چوارەمین دیداری نێودەوڵەتی کارتۆنی کورد

10:50 - 2023-05-10
دووتوێ
155 جار خوێندراوەتەوە

هونەری كاریكاتێر یەكێكە لەو هونەرانەی پانتاییەكی فراوانی لەسەر ئاستی جیهان لە بوارە جیاوازەكانی ژیاندا بۆ خۆی پاوانكردووە و  توانیوێتی ببێتە هۆكارێكی زۆری گۆڕانكاری بۆ باشتربوونی ژیان، دیارە هەر ئەوە بۆتە هۆكار كە ژمارەیەكی زۆری هونەرمەندانی كاریكاتێر بەردەوام بەرەو رووی كێشە و زیندان و تەنانەت كوشتن بوونەتەوە، كاتێك بوونەتە هۆكاری چارەسەری كێشەیەك لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان بووە و بەزیانی دەسەڵاتداران و سەرمایەداران بووە، لەهەمانكاتدا بوونی ئەو ژمارە زۆرەی رۆژنامەو گۆڤارە تایبەتانەی بەم هونەرە هۆكارێكی تری نیشاندانی ئەو دیاردە نا ئینسانیانەن وای کردووە مرۆڤایەتی لەژێر چ قەیرانێك ژیان بەسەر ببات.
لە باشوری كوردستان و بەتایبەت لەشاری سلێمانی و لە رێگای رۆژنامەی كوردستانی نوێ-ەوە توانراوە گرنگییەك و تایبەتمەندییەك  ببەخشرێت بەم هونەرە و لەوچوارچێوەیدا سەدان بابەت و كاریكاتێر و دۆسێیەک بەناوی كاریكاتۆر چاپ و بڵاوبۆتەوە و ئەمڕۆش بەچاپگەیاندنی ئەم دۆسێیە سەلمێنەری ئەو وتانەی سەرەوەمانە كە بەردەوام گرنگییەكی تایبەتی پێداوە و ئەم دۆسێیەش تایبەتە بە (4 هەمین دیداری نێودەوڵەتی كارتۆنی كوردی) كە ناوەندی 7 رەنگە سازیكردووە و (55) وڵات بەشدارییان کردووە لەدوای جیاكردنەوەی كارە بەشداربووەكان دیدارێكی گرنگ و بەرچاو هاتۆتە بوونەوە كە جێی شانازییە. 

ئامادەکردنی دۆسێ
بەختیار سەعید

ئازادیی رادەربڕین و چوارەمین دیدار بە بەشداری 55 وڵات

ئازادی رادەبڕین یەكێكە لەو كێشە سەرەكییانەی مرۆڤایەتی تووشی شۆك كردووە و رۆژانە دەبیستین و دەبینین چۆن لەناو ئەو وڵات و ئەو شارە بە چ شێوەیەك ئازادییەكان بەرتەسك كراونەتەوە و تا  ئاستێكیش مافی مرۆڤ پێشێل دەكرێت و رۆژانە ئەم هەواڵانە بوونەتە جێی نیگەرانیمان، بەتایبەت ئەو ئەنجام دەرانە ئەوانەن كە ناویان لەخۆیان ناوە  دەسەڵاتدار، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بۆتە دیاردەیەکی مەترسیدار و ئەمەش ئەرکی هونەرە بەتایبەت هونەری کاریکاتێر کە گوزارشتی خۆی لەبارەوە بکات.
ناوەندی 7 رەنگە وەكو ناوەندێكی هونەریی كە ساڵی 2016 لەشاری سلێمانی هەرێمی كوردستانی عیراق كە پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی كوردستانە دامەزراوە و لەڕێگای دیداری نێودەوڵەتی كارتۆنی كوردییەوە توانیوێتی لەگەڵ زۆرترین هونەرمەندی كاریكاتێرست و لەناو ژینگە و پێگەو وڵاتی جیاوازەوە كار بكات،  دەنگەكان لەناو شارێكی ئازادی وەكو سلێمانییەوە بگەیەنێتە بەرفراوانترین پێگەكانی ژیانی مرۆڤەكان لەسەر رووی زەمین.
بۆ ئەمساڵ 2023 ناوەندی 7 رەنگە هەر لەكۆتایی ساڵی رابردووەوە ناونیشانی (ئازادی را دەربڕین)ی دەستنیشانكردوو بە دڵخۆشییەوە لە ئەنجامی ساڵێك كاركردن لەگەڵ ناوەندەكانی كارتۆن لەجیهاندا هەر لە گروپ و رێكخراو و تەنانەت تاك بەتاكی ئەو هونەرمەندانەی كە توانراوە ئاشنایەتییان لەگەڵدا پەیدا بكرێت لینكی لەگەڵدا دروستكردوون و ئەنجام (223) كاریكاتێرست لە (55) وڵاتەوە بەشداریان كردوو لەدوای ئەوەی لیژنەی داوەریی كە پێكهاتوون لە (ئیزابیلا کوالسکا-پۆڵندا،  شیما شەریف – میسر، مارینا ئەڤرامسکو - رۆمانیا) 85 كاریان هەڵبژارد لەناو (455) بەرهەمدا (3) كار وەكو باشترین بەرهەم و دواتریش (10) كار وەكو باشترین (10) كار رێزلێنانی تایبەتیان پێدەبەخشرێت، لەڕووی ئاستی تەكنیكی كارەكانەوە هەڵبژێردران و دواتر ئەوەی لەناو هۆڵەكەدا دەبینرێت هەڵبژاردەی ئەو لیژنەیەیە كە بەو ئەركە هەستاون.
سوپاسی تایبەتیم بۆ :
- بەڕێزان  (ئیزابیلا کوالسکا-پۆڵندا،  شیما شەریف – میسر، مارینا ئەڤرامسکو - رۆمانیا) كە ئەركی لیژنەی داوەرییان زۆر دڵسۆزانە ئەنجامدا.
- بەڕێز ستران عەبدوڵڵا لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان كە ئەركی چاپكردنی كەتەلۆك و بەرهەمەكانی هونەرمەندانی بەشداربووی لە ئەستۆ گرتووە.
- سوپاسی تایبەتیم بۆ محەمەد كەریم سەرنووسەری رۆژنامەی كوردستانی نوێ كە بەردەوام هاندەر و پشتگیریی چالاكییەكانی ناوەندی 7 رەنگە بووە و ئەم دۆسێیە بە پشتگیریی ئەوان چاپ و بڵاوكراوەتەوە.
- بەڕێز (د. تەها رەسوڵ) و دەزگای خێرخوازی كەریمی ئەلەكە كە هاوكارێكی دڵسۆزمان بوون.

*بەڕێوەبەری چوارەمین دیداری نێودەوڵەتی كارتۆنی كورد

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان