هێڤی فازیل یه‌كێكه له ژنه راگه‌یاندنكاره‌كانی نێو راگەیاندنی كوردی، پێشكه‌شكاری بەرنامەیەكی سیاسییه به ناوی (تا یه‌ك) لە كەناڵی كوردسات، ئێستاش سه‌رقاڵی خۆئاماده‌كردنه بۆ پێشكه‌شكردنی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر.
هێڤی فازیل وتی، سه‌ره‌تاكانی كاركردنم له راگه‌یاندن وه‌ك زۆرینه‌ی هاوپیشه‌كانم ئاسان نه‌بوو، پلانیشم بۆ كاركردن له نێو راگه‌یاندن نه‌بوو، هه‌ر له منداڵیمه‌وه حه‌زم به ئاگایی و زانینی هه‌واڵ و زانیارییه سیاسی، ئه‌منی، هونه‌ریيه‌كانی جیهان هه‌بووه، خوێنه‌ر بووم بۆیان و هه‌ر له مناڵیشمه‌وه حه‌زم به گوێگرتن له هه‌واڵه‌كان هه‌بووه نه‌ك ته‌نها سه‌یریكردنی كارتۆن! به‌ڵام نه‌مده‌زانی ئه‌م حه‌زه‌م بۆ هه‌یه، چونكه خولیای ده‌ركه‌وتنم به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌بوو، كاتێك له زانكۆ له به‌شی راگه‌یاندن وه‌رگیرام و خوێندم هه‌ستمكرد حه‌زم له هه‌واڵسازیيه، به‌ڵام دواتر گۆڕا بۆ بێژه‌ری و پێشكه‌شكاری هه‌واڵی سیاسی، من هه‌ر زوو قۆناغه جیاوازه‌كانی ئه‌و بواره‌م بڕی، كه‌واته سه‌باره‌ت به‌كاركردنم له راگه‌یاندن دەكرێ بڵێم قه‌ده‌ر بوو، چونكه ئه‌و حه‌ز و خواسته‌ی له منا ده‌رخست خۆم دركم پێنه‌كردبوو.
هێڤی بە دوالاپەڕەی وت، پێنج ساڵه له راگه‌یاندن كار دەكەم، من ناتوانم به دوو وشه وه‌سفی راگه‌یاندن بكه‌م، به‌ڵام دەكرێ بڵێم پیشه‌یه‌كی قورسی خۆشه‌ویسته پێویستی به لاواندنه‌وه و گرنگی پێدانه وه‌ك مناڵ وایه! په‌روه‌روه‌رده‌كردنی قورسه، به‌ڵام هه‌ر خۆشتەوێت، ئه‌گه‌ر گرنگی پێنه‌ده‌ی له مه‌وداكه ون دەبيت و پیشه‌كه له ده‌ست ئه‌ده‌یت.
هێڤی فازیل، له شاری سلێمانی له‌دایك بووه، بروانامه‌ی بەكالۆریۆسی له به‌شی راگه‌یاندن به ده‌ستهێناوه، هێڤی خۆشه‌ویستی بۆ كاره‌كه‌ی وایكردووه بیرله‌وه نه‌كاته‌وه ده‌ستبه‌رداری ببێت، هه‌روه‌ها راگه‌یاندن به پیشه‌یه‌كی قورس و خۆشه‌ویست ناوده‌بات.
دیانا ئه‌حمه‌د