بۆ چی پارتی لە میدیاكانەوە دەڵێ لەگەڵ هەڵبژاردنداین، بەڵام لە واقیعدا رێگری لێدەكات؟
هەرچەندە لە ئێستادا پارتی لە میدیاكان و پەرلەمانتارانیانەوە باس لەوەدەكەن كە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانن، بەڵام سێ خاڵی سەرەكی بۆتە هۆی ئەوەی لە واقیعدا پارتی رێگری لە هەڵبژاردنەكە بكات و لە رای گشتییەوە لایەنەكانی پێ تۆمەتبار بكات و ئەگەری دواخستنیشی بخاتە ئەستۆی لایەنەكانی تر.
ئەگەر چی لە رابردوو و ئێستاش یەكێتی و لایەنەكانی تر لەگەڵ هەڵبژاردن بوون و چەند جارێكیش ئەوەیان دووپاتكردۆتەوە، بەڵام داواكاری و شێوازی هەڵبژاردنەكەی یەكێتی و لایەنەكان بەلای پارتییەوە پەسەند نەبووە، ئێستاش دوای جارێك دواخستنی كاتەكەی، هەوڵەكانی ئەو حزبە بۆ ئەوەیە بۆ دووەمجاریش دوابخرێت.
بەپێی زانیارییەكانی گەلی كوردستان كە لە سەرچاوەی باڵای بەشدارانی لیژنە هاوبەشەكەی یەكێتی و پارتی بۆ پرسی هەڵبژاردن پێكهێناوە، پارتی رێگرە لەوەی كەمینەكان تۆماری دەنگدانی تایبەتیان هەبێت و كورسی كۆتاكانیش بەسەر پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و پارێزگاكانی تردا دابەش بكرێت.
هەروەها پارتی بێدەنگی لە پێشنیازەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە لەبارەی دابەشكردنی كورسی كەمینەكان بەسەر پارێزگاكاندا و رێگریشە لە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.
هەموو ئەوەنەش تەنها و تەنها بە ئامانجی ئەوەیە بە یاسا كۆنەكە هەڵبژاردن بكرێت و دەنگی كۆتاكان جارێكی تر لە بەرژوەندی خۆی كۆتایی پێبهێنێت.
ئەگەر پارتی بەردەوام بێت لەو رێگریانەی و نەهێڵێت، یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە و كورسی كۆتاكانیش بەسەر پارێزگاكاندا دابەش نەكرێت، ئەوا جارێكی تر هەڵبژاردن دوادەخرێت و هۆكارە سەرەكییەكەشی پارتی-یە بەڵام ئەوان وەكو پیشەی هەمیشەییان سیاسەتی بانێك و دوو هەوا جێبەجێ دەكەن، خۆیان رێگری لە هەڵبژاردن دەكەن و دەیخەنە ئەستۆی لایەنەکانی تر.