بزاوتنێكی سیاسی بۆ پێكهاتن لە نێوان لایەنە ناكۆكەكاندا

09:18 - 2022-04-26
دووتوێ
709 جار خوێندراوەتەوە

ئاوێنەی عیراق

زۆرێك لە لایەنە سیاسییەكان پێیانوایە، ئەم رەوشە ئاڵۆزەی عیراقی پێدا تێدەپەڕێت، لە دوای پشتووی جەژنی رەمەزان كرانەوە بەخۆوە دەبینێت، بەو پێیەی بزاوتنێكی سیاسی شاردراوە و بەدوور لە میدیاكان هەیە لەنێوان سەركردە و جەمسەرە سیاسییەكانی وڵات كە رەنگە ئاكامەكەی ببێتە مایەی چارەسەری رەوشەكە و پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌، لەكاتێكدا واقیعەكە بە بێدەنگبوون و چەقبەستووی دەردەكەوێت لەنێوان ئەو هێزانەی خولقێنەری كێشەكەن، بەڵام پێدەچێت گوشاری ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ببێتە هۆی تێپەڕاندنی تەنگژەكە و دەستكردن بە قۆناغێكی نوێ‌. 

تێپەڕاندنی تەنگژەكە 
دكتۆر عامر روبەیعی، سەرۆكی سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی عەرەبی ئەوروپایی لە پاریس پێیوایە»پەڕینەوەی وڵات لەم تەنگژەیە، خۆی لە پێكهێنانی حكومەتی براوەكانی هەڵبژاردندا دەبیێتەوە لەنێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر، ئەوەی عیراقیش چاوەڕوانی دەكات لە تێكەڵەی سیستمی سیاسی ئێستا، بەپێی ئەو دەرهاویشتانەی لە گۆڕەپانی سیاسی عیراقدایە، ئەوا هەریەك بەپێی ئەجێندای ئیقلیمی و نێودەوڵەتی خۆی دەجوڵێتەوە، بۆیە ئەوانە لە رابردوودا دووچاری شكستبوون و لە ئایندەشدا لە سەركردایەتیكردنی عیراقدا رووبەڕووی شكست دەبنەوە، سەرباری ئەمەش سێ‌ سەرۆكایەتییەكە بۆتە بارگرانی بەسەر وڵاتەوە، نەك تەنیا پەرلەمان كە لە دوو دانیشتنی پیشوودا شكستی هێنا بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئامادەبوان، بەڵكو هەموان بێتوانان لە بەكارهێنانی دەسەڵاتی دەستوری خۆیان». 

حكومەتی براوەكانی هەڵبژاردن
روبەیعی پێیوایە»هەنگاونان بەرەو پێكهێنانی حكومەتی ماف و براوەكانی هەڵبژاردن كارێكی زۆر پێویستە، بەو پێیەی دەبێت پێكهاتن لەنێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر بكرێت بۆ سەركردایەتیكردنی قۆناغی داهاتوو و دەربازكردنی وڵات لەم تەنگژەیەی  لەلایەن ئەو سەركردانەی وابەستەی وڵاتانی دەرەوەن لە وڵاتدا دروستكرا، بۆیە پێكهاتن لەنێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر، تاكە چارەسەرە، بگرە باشترین دەرچەیە بۆ دەربازبوون لە تەنگژەكان لەم قۆناغەی مێژووییەی عیراق». 

سیستمێكی شكستخواردوو 
وەهاب رەزاق هنداوی، نوسەر و توێژەر لە كاروباری سیاسەتی عیراقی لای خۆیەوە دەڵێت»سیستمی پەرلەمانی لە عیراق شكستخواردوو و بێكەڵكی خۆی دەرخست، باشترین نمونەش شكستخواردنی بوو لە تەواوكردنی رێژەی یاسایی ئامادەبوان لە دوو دانیشتنی پێشوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، سەرەڕای ئەمانەش زۆریی پەلكێشكردنە سیاسییەكان لەنێو پەرلەماندا لەكاتی پێكهێنانی حكومەت كە لە هەموو خولەكانی پێشوودا پێكهاتنی گەیاندۆتە 6 مانگ یان زیاتر، ئەمەی ئێستاش هەیە سەرەتایەكە بۆ ناسەركەوتوویی ئەم خولە و بەڵگەیە لەسەر بەردەوامبوونی شكستەكان لە ئایندەدا، چونكە كێشەكە لەو پێكهاتەیەدایە كە لە هەڵبژاردندا براوە بوو، بەو پێیەی هیچ فراكسیۆنێكی پەرلەمان، ئیتر ژمارەی پەرلەمانتارانی تا ئەمڕۆ هەرچەند بێت، نەیتوانیوە بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ تەوافوق لەگەڵ فراكسیۆنەكانی تر، حكومەت پێكبهێنێت». 

ئەگەرێكی كراوە
بە بۆچوونی هنداوی»بابەتی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و هەنگاونان بەرەو هەڵبژارنێكی تری پێشوەختە لەماوەی چەند مانگی داهاتوو بەدوور نازانرێت گەر لایەنە ناكۆكەكان لەنێو خۆیاندا نەگەنە رێككەوتن، ئەمەش بە ئەگەرێكی كراوە دادەنرێت، چونكە ململانێكان لەنێو پێكهاتنەكان و پاشان هەریەك لەنێو خۆیدا، دەبنە مایەی ئەوەی وڵات بەرەو ململانێیەكی تری لاەوەكی پەلكێش بكەن، بۆیە پەرلەمانی ئێستا لەسایەی ئەم رەوشەدا هەرگیز سەركەوتوو نابێت لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت، بەو پێیەی لە بنەڕەتدا لایەنە سیاسییەكان راستگۆنین، بەڵگەش بۆ ئەمە تێپەڕبوونی شەش مانگە بەسەر هەڵبژاردن، بەبێ‌ ئەوەی  تا ئەمڕۆ هیچ هیوایەكی نوێ‌ بەدی بكرێت». 

وادەیەكی نادیار
لەدوای شكستخواردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە سازدانی دوو دانیشتنی رابردوو بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و دواخستنی سازدانی دانیشتنی یەكلایی كردنەوەی پرسەكە بۆ وادەیەكی تر، پرۆسەی سیاسی لە عیراق دەخاتە مەترسییەكی گەورەوە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان كاروبارەكانیان رێكبخەنەوە و سازش بكەن لەسەر هەندێك لە داواكارییەكانیان، چارەسەرێكی وەها پێشكەش بكەن كە ببێتە مایەی رازیبوونی هەموو لایەنەكان، بەپێچەوانەوە رووداوەكان عاقیبەتییان باش نابێت. 

هەڵوێستی یەكێتی  
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەرۆشی رێككەوتنە لەبارەی زاڵبوون بەسەر ئاستەنگە سیاسییەكان و پێكهێنانی حكومەتێكی كارا و خزمەتگوزار، كە لە ئاست پێویستی و خواستی ئەمڕۆی خەڵك و هەموولایەك بێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە 18ی نیسانی 2022 لە ماڵی مام لە بەغدا پێشوازیكرد لە ماتیۆ تولەر ، باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق و لە دیدارێكدا گفتوگۆی هەمەلایەنە كرا لەبارەی پرۆسەی سیاسی عیراق، هەرێم و ئەو بەرەوپێشچونانەی هاتوونەتە پێش بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و گفتوگۆی نێوان لایەنەكان بۆ دەربازبوون لە دۆخی چەقبەستووی سیاسی.
هەر لە دیدارەكەدا جەختكرایەوە لەسەر لێكتێگەیشتن و پەنابردن بۆ گفتوگۆ، وەك چارەسەرێك بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی گەیشتن بە رێككەوتن و لێكتێگەیشتن لەپێناو بەرژەوەندی گشتی.
بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشی یەكێتی دووپاتكردەوە بۆ رێككەوتن لەبارەی زاڵبوون بەسەر ئاستەنگە سیاسییەكان و پێكهێنانی حكومەتێكی كارا و خزمەتگوزار كە لە ئاست پێویستی و خواستی ئەمڕۆی خەڵك و هەموولایەك بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری سیاسی، ئابووری و ئەمنی لە وڵاتدا.

مەترسییەكانی چەقبەستنی سیاسی 
عارف حەمامی پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی، بوونی جموجۆڵ و دەستوەردانێكی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سیاسی و چارەسەركردنی چەقبەستنی ئێستای وڵاتی ئاشكرا كرد و رایگەیاند، لەو رێگەیەوە رێكەوتنی سیاسی دەكرێت و سەرۆك وەزیران دیاریی دەكرێت و حكومەت لە مانگی رەمەزاندا پێكدەهێنرێت.
حەمامی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند”فاكتەری ئیقلیمی و نێودەوڵەتی هەستییان بە مەترسی چەقبەستنی سیاسی كردووە لە پرۆسەی سیاسی عیراق، بەو پێیەی هەر دەرهاویشتەیەكی لێبكەوێتەوە كاریگەریی لەسەر ناوچەكە دروستدەكات، بۆیە ئەو وڵاتانە هەوڵیاندا راوبۆچوونەكان لەیەكتر نزیكبكەنەوە لەنێوان هێزە سیاسییە ناكۆكەكان». 
حەمامی پێشبینی كرد»ئەو هەوڵانە ببنە مایەی رێكەوتنی سیاسی سەبارەت بە دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكومەت لە مانگی رەمەزانی پیرۆز». 
پەرلەمانتارەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی پێیوایە»رێكەوتنەكە وادەكات بەشداریی لە حكومەتدا بەپێی قورسایی شایستەی هەڵبژاردن بێت، لەگەڵ پابەندبوون بە نەریتی سیاسی كە پێشتر پرۆسەی سیاسی لەسەر رۆیشتووە، لەو رێگەیەشەوە شیعەكان سەرۆك وەزیران دەستنیشان دەكەن و هێزە كوردییەكانیش سەرۆك كۆمار».

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان