لە عەرەبییەوە:نەرمین عوسمان محەمەد
رۆمانی (سوكتر لە با) رۆمانی رۆماننووسی ئیسپانی فیدریكۆ جانمیرە و لە ساڵی (2009) دا بڵاوبۆتەوە و لە هەمانساڵدا خەڵاتی كلارین بەخشراوەتە نووسەرەكەی بۆ ئەم رۆمانە. رووداوەكانی رۆمانەكە سەبارەت بە دزییەكە كە هەموو پێوەرەكان دەگۆڕێت و دزەكە دەكەوێتە ژێر رەحمەتی ژنێكی پیرەوە.
سەبارەت بەم رۆمانە گۆڤاری (الیمامە)ی سعودی لە ژمارەی مانگی (1)ی ساڵی (2003)دا ئەم چاوپێكەوتنەی بڵاوكردۆتەوە.
نازانم لە رۆمانەكانمدا چی روودەدات كاتێ دەست بەنووسینیان دەكەم و لێدەگەڕێم كارەكتەرەكان دەربكەوت، بەم شێوەیە فیدریكۆ جانمیر بیرۆكەی دەقێك هەڵدەبژێرێت و لە رێگەی نووسینی دەقەكەوە كارەكتەرەكان دروست دەبن و رووداوەكان روودەدەن، ئەوە دەنووسێت كە هەستی پێدەكات ئەو دەمەی گوێی لە چیرۆك و بەسەرهاتەكان دەبێت سەبارەت بە كۆمەڵگەكەی و رۆشنبیری ئەو كۆمەڵگەیە، نووسەر لە ئەرجەنتین لەدایك بووە و لەوێ ژیاوە لە كۆمەڵگەیەكدا بایەخی بە چیرۆك داوە و هونەری رۆمانی بە كارامەیی زانیوە، ئەمەش وای لێكردووە ببێتە خاوەنی توانایەكی گەورە لە نووسینی داهێنەرانەدا بەهۆی تایبەتمەندێتی خۆیەوە لە ئەدەبی ئیسپانیدا.
هەمیشە رۆمانی (سوكتر لە با) ی فیدریكۆ جانمیر بووەتە مایەی مشت و مڕ سەبارەت بە لاوی ناو رۆمانەكە و رادەی كاریگەری رابردوو لەسەر ژیانی خانمی پاڵەوانی رۆمانەكە، چون ئەو هەموو هەوڵی داوە و نەیتوانیوە رزگاری بێت لە تەنهایی و لەگەڵ ئەوەی كە ئەو لاوە پەلاماری خانمەكەی داوە، بەڵام خانمەكە دەرفەتێكی دیكەی بۆ ئاخاوتن و هەستكردن بە ژیان جارێكی دیكە لەگەڵ ئەو لاوەدا دۆزیوەتەوە لەسەر بنەمای باوەڕبوونی بەوەی دەتوانێت ئەو لاوە سەرلەنوێ بنیات بنێتەوە و ئەوەی لە ناخیدایە لەو رێگەیەوە هەڵیبڕێژێت.
*لە میانی خوێندنەوەی رۆمانەكەدا هەست بەوە دەكرێت كە خاوەنی شێوازێكی جوانی نووسینیت و هونەری گێڕانەوە بەباشی دەزانیت، ئایا نووسینەكانت تەواوكەری خوێندنەوەتن لە ئەدەبی لاتینیدا؟
-بەبۆچوونی من هەموو چیرۆكێك پێویستی بە رێگایەكی راستە بۆ گێڕانەوەیەكی نووسەر دۆزینەوەی ئەم رێیە، لەم دۆخەدا لە مۆنۆلۆگەكەدا بڕیارمدا پاڵەوانەكە خانمێك بێت لە چینی ئەرخەوانی كە چینی دەسەڵاتدارە و كوڕەكەش كەسێكی زۆر هەژارە و پەراوێزخراوە سەر بەو چینەیە لە كۆمەڵگەكەماندا كە دەرفەتی ئاخاوتنیان نییە، پێموابوو ئەمە چیرۆكەكە بە رێگایەكی باشتر و زۆر كامڵتر دەگێڕێتەوە.
*ئایا ئاگاداربوونت لە ئەدەبی ئیسپانی هۆكارە بۆ چوونت بەرەو نووسینی داهێنەرانە یاخود تۆ باوەڕت بەوەیە ئەو بەسەرهات و هەڵوێستانەی لە ژیانی مرۆڤدا روودەدەن دەقە ئەدەبییەكان دەنەخشێنن و دروستیان دەكەن؟
-زمانی ئیسپانی بێجگە لەو هەموو شتەی دیكە پێی بەخشین (دۆنكیشۆت) بوو ئەوەی زۆر هۆگریم، كتێبێكە خەیاڵ تێیدا زاڵە، بێگومان هەوڵدەدەم رێز لەو رابردووە بگرم. هەرگیز نازانم چی لە رۆمانەكانمدا روودەدات و واز لە كارەكتەرەكان دەهێنم دەربكەون و بڕیاری هەنگاوەكانیان بدەن، هەوڵدەدەم گوێیان بۆ رادێرم و ئارەزووەكانیان بدۆزمەوە و بزانم بۆچی دەگەڕێن، رێم بەخۆم داوە بۆ دەرچوون و هەست بەوەش دەكەم. (سوكتر لە با) ، ئەم رۆمانە لە ئەنجامی هەواڵێك لەدایك بوو لە تەلەفزیۆندا بینیم ئەو دەمەی ژنێكی زۆر پیر كوڕێكی لاوی راودەنا كە نیازی دزیكردنی هەبوو لێی و دەبوایە دراوسێكانیان بەرگریان لە كوڕەكە بكردایە لەبەرامبەر ژنەكەدا. ئەوە بووە هۆی نووسینی رۆمانەكە.
*تۆ سەر بە كۆمەڵگەیەكیت هونەری گێڕانەوە زۆر بەنایابی دەزانێت، ئایا ئەمە هۆكاری هۆگربوونت بوو بەنووسین؟
-من چیرۆكە ساناكانم خۆشدەوێت نەك چیرۆكە مەزنەكان، چونكە چیرۆكە ساناكان زۆر لەسەر كۆمەڵگە و رۆشنبیری دەدوێن، هەروەها هەوڵدەدەم نموونەكەم لەگەڵ ناواخنەكەمدا بگونجێت زۆر گرنگە ئەمە رووبدات، خۆ ئەگەر روونەدات ئەوا ئەدەب نییە و چێژ لە نووسینەوەی وەرناگرم.
*هەوڵت داوە لە رێگای رۆمانەكەوە سەبارەت بە ژن لە سەدەی بیستدا بنووسیت، ئایا هیچ خاڵێكی وەرچەرخان هەیە لە ژیانی ژندا؟ چی گۆڕاوە لەم سەردەمەدا؟
-رۆمانەكە هەوڵدەدات لەسەر ئەو وەرچەرخانە بدوێت كە لە كۆمەڵگەكانماندا روویداوە لە میانەی سەدەی بیستدا بەتایبەتی ژن، ئەمە هۆكاری چیرۆكی دایكی خانمی پاڵەوانی رۆمانەكەیە لە سەرەتای سەدەكەدا و هەروەها هۆكاری چیرۆكەكەیەتی لە كۆتایی سەدەكەدا، سەدەی بیست سەدەی دەركەوتنی ژن بوو وەكو بابەتێكی كۆمەڵایەتی، مێژووی فڕین ئەم سەرەتایە روون دەكاتەوە، چونكە زۆرێك لە ژنان مردن لە میانەی هەوڵدانیان بۆ فڕیندا لە ساڵانی یەكەمی ئەم سەدەیەدا، هاوكات چەند ژنێك زۆر بەهێز بوون و داوای دادپەروەری و یەكسانیان كرد تاوەكو بەدەستیان هێنا.
*ئەم رۆمانە چەند پرسیارێكی بەجێهێشت لەنێو یادەوەری خوێنەردا لەوانە: ئایا ئەوەی روویدا راستەقینە بوو یاخود تەنها چیرۆكێكی چنراوی نێو مێشكی ژنە پیرەكە بوو هاتبووە دەرێ بەهۆی هەستكردنی بە تەنیایی و هەستكردنی بەوەی بۆ دواجار پێویستی بە گێڕانەوەی چیرۆكەكەیەتی؟
-ماوەی ساڵێك زیاتر سەرقاڵی نووسینی رۆمانەكە بووم و سوێند دەخۆم كە كوڕەكە هەمیشە لەوێ ئامادەبوو، كاتێك رۆمانەكە بڵاوبووەوە زۆرێك لە خوێنەران پێیانوابوو لە خەیاڵدانی خانمەكەوە هاتۆتە دەرێ و ئەمەش شتێكی خراپ نییە، لە راستیدا من پێم خۆشە ئەو نادیارییە رووبدات و بە پێویستیەكی بنەڕەتی لە ئەدەبدا دەزانم و هەروەها ئازادی هەموو خوێنەرێك لە تێگەیشتنی بۆ ئەوەی دەیخوێنێتەوە بەبێ خوێندنەوەكان دەق نییە و بەبێ واتای هەمەجۆر گێڕانەوەیەكی كەم دەبێت، ئەدەب بریتییە لە گفتوگۆ گفتوگۆیەك دەستەكانیت بۆ بكاتەوە تاوەكو بەخێرهاتنت بكات.
*دوای ئەوەی پیرێژنەكە چیرۆكی ژیانی خۆی بۆ كوڕەكە گێڕایەوە پرسیارێك بەمێشكی خوێنەردا دێت ئایا دایكەكە بووەتە قوربانی پێشبینی و خواستەكانی؟
-چوونە نێو جیهانی پیاوان و بەشداریكردن تێیدا ریسكێك لە خۆی دەگرێت، ئەم ریسكە گەورانەش ژنان بەرگەیان گرت، لەوانەیە هەندێكیان یاخود زۆربەیان قوربانی بن لەو هەوڵەیاندا، بەڵام سەركەوتووبوون لە بنیاتنانی جیهانێكی جیاواز لە جیهانی رابردوو. جیهانێك ژنان دەتوانن وەكو رەگەزێك تێیدا بڕواننە داهاتوویەكی باشتر بەبێ قوربانی.
*لە رۆمانی (سوكتر لە با) دا پیرێژنەكە منداڵییەكی سەختی بەڕێكرد ئەمەش هانیدا بگەڕێت بە دوای كارێكدا هاوكاری بكات لەگەشەپێدانی كۆمەڵگەدا و ویستی كۆمەڵگەیەكی ئەخلاقی لێبووردە دروست بكات، بەڵام كۆمەڵگا هەرگیز لێی نەبورد و هەمیشە ئەو هەڵەیەی لەیادبوو كە دایكی كردبووی، ئایا هەوڵی رێنمایی و راستكردنەوەی كوڕەكەی دا بەهۆی ئەوەی كە خۆی پێیدا تێپەڕیبوو لەبری ئەوەی پەیوەندی بە پۆلیسەوە بكات؟
-خانمە پاڵەوانی رۆمانەكە نوێنەرایەتی ئەو چینە كۆمەڵایەتییە دەكات، ئەو سەر بەوانە چینی باڵا واتا چینی دەسەڵاتدار و سەرۆكی ئەرجەنتینی ئەوانەش كۆمەڵەیەكی لێنەبووردەن و زۆر باوەڕیان بە گرنگی فێركردنی چینەكانی دیكە هەیە كە چۆن هەڵسوكەوت بكەن. دواجار رۆمانەكە رۆمانێكی سیاسییە و باس لە گرفتەكانمان دەكات وەكو دەوڵەتێك و بەپێی ئەو هەموو وەرگێڕانە بێت وا دەردەكەوێت ئەم رۆمانە باس لە گرفتەكانی کۆمەڵێک دەوڵەت دەکات.
*لە كۆتاییدا بۆچی ناوی (سوكتر لە با)ت بۆ رۆمانەكەت هەڵبژارد ئایا مەبەستت لە سووكی قەوارەی هەستەكانی مرۆڤە؟!
-ناونیشانەكە مایەی گاڵتەجاڕییە بێگومان و باس لە رێژەی كەم بایەخ پێدانی زۆرێك لە پیاوان دەكات بە ئارەزووی ژنان و لەوێوە دروست دەبێت ئەو پیاوەی هەر ئێستا ئازاری دایكی خانمی پاڵەوانی داوە گفتوگۆی لەگەڵدا دەكات. هەروەها لە كۆتایی رۆمانەكەدا ئەو ناونیشانە دروست دەبێت، هەرچەندە باشترە باس لەو بابەتە نەكرێت.
سەرچاوە:
www. alyamamahonline.com