هەولێر، هێمن عەبدوڵڵا
دانیشتوانی چەند گەڕەكێكی هەولێر چەندە بە بارینی باران دڵخۆشن، هێندەش دڵتەنگن، وەك خۆیان دەڵێن: لە رابردوودا بەهۆی بارانبارینەوە چەندین جار زیانیان بەركەوتووە، تەنانەت ژمارەیەك هاووڵاتیش گیانیان لەدەستداوە. پرسیاری ئەوەش دەكەن كە ئایا تۆ بڵێی لێپرسراوانی سنوورەكە و دامودەزگاكانی حكومەت توانای ئەوەیان نەبێت ئەو مەترسییە لەسەر دانیشتووانی هەولێر كەمبكەنەوە؟!. وەك لێپرسراوان و پەرلەمانتارانیش ئاماژەیانپێكردووە «بەشێكی مەترسییەكانی دروستبوونی لافار بەهۆی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونەوەیە».
هاووڵاتیان تەواو نیگەرانن و حكومەت و ئیدارەی شارەكە بە بەرپرس دەزانن
وەك كەشناسی پێشبینی كردبوو، ئێوارەی 25/4 شەپۆلێكی بارانبارین هەرێمی كوردستانی گرتەوە، لەپاڵ دڵخۆشیی بۆ بارانەكە، خەڵكانێك لە هەولێر دڵتەنگن و دەڵێن «ئەمجارەش لافاو مەترسی لەسەر دروستكردینەوە، جگە لە دروستكردنی ئاستەنگی هاتوچۆ، زیانی مادیشی بەدوای خۆیدا هێنا، كە ئەمە سێیەم جارە لە چەند مانگی رابردوودا رووداوی لەو جۆرە لە پایتەختی هەرێمی كوردستان دروستببێت»، بەتایبەتی ئەمجارە بە بارانێكی كەمی بەهارە شەقامەكانی شارەكە پەكیكەوت، هەر ئەوەش وایكردووە هاووڵاتیان تەواو نیگەران بن و حكومەت و ئیدارەی شارەكە بە بەرپرس دەزانن.
لەجیاتی بەرزكردنەوەی باڵەخانە و گوندی هاوچەرخ، با ئاوەڕۆی پێویست دروست بكرێت
بە وتەی خەڵكی ناوچە زیانلێكەوتووەكان «لەگەڵ بارانی ئەمجارە لافاو گەڕەكەكانی زیلان ستی و تەیراوە و گڵكەندی سێتاقان و شەقامی 100 مەتری نزیك بازاڕی لەنگەی هەولێری گرتەوە، هۆكاری سەرەكی لافاوەكەش نەبوونی ئاوەڕۆی پێویست و تێكدانی رێڕەوی سروشتی ئاوی باراناوە، كە بەهۆی دروستكردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوونەوە بەشێكی زۆر لەو رێڕەوانە داخراون. بۆ ئەوەش دانیشتوانی ئەو شوێنانە رەخنە لە ئیدارەی پارێزگای هەولێر دەگرن لەوەی نەیتوانیوە رێگری لەكەسانی دەستڕۆیشتوو بکات بۆ دەست بەسەرداگرتنی زەوییەكانی دەوروبەری هەولێر و دروستكردنی پڕۆژە كە جگە لە بەرژەوەندیی تایبەتی، هیچ بەرژەوەندییەكی گشتی تێدا نییە و بەپێچەوانەوە زیانی ماڵی و گیانیی پێگەیاندوون. داواشدەكەن لەجیاتی بەرزكردنەوەی باڵەخانە و گوندی هاوچەرخ، با ئاوەڕۆی پێویست دروست بكەن، بۆ ئەوەی خەڵكی هەولێر لەو دڵەڕاوكێیە رزگاریان ببێت.
هێشتا بەشێك لە زیانلێكەوتوان قەرەبووی لافاوەكەی ساڵی رابردوویان پێنەدراوە
ئەحمەد عەبدوڵڵا خاوەنی دوكانی كەلوپەلی كارەبایی و پێداویستی ناوماڵ، پێیوتین: هەرجارێك كەشناسی باسی پێشبینییەكانی باران بكات، ئێمە ترسمان لەلا دروستدەبێت، نەك جارێكی تر ئاو بچێتە ناو دوكانەكانمان و زیانمان بەربكەوێت، كە بەهۆی بارانە كەمەكەی شەوی رابردووەوە لە چەندین شوێن لافاو دروستبوو، بەهۆیەوە زیان بەر هاووڵاتیان كەوتووە، لەكاتێكدا هێشتا بەشێك لە زیانلێكەوتوان قەرەبووی لافاوەكەی ساڵی رابردوویان پێنەدراوە. وتیشی: ناكرێ لە شارێكی وەك هەولێری پایتەخت لەگەڵ هەر بارانبارینێك تووشی كارەساتێكی وا ببێت، بۆیە باشترە لەبری بەرزكردنەوەی باڵەخانە و گوندی هاوچەرخ، لێپرسراوانی شارەكە پڕۆژەی ئاوەڕۆ جێبەجێ بكەن، بۆ ئەوەی خەڵكی هەولێر چیتر ترسیان نەمێنێت.
زەرەرمەندی یەكەم هەر هاووڵاتیانی هەژار و كەمدەرامەتە
سەبارەت بە خراپیی ئاوەڕۆی هەولێر و هۆكارەكان، ئەندازیار فاخیر عەبدولڕەحمان، رەخنە لە وەزارەتی شارەوانی و لایەنی پەیوەندار دەگرێت لەوەی لەكاتی رێگاپێدانی دروستكردنی گەڕەك و گوندە هاوچەرخەكاندا رەچاوی ئاوەڕۆ و مەترسییەكانی لافاو نەكراوە، وتیشی: راستە كارەساتی سروشتی لە هەموو وڵاتێكدا هەیە و روودەدات، بەڵام بەوشێوەیە نییە كە بەهۆی بارانبارینێكی كەمەوە مەترسی لەسەر هاووڵاتیان دروستببێت، بۆیە دەبێت كەسانی شیاو لە شوێنی شیاو دابنرێن بۆ بەڕێوەبردنی ئیدارەی دامودەزگاكان، بەهۆی ئەوەشی ئەوە نەكراوە لە رابردوودا كەموكوڕی زۆر لە گەڕەك و شوێنە گشتییەكاندا هەیە، زەرەرمەندی یەكەمیش هەر هاووڵاتیانی هەژار و كەمدەرامەتن، نەك كاربەدەستان كە ئەو خزمەتگوزارییانەی بۆ گەڕەكە دەوڵەمەند و هاوچەرخەكان كراوە، هیچ كەموكوڕییەكی نییە.
بەهۆی خراپی ئاوەڕۆكانەوە ئاوی باران رێڕەوی خۆی ناگرێت و لە شەقام و كۆڵانەكاندا كۆدەبێتەوە
لای خۆیەوە، سازگار دڵشاد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، ئەوەی خستەڕوو كە چەند هۆكارێك هەن وایكردووە لەگەڵ هەر بارانبارینێكی كەم لافاو لە ناو سنووری هەولێر دروستببێت و زیان بە ژمارەیەك گەڕەك و شوێنی گشتی بگات، لەوانە نەگونجاوی شوێن و كەموكوڕی لە پڕۆژەكانی یەكەی نیشتەجێبوون، بەتایبەتی ئەوانەی بەم دواییە دروستكراون، كە لەكاتی دروستكردنی ئەو یەكانە وەكو پێویست لەلایەن ئیدارەی پارێزگای هەولێرەوە چاودێریی كۆمپانیای وەبەرهێنان نەكراوە، بەوهۆیشەوە دەبینین ئاوەڕۆكان چەندین كەموكوڕییان هەیە و كوالێتییان خراپە. راشیگەیاند: یەكێكی تر لەو هۆكارانەی وایكردووە هەولێر رووبەڕووی لافاو ببێتەوە، خراپیی ئاوەڕۆی گەڕەكە كۆنەكانە، كە ماوەیەكی زۆرە دروستكراون و نۆژەن نەكراونەتەوە، لەوانە گەڕەكەكانی تەیراوە، سەیداوە، تەعجیل و گلكەند و چەندانی تر، هەروەها پاكنەكردنەوەی ئاوەڕۆكان هۆكارێكی دیكەیە، ئەم هۆكارانەش وادەكات ئاوی باران رێڕەوی خۆی نەگرێت و لە شەقام و كۆڵانەكاندا كۆببێتەوە وەك ئەوەی ئەمساڵ چەندینجار دووبارەبۆتەوە.
دەبوو زووتر ئامادەباشی بۆ رووداوی لەو جۆرە بكرایە
هەر پەیوەست بەو بابەتە، ئەندازیار عەبدولڕەحمان عومەر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەداخەوە لەمساڵدا چەندین جار بەهۆی بارانبارینەوە هەولێر زیانی پێدەگات و ئاستەنگ بۆ هاووڵاتیان دروست دەبێت، كە دەبوو ئیدارەی پارێزگا زووتر ئامادەباشی بۆ رووداوی لەو جۆرە بكردایە و رێوشوێنی پێویستی بگرتایەتەبەر. وتیشی: لەبەر ئەوەی بەهۆی رووداوەكانی لافاوی كۆتایی ساڵی رابردوو و ئەمساڵیش زیانێكی زۆری گیانی و ماددی بە هاووڵاتیان كەوتووە و خەڵكێكی زۆر زەرەرمەندبوون، پێویستە لێپرسینەوەی ئیداری و یاسایی لەگەڵ لێپرسراوانی یەكە ئیدارییەكانی شارەكەدا بكرێت، بۆ ئەوەی ببێتە وانەیەك و كاربكرێت بۆ كەمكردنەوەی مەترسی لافاو.