زیاد جەبار: لە دادگای فیدراڵی سكاڵامان تۆماركردووە سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی هەرێم

11:29 - 2023-05-04
دیدار
610 جار خوێندراوەتەوە

داڕشتنەوەی: گۆران فەتحی

  لەبارەی یاسای کۆنی هەڵبژاردن و رێکەوتنی لایەنەکانەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم زیاد جەبار روونیکردەوە کە  لە دوو ساڵی رابردوودا لە هەوڵدا بوون،  تا هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكەنەوە،  كە لە رابردوودا بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بەپێی رێكەوتنی سیاسیی نێوان یەكێتی و پارتی لەلایەك و گۆڕان و پارتی لەلایەكی ترەوە لەسەری رێکەوتوون، وتیشی: «یەكێك لە خاڵە بنەڕەتییەكانی رێکەوتنە سیاسییەکە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بوو، كە چەندین جار ئاماژەمان پێكردووە كە یاسایەكی بێ كەڵكە، چونكە لە ساڵی 1992ەوە دەرچووە و ماوەی 31 ساڵە لە هەرێمدا هەڵبژاردن بەو یاسایە دەكرێت.

كەموكوڕییەكانی یاسای هەڵبژاردن
وتیشی:  چەندین جار باسی كەموكوڕییەكانی ئەو یاسایەمان كردووە کە لەو 111 پەرلەمانتارەی كوردستان، ئاخۆ نوێنەرایەتی تەواوی هەموو شار و شارۆچكەكان هاوسەنگیی تێدایە؟ میدیاکان دەتوانن لێکۆڵینەوە بکەن، ئەوکات  دەردەكەوێت كە هاوسەنگی نییە،  بۆیە بە پێویستمان زانیوە یاساكە بەشێوەیەك هەموار بكرێتەوە كە چوار بازنە لە چوار پارێزگاكەی هەرێمدا هەبێـت لەناو یاساكەدا، بۆئەوەی هەر پارێزگایەك نوێنەری خۆی بنێرێتە پەرلەمانی كوردستان لە هەڵبژاردندا و هێندەی ژمارەی دەنگدەر و دانیشتوانی خۆی و بۆئەوەش کە پێکهاتەکان نوێنەرایەتی خۆیان بكەن.
لە مەسەلەی تۆماری دەنگدەرانیشدا،  هەموو لایەكمان بڕوامان وایە، تۆمارێكی پاك و بێگەرد نییە، بۆیە داوامان كردووە بایۆمەتریی عیراق بەكاربهێنرێـت، هەر ئەوەی لە 2021 هەڵبژاردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران پێكرا،  چونكە ئامار و داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عیراق جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمدا.

كار بە رێكەوتنەكان بكرێت
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەشی بەوەدا کە وەكو یەكێتی زۆر هەوڵیانداوە، پشت بەو رێكەوتنە سیاسییانە ببەستن كە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا كراوە، بۆئەوەی بتوانرێت هەمواری یاساكە بكرێتەوە و كۆمسیۆنیش كارا بكرێتەوە، وتیشی، یەكەم كۆبوونەوەمان لە3/11/2021 دا كردوە و داوامانكردووە یاساكە هەمواربكرێتەوە، بەڵام نەكرا، ئەگەر ئەوكاتە پارتی لەگەڵمان هاوڕابووایە و بهاتایەتە پێشەوە تا پێکەوە یاساكە هەموار بكەینەوە، ئەوا هەم یاساكە و هەم كۆمسیۆنەكەش كارا دەكرایەوە،  پێش تەواوبوونی وادەی پەرلەمانیش كە دەیكردە 6/11/2020 دەمانتوانی لە هەرێمدا هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بکەین.

هەڵبژاردنێك خەڵک متمانەی بە ئەنجامەکانی هەبێت
زیاد جەبار ئاماژەشی دا بەوەی كە ئامانجی یەكێتی لە هەمواركردنەوەی ئەو یاسایە، ئەوەبووە بتوانرێت هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت و وتی: هەموولایەك دەزانن بەشێكی زۆری هاووڵاتیان كە ناچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان، هۆکارەکەی ئەوەیە كە متمانەیان نەماوە بە چارەنووسی دەنگەکانیان، کە ئاخۆ ئەو دەنگەی دەیدەن، بۆ نوێنەرەكەیان دەڕوات یان نا، بۆیە مەبەستمانە ئەو یاسایە بەشێوەیەك هەمواربكرێتەوە كە تەواوی خەڵكی كوردستان متمانەیان پێی هەبێـت  و بتوانن دەنگە راستەقینەكەی خۆیان بدەنە ئەو كەسەی كە بە نوێنەری خۆیانی دەزانن، لەبەرئەوە زۆر هەوڵماندا و چەندین كۆبوونەوە كرا، بەڵام پارتی و پێكهاتەكان رێگربوون لەبەردەم هەمواركردنەوەی یاساكە، ئاماژەی بەوەش دا كە هەموو رێگاكانیان تاقیكردۆتەوە بۆئەوەی هەموولایەك رازی بن بە هەموارەكە، چونكە یاساكە رەهەندی نیشتمانی هەیە و  پێویستە هەموو هێزە سیاسییەكان لەسەری بسازێن، یەكێتی و كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتوویی ئیسلامی و نەوەی نوێ و گۆڕان هەموو ئەمانە رێكەوتین  لەسەر ئەوەی پڕۆژەیەكمان هەبێت، بۆئەوەی بتوانین هەمواری یاساكە بكەینەوە، بەڵام پارتی نەهات لەگەڵماندا، پاش درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانیش، هەوڵێكی تر هەبوو، كە دەستپێشخەرییەکی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو بەوەی هەموو كێشە و كەموكوڕییەكانی ئێستای هەرێم وەلابنێین و كار لەسەر مەسەلەی یاسای هەڵبژاردنەكان بكەین، بۆئەوەی بتوانین لەكاتی خۆیدا هەڵبژاردن بكەین و واز لە هەموو ئەو كەموكووڕیانە بهێنین، چونكە مەسەلەی هەڵبژاردن مەسەلەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانییە، بۆئەوەی بگەین بە رێكەوتنێك لەسەری، چەندین دانیشتمان كرد و لە كۆمەڵێك خاڵی باشدا هاتنەپێشەوە و رێكەوتین، بەڵام لەسەر چەند خاڵێك ناکۆک بووین، بۆئەوەی خەڵكی كوردستانیش ئاگاداربێـت، ئەو پڕۆژەیەی ئێمە لەگەڵ لایەنەكانی تردا پێشكەشمان كرد، بریتیبوو لە هەمواركردنەوەی 26 مادە لە یاساكە و لە بەشێكیشی لێكتێگەیشتنمان هەبوو.

یۆنامی لەوبابەتەدا 
دەسیپێشخەرییەکی خستەڕوو
 كۆبوونەوە لە نێوان یەكێتی و پارتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو و گۆڕان  بەیەكەوە،  هەروەها یەكێتی بەجیا لەگەڵ پارتی دانیشتووین لەسەر ئەم بابەتانە، بەڵام چەند خاڵێكی بنەڕەتی مابوو كە گرنگ بوو بەلامانەوە، نەمانتوانیوە لەسەری بگەینە رێكەوتن، كاتەكەشمان درەنگ كردووە، بۆیە مەبەستمانە كە هەموو رێگەكان بگرینەبەر و لە دوو ساڵی رابردووش لەرێگەی پەیوەندییەكانمان لەناو ئەو هێزە سیاسییانەی ناو حكومەت و هەروەها ئۆپۆزسیۆن و بەجیا هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی دانیشتووین قسەمان لەسەر ئەوە بووە، كە ئەم یاسایە هەموار بكەینەوە، بەڵام نەمانتوانیوە بگەینە رێكەوتنێك، بەتایبەتی لەسەر مەسەلەی پێكهاتەكان کە پارتی هیچ پێشنیازێكی نەخستۆتەڕوو، لەكاتێكدا  ئێمە رامانگەیاندووە كە دوو خاڵی بنەڕەتی هەن سەبارەت بە پێكهاتەكان، یەكەم، پێكهاتەكان نوێنەرایەتی راستەقینەیان هەبێت لە پەرلەمانی هەرێم، چونكە هەموو ناوچەكانی هەرێم پێكهاتەی تێدایە و ئەم پێكهاتانە دەبێت بەشداریی بكەن و نوێنەرایەتیان هەبێـت لە پەرلەمانی كوردستان، بۆئەوەی نەبنە هۆی ئەوەی كە هاوسەنگیی هێز بەلایەكدا بخەن، نە نوێنەرایەتی یەكێـتی و نە نوێنەرایەتی پارتی و نە هیچ هێزێكی سیاسیی بكەن، بەڵكو نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بكەن لە كوردستاندا، ئێمە بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی تردا بە پڕۆژەیەك تێڕوانینن و بۆچوونی خۆمان خستۆتەڕوو، پێكهاتەكان بەچەندین كۆبوونەوە قسەی خۆیان كردووە و یۆنامی پڕۆژەی خۆی پێشكەش كردووە، تەنها پارتی نەهاتووە كە دیدگای خۆی بخاتەڕوو.

لە دادگای فیدراڵی 
سكاڵامان تۆماركردووە
زیاد جەبار دەشڵێت: كات نەماوە و بێئومێد بووین لەوەی بتوانین ئەم یاسایە هەموار بكەینەوە كە بەشێوەیەك بێت هەموو خەڵكی كوردستان بە یاسای خۆی بزانێت و یاسایەكی پاك و بێگەرد بێت و  هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردی پێ بكرێت،  لەبەر هەموو ئەوانە، پەنامان بردە بەر دادگای فیدراڵی و هەموو رێكارە یاسایی و دەستوورییەكانیش دەگرینەبەر بۆئەوەی هەمواری ئەم یاسایە بكەینەوە و لەكاتی خۆیدا هەڵبژاردن بكەین و روونیشیکردەوە کە لەسەر چەند مادەیەكی بنەڕەتی ناو یاسای هەڵبژاردنی هەرێم لە دادگای فیدراڵی سكاڵامان تۆماركردووە، تا بتوانین ئەو مادانە گۆڕانكارییان تێدا بكەین و یاسایەكی رێك و پێك ئامادە بكەین، هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت.


 
 

بابەتە پەیوەندیدارەکان