریایی و بۆ چاکبوونەوە پێویستیان بەکاتە.
پشدەر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی وتی، لەگەڵ ئەوەی ژمارەی حاڵەتەکان بەرزە، بەڵام خۆشبەختانە منداڵەکان وەڵامدانەوەیان بۆ چارەسەرەکان زۆرباشە، دوای دوو بۆ سێ رۆژ نیشانەکانیان نامێنێت و ئێمە بۆ ماوەی 10 رۆژ دەیانهێڵینەوە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری تەواو، دوای ئەو ماوەیە هیچ کێشەیەکیان نامێنێت
نیشانەکانی نەخۆشییەکە
نیشانەکانی نەخۆشییەکە بۆ منداڵی خوار تەمەن سێ مانگ، شیرخواردنی کەم دەبێتەوە، رشانەوە، بێزاری و بێتاقەتی، تای بەرز، گەشکە، لەوانەیه پلەی گەرمی لەشی دابەزێت، لەشی نەرم دەبێت واتە بێ هێز دەبێت، شەکرەی خوێنی دادەبەزێت و ئەو بەشەی سەر کە مەڵاشووی پێ دەڵێن بەرەو دەرەوە دەردەچێت.
نیشانەکان لە منداڵی گەورەتر لە یەک ساڵ جیاوازترە و ئەمانەن: رشانەوەو دڵ تێکهەڵاتن، سەرئێشە، هەستیاری بە رووناکی زیاد دەکات و پێی هەراسان دەبێت، تای بەرز، هۆشی منداڵەکە تێکدەچێت، بێ تاقەتی و بێهێزی، رەقبوونی مل و لەوانەیە گەشکە لێی بدات.
لەكاتی هەبوونی هەریەک لەم نیشانانە لە منداڵدا پێویستە راستەوخۆ ببرێتە نەخۆشخانەی تایبەت بە منداڵان و بەهیچ جۆرێك سەردانی دەرمانخانە و نۆرینگەكان نەکەن و دەرمانی ئیلتیهابات(Antibiotic)  نەدرێتە منداڵەکە.
ئازاد مستەفا بەرێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە رایگەیاند، لەگەڵ وەرگرتنی دەرمانی ئیلتیهابات لە دەرەوەی نەخۆشخانە رێگاو شێوەی دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە ئاسان نابێت و ناتوانرێت دەستنیشانی بكەین بەهۆكاری كاریگەریی دەرمانی بەكارهێنراو لەبەرئەوە ناتوانین دەستنیشانی ئەم نەخۆشیە بۆ هیچ نەخۆشێك بكەین پێش سەردانیكردنی بۆ نەخۆشخانەكان دەرمانی دەرەوەی بەكارهێنابێت.
رێنمایی دایک و باوکان
هاوکات بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دەڵێت، بۆ دیاریکردنی نەخۆشیەکە پێویستە ئاو لە پشتی منداڵەکە دەربهێنرێت، زۆرجار دایک و باوکی منداڵەکە رێگە نادەن ئەو شیکارە بکرێت لەکاتێکدا زۆر ئاسانە و هیچ کێشەیەک بۆ منداڵەکە دروست ناکات.
ئێستا نەخۆشییەکە لە لوتکەی بڵاوبوونەوەیەدایە و نازانرێت چەند کات دەخایەنێت، هەروەها نازانرێت سروشتی ڤایرۆسەکە چۆنە تەنانەت ئەگەر بەکتریاش بێت.
سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی داوایكرد هاووڵاتیان بەهیچ شێوەیەك تووشی ترس و دڵەڕاوكێ نەبن بەهۆی نەخۆشی هەوكردنی پەردەی مێشكی منداڵ و وتیشی، دڵنیابن لەتوانای پزیشكان و نەخۆشخانەكان و هیچ حاڵەتێكی مردن بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە تۆمارنەكراوە لەسنووری پارێزگای سلێمانی و نەخۆشیەكی كوشندە نییە.
پزیشکان بەردەوام رێنمایی دایک و باوکان دەکەن لە دەرکەوتنی نیشانەکان منداڵەکانیان ببەنە نەخۆشخانەکانی منداڵان، لەبەرئەوەی لە ئەگەر زوو چارەسەر نەکردنی دەکرێت منداڵەکە رووبەڕووی کێشەی تەندروستی ببێتەوە وەک، گیانلەدەستدان، لەدەستدانی بینین و بیستن، گەشکەی بەردەوام، ئیفلیج بوون و کەمبوونەوەی ئاستی زیرەکی و توانای مێشک. 
پزیشکان رێنمایی دایک و باوکان دەکەن هەر منداڵێک تا و سەرئێشەی هەبوو دووریبخەنەوە لە منداڵانی دیکە، رێگەنەدەن بچێتەوە قوتابخانە و لە بەکارهێنان دەستشۆر، خاولی، کەوچک و قاپیشدا چاودێریی بکەن کەسانی دیک ئەو کەلوپەلانەی بەکارنەهێننەوە هەروەها پێویستە ئەو منداڵانە ماسک بەکاربهێنن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان