پڕۆسێسی دەرهێنانی بەرنامەی تەلەفزیۆنی

11:26 - 2023-05-16
دووتوێ
370 جار خوێندراوەتەوە

پ.ی.د.کاروان محەمەد حەسەن *

 کاری دەرهێنان بە یەکێک لە توخمە گرنگ و ئەفراندنەکانی پەیوەست بە کاری میدیایی دادەنرێت، دەتوانین بڵێین بڕبڕەو شادەماری هەموو بابەت و ناوەڕۆکی بەرنامەیە کە ئاراستەی جەماوەر دەکرێت و لە شێوەیەکی هونەریدا رێکدەخرێت. ئەم کارەش لە ئەستۆی دەرهێنەرە، کە دەتوانێت بەشدارییەکی کارا بکات لە دەرهێنانی کاری تەلەفزیۆنیدا، ئەمەش پشت بە تێگەیشتنی ناوەڕۆکی بەرنامە هونەریەکە دەبەستێت و هەموو تواناو ئەندێشەکانی بۆ جووڵاندنی توخمەکانی کاری تەکنیکی و مادی و مرۆیی دەخاتەگەڕ، لەبەرئەوەی کاری تەلەفزیۆن هونەرێکی هاوبەشە و کەسایەتییەکی هونەریی سەرۆکایەتی دەکات، ئەویش دەرهێنەرە.   
چەمکی دەرهێنانی تەلەفزیۆنی 
ئەگەر پێناسەیەکی سادە بۆ چەمکی دەرهێنان بکەین دەتوانین بڵێین: «کاری بەڕێوەبردنی هونەری هەر جۆرێکی بەرنامەیە، بەتایبەتی گەر دەرهێنانی تەلەفزیۆنی بێت، دەرهێنەر خاوەنی دیدگای یەکەم و کۆتایی کارە هونەرییەکەیە لە شێوەیەکی هونەریدا»، ئەمەش بە پشتیوانی تیمێکی پسپۆڕی هونەریی کە دەرهێنەر ئاراستەیان دەکات. 
کاری دەرهێنان لایەنێکی هونەرییە لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی تەلەفزیۆن، هەندێک لە پسپۆڕان پێیانوایە دەرهێنان بریتییە لە وەرگێڕانێکی هونەری بۆ دەقێکی نووسراو، یان دیدگایەکی داهێنەرانەی دەرهێنەرە بۆ بەرجەستەکردنی کەرەستە هونەرییەکان، بە جوانترین فۆڕمی هونەریی. 
  هەروەها بە شێوەیەکی گشتی ئاماژە و واتاکانی دەرهێنانی تەلەفزیۆنی لەڕووی ئەرک و کارکردنەوە دابەشی سێ لق دەکرێت، کە بریتین لە: 
واتای پیشەیی بۆ کاری دەرهێنان
ئەمەش بریتییە لەکاراییەکی پیشەیی بۆ کاری بەڕێوەبردن و جێبەجێکردن و لە ئەستۆگرتنی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی، لەهەموو قۆناغ و هەنگاوەکانی بەرهەمێنان و جێبەجێکردنی بەرنامە، تا ئەوکاتەی ئامادە دەکرێت بۆ پەخشکردن. پەیوەستبوونی واتای پیشەی دەرهێنان راستەوخۆ پەیوەستە بە شارەزایی و ئەزموونی زانستی دەرهێنەرەوە، لەگەڵ توانای کەسایەتی و لەئەستۆگرتنی سەرۆکایەتی تیمی کارکردن و ئاراستەکردنیان.
واتای ئەفراندن بۆ کاری دەرهێنان
 ئەم واتایە پەیوەستە بە ئاستی توانای دەرهێنەر سەبارەت بە خەیاڵ و داهێنان، و خوڵقاندنی کاریگەری، تا چەند دەتوانێت سەرنجی وەرگر تا کۆتایی  بەرنامەکە رابکێشێت.

بۆیە لایەنی ئەفراندن پەیوەستە بە کەسایەتی دەرهێنەرەوە و تایبەتمەندییەکی جیاواز و بەخشینی ناوبانگە بۆ لایەنی هونەریی و پیشەیی. بێگومان ئەمەش واتای ئەفراندنە بۆ کاری دەرهێنان، رەنگدانەوەی ئەمەش پەیوەستە بە ئاستی فراوانی رۆشنبیریی و بەهرەی دەرهێنەر.

واتای زمانەوانی دەرهێنان
 لە زمانی عەرەبیدا وشەی دەرهێنان لە رووی فەرهەنگییەوە بە واتای بلیمەت دێت لە کاری زانست و پیشەسازیدا، بەڵام لە زمانی ئینگلیزیدا، دەرهێنان Directed)) واتای سەرکردایەتی و رێنمایکردن و ئاراستەکردن دێت، لە زماکی کوردیشدا بەرامبەر وشەی دەرهێنان یان دەرهێنەر (کارسازی- کارساز) بەکاردەهێنرێت. 
بەشێوەییەکی گشتی کاری دەرهێنان بریتییە لە پڕۆسەیەکی هونەریی سەرپەرشتیکردنی کارێک، دەرهێنەر بەرپرسی یەکەم و کۆتایی خوڵقاندنی کارێکی هونەرییە بۆ سەر شاشە، دەرهێنەر خۆی کاری وێنەگرتن و مۆنتاژ و موزیک و دیکۆر و رووناکی ناکات، بەڵام لەهەمان کاتدا شوێن پەنجەی بە هەموو ئەو کارە هونەرییانەوە دیارە، بڕیار لەسەر پێکهاتەی هونەری بونیادنانی وێنە دەدات، کار لە هەڵبژاردنی گرتە و گۆشە و کارتێکەرە دەنگی و وێنەییەکان و جووڵەی کامێرا و مۆنتاژدا دەکات، دیدگای دەرهێنەر بەئاشکرا بەسەر ئەو یەکە هونەریانەوە دیارە. 
زۆر لە توێژەران و زانایان پێناسەی دەرهێنانی تەلەفزیۆنیان کردووە، دکتۆر مستەفا یوسف بەم شێوەیە پێناسەی دەرهێنانی کردووە: «پڕۆسەیەکی داهێنەرانەی زانستیی و هونەریی تەواوکارییە، لە نێوان بەرهەمهێنەر و دەرهێنەردا، پشت بە رێساو تواناکانی خوڵقاندن دەبەستێت لە نێوان سەرجەم یەکەکانی بەرهەمهێنەران و تیمی کارکردن و کەرەستە و ئامێرە هونەرییەکان لە مایکرۆفۆن و کامێرا و رووناکی و دیکۆر و موزیکو شوێنی وێنەگرتن ...هتد، بەشێوەیەک بتوانرێت ئامادەکردنێکی تەواوی گونجاو بخوڵقێنێت». 
هەروەها دکتۆر کەرەم شەلەبی بەم جۆرە پێناسەی دەرهێنانی تەلەفزیۆنی دەکات: «پڕۆسەی داڕشتن و بەرهەمهێنانی هونەری و تەکنیکییە بۆ کارێکی تەلەفزیۆنی، ئەمەش دەرهێنان دەیخوڵقێنێت، ئینجا پڕۆسەیەکی تەکنیکیی (Technique) و هونەریی جوانکاری و داهێنان ( Artistic) و لایەنی پیشەیی و ئامێرییە (Mechanic) سەرباری ئەمەش پەیوەستە بە راپەراندنی توخمی مرۆیی و کەرەستە و ئامێرەکان».
 پاشان پڕۆفیسۆر دویدار دەڵێت: «دەرهێنان پڕۆسەیەکی ئەفراندنی دەرهێنەرە، ئەمەش پێویستی بە بوونی - بەهرە – ئەفراندن- سەرۆکایەتیکردن- بەڕێوەبردن- رۆشنبیرییەوە هەیە، لەگەڵ بوونی شارازەییەکی تەواو لە لایەنی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی هونەریی و رەگەزی مادیی و مرۆیی و تەکنیکی».      
هەروەها دەتوانین پێناسەیەکی تر بۆ دەرهێنانی تەلەفزیۆنی بکەین و بڵێین: «بەڕێوەبردنی کارێکی هونەرییە، کەسێک بەرپرسیارێتیەکی تەواوی بەرهەمەکە تا کۆتایی هەڵدەگرێت، چۆنێتی دەرکەوتنی شێوەی هونەری کارە هونەرییەکە دەکەوێتە سەر ئەزموون و خەیاڵ و ئەفراندن و توانای دەرهێنەر».  
پاشان دکتۆر عەبدولمەجید شوکری بەم جۆرە پێناسەی دەرهێنانی تەلەفزیۆنی دەکات: «بریتییە لە پڕۆسەیەکی ئەفراندن، دەرهێنەر  کۆمەڵێک توخمی کاری تەلەفزیۆنی بەرجەستە دەکات، ئەمەش خۆی لە گۆڕینی سیناریۆی هێڵکاریدا دەبینێتەوە کە پێکهاتووە لە گرتەکان و گۆشەی وێنەگرتن و جووڵەی کامێرا و جووڵەی ئەکتەر و مۆزیکی وێنەیی و کارتێکەرە دەنگییەکان و سەرجەم لایەنە هونەرییەکان، ئەمەش لەپێناوی بەرهەمهێنانی بەرهەمێکی هونەری گونجاو»، واتە دەرهێنەر بەرپرسی یەکەم و کۆتایی گۆڕینی چیرۆکە بۆ وێنەییەکی جووڵاو. 
لەمیانەی ئەو پێناسانەی سەرەوە بۆ دەرهێنانی تەلەفزیۆنی، دەتوانین بڵێین: «کاری دەرهێنانی تەلەفزیۆنی بریتییە لە رێکخستنی سەرجەم توخمەکانی نمایشی بەرنامەی تەلەفزیۆنی، کە پیشە و هونەر و نمایشی پەیامی میدیاییە، لەڕێی ئامڕازێکی میدیاییەوە بۆ جەماوەرێکی بە ئامانجکراو، ئەمەش واتاو و ئەرکی دەرهێنانە، سەرنجدانی وەرگریش بۆ پەیامەکە و بەردەوام بوونی خاڵی گرنگی سەرکەوتنی کاری دەرهێنانە». 
سەرهەڵدانی دەرهێنانی تەلەفزیۆنی 
یەکەم جۆری دەرهێنان کە مرۆڤ پێی ئاشانا بووبێت لە سەرەتاکانی مێژوودا، دەرهێنانی شانۆیی بووە، لەبەرئەوەی هونەریی شانۆ بە سەرەتا و باوکی هەموو هونەرەکان دێت و دەرهێنانیش بە یەکێک لە سیما سەرەکییەکانی ئەم هونەرە دادەنرێت. 
لەکۆندا دەرهێنانی شانۆ پشتی بە جووڵەی ئەکتەرەکان دەبەست لەسەر تەختەی شانۆ، بەبێ بوونی گرنگیدان بە جلوبەرگ و رووناکی و هەندێکجاریش دیالۆگ، لەبەرئەوەی کارەکە کارێکی خۆیی بووە، گرنگ دەرکەوتنی کەسەکان بووە بەشێوەییەکی گونجاو، هەندێکجاریش یەکێک لە کەسایەتییەکان کاری سەرۆکایەتی دەگرتە ئەستۆ، وەک ئەوەی ئێستا ناودەبرێت بە دەرهێنان. ئەگەر (تسبیس) یەکەم ئەکتەری شانۆ و دەرهێنەری شانۆی یۆنان بووبێت، ئەوا هەندێکی تر پێیان وایە (ئەسخیلۆس) وەک کەسایەتییەکی شانۆ کاری گرنگی دەرهێنانی جێبەجێ کردووە. 
کاری دەرهێنان لەسەردەمی یۆنانییەکاندا بەشێکی گرنگی پەیوەست بووە بە نووسینی دەقەوە، پاشان لە سەردەمی شکسپیر و مۆلێردا ئەرکی پێسپێردراو ئەکتەرە دیارەکان بووە، بەڵام لە چارەکی کۆتایی سەدەی نۆزدەدا کاری پیشەی دەرهێنان شێوەیەکی هونەریی سەربەخۆی وەرگرت. ئینجا (ساکس مایننگن)ی ئەڵمانی هێڵەگشتییەکانی دەرهێنانی سەردەمی دیاریکرد، دواتریش هەریەک لە (ئەندریە ئەنتوانی فەرەنسی و ستانسلافسکی روسی و ماکس راینهارتی نەمساوی و برتۆڵد برێختی ئەڵمانی) بوونە خاوەنی قوتابخانەی تایبەت بە بواری دەرهێنان، هەر یەکەیان بە دیدگایەکی جیاواز دەڕواننە توخمەکانی دەرهێنان.                
پێشکەوتنی کاری دەرهێنانی شانۆیی شێوازی نوێی بەخۆوە بینی، بەشێوەیەک دەق و ئەکتەر و دیکۆر و ئێکسسوار و رووناکی و جووڵەی ئەکتەر، کەشێکی جوانکارییان دەخوڵقاند لەسەر شانۆ، بە تەواوی رۆڵی دەرهێنەر دیاربووە. دەرهێنەر خاوەنی هونەریی کارەکەیە و پڕۆسەی دەرهێنان و بونیادنانی نمایشی شانۆیی لەسەر دەقێکی شانۆیی بنیاد دەنرا، ئێستاش شانۆ هونەرێکە بنەمای زانستی کارکردنی خۆی هەیە. 
لە سینەماشدا، کاری دەرهێنان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم هونەرە لەساڵی 1895، لویس لۆمێر داهێنەری هونەری سینەما، بە یەکەم دەرهێنەر دادەنرێت لە بواری سینەمادا. بۆیە کاری دەرهێنان لەم هونەرەدا بریتییە لە : «گواستنەوەی چیرۆک یان رۆمانێک بۆ وێنە»، واتە بونیادنان و پێکهاتەی کاری دەرهێنان لە وێنە و دەنگدا رەنگدەداتەوە. ئەمەش خۆی لە توخمەکانی سیناریۆ و ئەکتەر و کامێرا و دیکۆر و رووناکی و کارتێکەرە دەنگییەکان و موزیکدا دەبینێتەوە. دەرهێنەر بۆ هەر توخمێک لەم توخمانە دیدگای تایبەتی خۆی هەیە.    
هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی تەلەفزیۆنێشدا سوودی تەواوی لە شانۆ و سینەما وەرگرت، بەڵام لە رووی هونەری دراماوە کاری مۆنتاژ لە رووی تەکنیکییەوە بەردەست نەبووە، بۆیە تۆمارکردنی کارە درامییەکان هەمووی لە یەک کاتدا و بە یەکجار تۆمار دەکرا، ئەگەر هەڵەیەک رووی بدایە، سەرلەنوێ دووبارە دەکرایەوە. بەڵام دواتر پێشکەوتنی بەخۆوە بینی بەهۆی ئەوەی ئامێری هونەری بەتەواوی بەردەست بوو.
بۆیە دەتوانین بڵێین، کاری دەرهێنانی تەلەفزیۆنی پشت بە ئامادەکردنێکی وردی پێش وەختە دەبەستێت، جۆرێک لە داهێنانی تێدایە و تۆمارکردنی گرتەکانی لەگەڵ سینەمادا جیاوازە، پشت بە دیالۆگ و گفتوگۆی درێژ دەبەستێت، ئەمەشی لە شانۆ دەچێت. بۆیە ئێستا کاری دەرهێنانی تەلەفزیۆنی پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە، پشت بە تەکنیکی هونەری وتەکنۆلۆژیای بەرز دەبەستێت، زیاتر کاریگەرتر بووە. 
لەکۆتاییدا دەرهێنان وشەیەکی گشتگیرە کۆکراوەی کار و پڕۆسەی ئامادەکردن و خەمڵاندنی بودجە و دابینکردنی کەرەستەکانە بۆ قۆنا‌‌غی وێنەگرتن، دواتریش قۆناغی مۆنتاژ و میکساژ تا ئەوکاتەی ئامادە دەبێت بۆ نمایش.    
رۆڵی دەرهێنەر لە کاری تەلەفزیۆنیدا 
دەرهێنەر سەرۆکی تیمی کارکردنە و نەخشە و پلانی کارکردن دیاریدەکات، گەورەترین دەسەڵاتی هونەریی هەیە و وەک هێزێکی هونەریی لە پشت پڕۆسەی دروستکردن و بەرهەمهێنانی بەرنامەی تەلەفزیۆنییەوەیە، ئەمەش بە راوێژکردن لەگەڵ بەرهەمهێن و ئەندازیاری دەنگ و دیکۆر و پشتبەست بە نەخشەسازیی و پلانی پەیوەست بە بەرهەمهێنانی بەرنامەی تەلەفزیۆنی.
هەروەها سەرکەوتنی کاری بەرنامەی تەلەفزیۆنی پەیوەستە بە ئاشنایەتی دەرهێنەر بە لایەنەکانی کاری تەلەفزیۆنییەوە، بەشێوەیەک بتوانێت دیدگای کارەکە بۆ تیمی بەرهەمهێنان روونبکاتەوە و هەر لە یەکەم هەنگاوی نەخشەی کارکردندا بتوانێت ئاراستەی کارکردنیان دیاری بکات، پلان بۆ سەرجەم پسپۆڕییەکانی (دیکۆر، رووناکی، کامێرا  و مۆنتاژ) دابنێت، پەیوەستیان بکات بە ناوەڕۆکی کاری تەفزیۆنییەوە و سەرپەرشتی پڕۆسەی بەرهەمهێنان بگرێتە ئەستۆ، جوانترین گرتەی هونەری بەپێی سیناریۆی داواکراو بەرجەستە بکات.
هەروەها دوو قوتابخانە بە دوو دیدگای جیاواز دەڕواننە رۆڵی دەرهێنەر لە پڕۆسەی هونەریی کاری تەلەفزیۆندا، یەکەم پێی وایە، دەرهێنەر خاوەنی هونەری کاری تەلەفزیۆنە (دانەرە)، بەڵام بە پێچەوانەوە.
 دووەم پێی وایە، دەرهێنەر بە هاوبەش و سەرۆکی کارە هونەرییەکە دادەنێت. ئەمەش بە پاشەکشێی تیۆری دەرهێنەر دانەر دادەنرێت، بەهۆی زیادبوونی رۆڵی هاوبەشەکانی کاری بەرهەمهێنانی تەلەفزیۆنەوەیە وەک سیناریست و ئەکتەر و بەڕێوەبەری وێنەگرتن، کە رۆڵی کاریگەریان هەیە لە سەرکەوتنی کاری تەلەفزیۆنیدا. لەگەڵ بوونی جیاوازی دەربارەی رۆڵی دەرهێنەر لە کارێکەوە بۆ کارێکی تر، بەڵام جەوهەری گرنگی کارەکەی هەمیشە سەرۆکایەتیکردن بووە، لەبەرئەوەی هاوکارییەکی تەواوی هەیە لەگەڵ هونەرییەکاندا. 
بەرنامەی تەلەفزیۆنیش بەهەموو جۆرەکانییەوە پشتبەستووە بەکاری دەرهێنەر، کە کەسایەتییەکی سەرەکی دیاریکراوە لە خوڵقاندنی بەرنامەدا، دەرهێنەری سەرکەوتووش هەمیشە پێش دەستکردن بەکاری وێنەگرتن، دیدگای هونەریی بۆ کارکردن دیاریدەکات، بۆئەوەی پلانی کارکردنی ئامادەبێت.  
بۆیە لە دوای باسکردنی ئەم توخمە دەتوانین بڵێین: پێویستە کارکردنی دەرهێنەر لەگەڵ تیمە هونەرەییەکەی پەیوەندییەکی هاوکاریی تەواو لە نێوانیاندا هەبێت، هەرچەندە جیاوازی لەسەر کارکردنی رۆڵی دەرهێنەر هەیە، بەڵام جەوهەری کاری گرنگییەکەی سەرۆکایەتیکردنە، ئەم سەرۆکایەتیکردنەش هەموو بەشەکانی بەرهەمهێنانی تەلەفزیۆن دەگرێتەوە. 
ئەرکەکانی دەرهێنەری تەلەفزیۆنی 
لەوکاتەوەی دەرهێنەر بەرپرسیارێتی وێناکردنی وێنەی کۆتایی بەرنامەی تەلەفزیۆنی ئەستۆدایە، ئەرکی چاودێریی دەرهێنان یان چاودێریی کاری هونەریی سەرجەم یەکە هونەرییەکان لەکاتی تۆمارکردن تا پەخشکردنی بەرنامە لەئەسۆ دەگرێت، ئەمەش بەکاری گرنگی دەرهێنەر دادەنرێت. بۆیە لێرەدا گرنگترین ئەرکەکانی دەرهێنەری تەلەفزیۆنی دەخەینەڕوو: 
-1 دەرهێنەر لەڕێی مۆنتێرەوە چاودێریی ئەو بەرنامەیە دەکات، کە کاری دەرهێنانی بۆ دەکات، کاتێک هەستبکات بەرنامەکە بێزارکەرە، پێویستە بەخێرایی چارەسەری گونجاو بگرێتەبەر و زیندوێتی بۆ بگەڕێنێتەوە.
-2 دەرهێنەر لەڕێی کامێرەکانی وێنەگرتنەوە چاودێریی کاری وێنەگرتن دەکات، مۆنتێرێش کاری گرێدانی گرتەکان دەکات، کاتێک دەرهێنەر هەست بە خەوشی کاری وێنەگرتن بکات، پێویستە چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزێتەوە. 
-3 پێویستە دەرهێنەر لەسەر سیناریۆ ئاماژەکانی دەرهێنان دیاریبکات، هەر لە دابەشکردنی دیمەن و رۆڵەکان و جووڵەی کامێرا و رێنماییەکانی کاری کامێرا و ئاراستەی کارکردنیان لەهەر دیمەنێکدا، هەروەها تایبەتمەندی بەردەوامی کار لای دەرهێنەر بەدوای یەکداهاتنی گرتەکانی بەرنامەیە، کە بەجوانترین شیوە کاری دەرهێنانی تێدا بەرجەستە بکات. 
-4 پێوستە دەرهێنەر چاودێریی کاتی تەرخانکراوی بەرنامەی تەلەفزیۆنی بکات، لەبەرئەوەی هەموو بەرنامەیەک کاتێکی تایبەتی بۆ تەرخانکراوە بۆ پەخشکردن، بۆیە ئەرکی سەرەکی دەرهێنەرە چاودێریی بەڕێکردنی کاری جێبەجێکردنی بەرنامە بکات لەو کاتەی بۆی دیاریکراوە.
-5پێویستە دەرهێنەر ئەندازیاری دەنگ بەگەڕبخات بۆ کۆنترۆڵکردنی دەنگ، بەتایبەتی بەرز و نزمی لەکاتی تەوەرەکان و بەکارهێنانی موزیکیش هاوسەنگیی خۆی هەیە، دواتریش دابەشکردنی مایکرۆفۆنەکان لەشوێنی گونجاو لە نێوان کەسایەتی بەرنامەدا گرنگی سەرکەوتنی کاری دەنگ دەخوڵقێنێت. 
-6دەرهێنەر دروستکەری پلانی جێبەجێکردنی بەرهەمهێنانە، ئەمەش لەپێناوی بەرجەستەکردنی دیدگا هونەرییەکەی. 
تایبەتمەندییەکانی دەرهێنەری تەلەفزیۆنی 
کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەن پێویستە لە دەرهێنەری تەلەفزیۆنیدا هەبێت، یەکەم- پێویستە دەرهێنەر توانای ئەفراندنی هەبێت، ئەوەش بەگرنگترین تایبەتمەندی هونەرمەندی ئەفرێنەر دادەنرێت.
دووەم- دەبێت توانای کاری تیمی هەبێت، لەبەرئەوەی بەتەنها کاری ژەنین ناکات، بەڵکو لەگەڵ کۆمەڵێک ژەنیاردایە و سەرۆکایەتییان دەکات، ئەویش بیرمەند و سەرۆک و رێکخەر و پلاندانەری تیمەکەیە. کەواتە دەبێت توانای دروستکردنی پلانی بۆ دیاریکردنی هەنگاوەکانی کارو جێبەجێکردنی بەرهەمهێنان هەبێت، لەگەڵ توانای دیاریکردنی کات بۆ جێبەجێکردنی کارەکە لە کورترین ماوەدا، بە خوڵقاندنی جوانترین کاری هونەریانە.
سێیەم- تایبەتمەندییەک زۆربەی دەرهێنەرە دیارەکان کۆدەکاتەوە، ئەویش خۆشەویستییە بۆ کارەکەی، بۆیە پێویستە دەرهێنەری تەلەفزیۆنی خاوەنی بوێرییەکی تەواوبێت، توانای هەڵگرتنی لێپرسراوێتی کارەکەی هەبێت، کە کاری دەرهێنانی بۆ دەکات، پاشان پێویستە دەرهێنەر خاوەنی جەستەیەکی بەهێزبێت بۆ ئەوەی کارەکەی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکات. 
لەسەر بنەمای ئەوانەی باسمانکرد، دەتوانین بڵێین: پڕۆسەی دەرهێنانی تەلەفزیۆنی، پڕۆسەییەکی زۆر ئاڵۆزە، لەبەرئەوەی کاری هاوبەشیکردنی کۆمەڵێک توخمی هونەریی مرۆییە. بۆیە دەبێت دەرهێنەری تەلەفزیۆنی، خاوەنی کەسایەتییەکی فرە بەهرەبێت، ئاسۆی خەیاڵی فراوانبێت، توانای ئەفراندن و سەرکردایەتیکردنی هەبێت، و کاری هاوبەشی بەگیانی تیمەوە لەئەستۆ بگرێت، ئەوانەی دەروروبەریشی خۆشبوێت، جێگای رێز و خۆشەویستیشیان بێت، کەسێکی ئارامبێت، بۆئەوەی لە ساتە سەختەکاندا توانای جێبەجێکردنی کارەکەی هەبێت. 
دەرهێنان و بەکارهێنانی توخمەکانی تەلەفزیۆن
کاری دەرهێنانی تەلەفزیۆنی لایەنێکی گرنگی جێبەجێکردنە لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان، لەبەرئەوەی بەرهەمهێنانی بەرنامە واتای دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی بەرنامەیە و پێکدێت لە توخمە مادی و مرۆیی و تەکنیکییەکان، بەڵام دەرهێنان پەیوەستە بە چۆنێتی بەکارهێنانی ئەو توخمانە، ئەمەش بە ئاراستەکردن و بەڕێوەبردن و داڕشتنی بەرنامەی تەلەفزیۆنی بە شێوازێکی هونەرییانە دەبێت. زمانی تەلەفزیۆنیش کۆکراوەی دەنگ و وێنە و جووڵە و رەنگە، پێویستیشە دەرهێنەری تەلەفزیۆنی خاوەنی دیدگا و روانینێکی جوانکارییانە بێت بۆ بەکارهێنانی ئەو زمانە هونەرییانە کە بریتین لە (وێنەی تەلەفزیۆنی، و دەنگ و کارتێکەرە دەنگییەکان و موزیک و دیکۆر و رووناکی و مۆنتاژ) سەرکەوتنی دەرهێنەریش پەیوەستە بە تێگەیشتنی ئەم زمانە هونەرییانە و بەکارهێنانی بەشێوەییەکی ناوازە.
لەبەر گرنگیی بەکارهێنانێکی هونەرییانە بۆ توخمەکانی دەرهێنان لە بەرهەمهێنانی تەلەفزیۆنیدا، لێرەدا بە پوختی باسی هەر یەکەیان دەکەین. 
یەکەم: دەرهێنان و بەکارهێنانی وێنە       
 تەلەفزیۆن لەبنچینەدا پشت بە وێنەییەکی زیندووی بینراو دەبەستێت کە گرنگی و کاریگەریی خۆی هەیە لە راکێشانی سەرنجی بینەردا، ئەمەش پەیوەستە بەوەی چ شتێک پێشکەش دەکات، دواتر تایبەتمەندی تەلەفزیۆن لەچاو ئامڕازە میدییەکانی تر وێنە و رەنگ و جووڵەی هەیە، زیاتر واقیعی تەلەفزیۆن دەسەلمێنێت، پشت بە وێنەی زیندو دەربڕاو دەبەستێت، رووداوەکانی واقیعین و تێگەیشتنی ئاسانە، بینەر تامەزرۆی بینینی بەرنامەکانی دەکات. وێنەش پێکهاتێکی گرنگی ئەم ئامڕازە هونەرییە. پێکهاتەی وێنە واتای تێکەڵکردنی توخمەکانی وێنەیە، پەیوەندی و شێوەی نێوانیشیان دەبێت هاوسەنگییەک بخوڵقێنێت، بەشێوەیەک بینەر هەست بە ئاسوودەیی بکات. بۆیە ئاگایی دەرهێنەر لەسەر چۆنێتی پێکهێنانی وێنە پێویستییەکی گرنگە بۆ بەرجەستەکردنی وێنەیەکی سەرنجڕاکێشی پڕ واتا.  بۆیە دەکرێت بڵێین پێکهاتەیەکی جوانی وێنە، ئامانج لە بەدەستهێنانی ئەم مەبەستە سەرەکیانەی خوارەوەیە: 
-ئامانجی وێنەی بینراو روون و مەبەستدار بێت، بینەر بە ئاسانی تێیبگات.
-سۆزی بیینەر بجووڵێنێت و کاریگەریی لەسەر هەستەکانی دروستبکات و قەناعەتی پێ بهێنێت.
-سەرنجی بینەر رابکێشێت و چێژبەخش بێت، بەردەوام بوون لە تەماشاکردنی.
هەروەها سێ جۆری سەرەکی پێکهاتەی وێنە، یان دروستکردنی وێنە و پێکهاتەی دیمەن هەیە، ئەویش:-  
پێکهێنان بەهۆی نەخشەسازییەوە Composing by design
ئەمە لەکاتێکدا بەرجەستە دەبێت کە دەرهێنەر بەشێوەییەکی رەها دەستی تەواوی هەبێت لە پێکهاتەی وێنەدا بەو شێوەیەی مەبەستێتی، لێرەدا هونەرمەند پێکهێنانی هێڵکاری و ریتم و سێبەر و رەنگەکان وەک ئەوەی دەیەوێت جێبەجێ دەکات، وەک چۆن وێنەکێشێک وێنەیەک دەنەخشێنێت بەبێ گوێدانە واقیع یان لاساییکردنەوەی.
*پێکهێنان بەهۆی رێکخستنەوە Composition by arrangement
 لەم بوارەدا مەبەستەکانی پێکهێنان لەبەردەم کامێرادا داواکراوە، لەکۆتاییدا دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی دەربڕاو بەرجەستە دەبێت، ئەندازیاری دیکۆر توخمەکانی ناو وێنە دیاریدەکات، داهێنان لە شێوە و کادردا دەکات، بڕیار لەسەر جۆری رووناکی و هەموو ئەو توخم و کەلوپەل و بینراوانە دەدات کە رۆڵیان هەیە لە پێکهێناندا.
پێکهێنان بەهۆی تاقیکردنەوە Composition by selection
 ئەمە کاری هەندێک لە وێنەگرەکانی تەلەفزیۆنە، چەند دیمەنێک لە بەردەم کامێرادایە، دەرهێنەر یەکێکیان هەڵدەبژێرێت، لەسەر ئەو بنەمایەش رێکیان دەخات، ئەمەش بەهۆی جووڵاندنی کامێرا و هەمەچەشنیی گرتەکان و بەکارهێنانی هاوێنە و توخمەکانی ترەوە کە رۆڵیان دەبێت لە پێکهاتەی کادردا. 
بەڵام زۆرجار دەرهێنەر بەشێوەیەکی سەربەخۆ، خۆی دیارییکردن و هەڵبژاردنی وێنە دەگرطیتە ئەستۆ و چی بە گونجاو بزانێت بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکەی ئەوە دیاری دەکات، هەندێکجاریش بە پێی سروشتی بەرنامە بڕیار دەدات.
پێکهێنانی وێنە بنەمای بابەت و بنچینەی چنینێکی زمانەوانی دەرکەوتنی گوتارێکی بینراوە بە زمانی وێنە کە دەربڕی جووڵەی کامێرا و قەبارەی گرتەکان و رەنگ و رووناکی ...هتد لە توخمەکانی گوزارشتکردنن، دەرکەوتنی ئەم توخمانەش کاری جوانکاری و چنینێکی هونەریانە دەبەخشێتە بابەت. 
لە کاری تەلەفزیۆنیدا توخمەکانی زمانی وێنە چەکێکی کاریگەری بەردەستی دەرهێنەرە کە چۆن بتوانێت بەکاریان بهنێت، بۆ نموونە کامێرا: کامێرا لە رووی (قەبارەی گرتەکان، و گۆشە و جووڵە)وە، ئەوەی زانراوە کاری کامێرا بە زمانێکی جوانکاری وێنە دادەنرێت و هەڵگری واتای دەلالیش دەخوڵقێنێت، بوونی گرتەی نزیک واتای درامی خۆی هەیە و جیاوازە لە گرتەی گشتی، ئینجا جووڵەی کامێراش زمانی دەلالیی خۆی هەیە ئەمە بۆ گۆشەی کامێراش هەروایە، وێنا و دیدگای کاری دەرهێنەر تێیدا رەنگدەداتەوە، گۆشەی کامێرا هەڵگری ناوەڕۆکێکی دەلالیە بەڵام لە هەمانکاتدا رۆڵ و کاریگەری بۆ سەر بابەتەکە دروستدەکات، ئەمەش لە روانگەی کاری دەرهێنانەوەیە بۆ بابەت.
وێنەی تەلەفزیۆنی پەیوەندیی بە توخمەکانی وێنەوە هەیە، هەر یەکەیان تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئەوانیش قەبارەی گرتەکان و گۆشەکانی کامێرا و جووڵەکانی کامێرایە، پێکهێنانێکی هونەریی و چۆنیەتی گرێدانی گرتەکان بەیەکەوە، سەرکەوتن و تێگەیشتنی دەرهێنەر دەردەخات بۆ ئەم زمانە جوانکارییانەی وێنە، دواتریش چۆنێتی بەکارهێنانی بە شێوەیەکی ناوازە رادەی بایەخ و تێگەیشتنی دەرهێنەرە. بۆ زیاتر بایەخدان بەم زمانە جوانکارییەی وێنە، بە پوختی باسی هەر یەکەیان دەکەین:
  1- قەبارەی گرتەکان
 گرتە پێکهاتەییەکی بنچینەیی وێنەی تەلەفزیۆنییە و بەوە ناسراوە کە(بابەتێکی وێنەگیراوە لەناو چێوەی کادردا) دواتریش کۆمەڵێک گرتە دیمەنێك دروستدەكەن، چەند دیمەنێكییش دەبێتە کارێکی هونەریی. گرتە و چێوەکەی وەک خانەی زیندوو وایە رۆڵی لە بوونیاتنانی جەستەی کارێکی هونەری بینراودا هەیە، نموونەی ئەم گرتەناش وەک خانەی زیندوون لە لاشەدا، شێوە و رۆڵی خۆیان هەیە لە گوزارشت و کرداردا. ئەگەر خانەکان لاواز بن، کار لە شێوە و ناوەڕۆک دەکەن، خۆ ئەگەر خانەکان خانەی شێرپەنجەیی بن، هەموو جەستەی کارەکە لاواز دەکات. 
بۆیە وەسفکردنی گرتە وەک زاراوەییەکی هونەری ئاماژەیە بۆ نیشاندانی شێوەی وێنە، خاڵی دەستپێک و کۆتایی کامێرای وێنەگرتن دیاری دەکات، بەڵام ناوەڕۆک و پێکهاتە و ئاماژەکانی توخمی بینراون لە چێوەیەکدا. بۆیە قەبارەی گرتە یان چێوەکەی دەرهێنەر دیاریی دەکات، ئەویش بڕیاری بابەت و پێکهاتەکانی دەدات، پەیوەندیی دیالیکتیکی نێوان توخمەکان و واتاکانی توانای دەرهێنەر دەردەخات. دواتریش توانای وێنەگر لە بنیادنانی پێکهاتنی وێنەدا گرنگیی خۆی هەیە، بەرجەستەکردنی بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێشی واتادار کۆنترۆڵی هەستەکانی بینەر دەکات، سەرنجی خۆیان لەسەر بینینی دیمەنەکان چڕەکەنەوە. 
بۆیە دەرهێنەر ئەو کەسەیە کە جۆری گرتە و تۆمارکردنی وەک ئەوەی لە سیناریۆی وێنەگرتنەکەدا هاتووە دیاری دەکات و یاریدەدەرەکانیشی چاودێریی دەق دەکەن، تیمی کارکردنیش هەر یەکەیان کاری خۆیان دەکەن. 
بە پوختی لێرەدا دەگەینە ئەو بڕوایەی بڵێین: دیارییکردنی قەبارەی گرتەکان و گواستنەوەی لە گرتەیەکەوە بۆ گرتەیەکی تر، لە ئەرکە سەرەکییەکانی کاری دەرهێنانی تەلەفزیۆنییە، بەپێی تێڕوانین و دیدگایەکی تایبەت. 
جووڵەکانی کامێرا
 جووڵەی کامێرا یەکێکە لە گرنگترین توخمەکانی دەرهێنانی تەلەفزیۆنی و رۆڵێکی گرنگیشی هەیە لە پێکهێنانی وێنەی تەلەفزیۆنیدا، هەر جووڵەیەکیش واتاو ئاماژەی خۆی هەیە، ئەگەر بەشێوەیەکی کاریگەر بەکاربهێنرێت، کار لە سەرنجی وەرگر دەکات. هەموو بڕیارێکی پەیوەست بە جووڵەی کامێراکان لە دیدگای دەرهێنەرەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمەش بە پێی سکرێپتی دیاریکراو، کە کاری کامێرا و  ئەکتەرەکانی تێدا دیاریکراوە، ئەمەش هەڵقوڵاوی بیرۆکەی بنچینەی کارەکەیە. 
بۆیە جووڵەی کامێرا جەوهەری کاری دەرهێنانی تەلەفزیۆنییە، پێکهاتەی ناو گرتەش ئامڕازێکی بەهێزی بەرنامەیە، ئەمەش لەبەر دوو هۆکار: 
جۆرێک لە توانا و گرژی دەبەخشێتە رووداوەکان
*قەبارەی ئەو بابەتەی وێنەی دەگرین وەک خۆی دەمێنێتەوە، یان دەگۆڕیت، بەبێ ئەوەی بڕین لەکاری گرتەدا رووبدات.
هەروەها بۆ جووڵاندنی کامێرا دەلالەت و ئاماژە گرنگن، ئەمەش بایەخ و گرنگیی رەهەندی جوانکاری کەم ناکاتەوە، جووڵەی ستوونی بەرەو سەرەوە ئاماژەیە بۆ هیوا و ئازادیی و جووڵەی ستوونی بەرەو خوارەوە ئاماژەیە بۆ خنکاندن و نەبوونی ئازادی و جووڵەی لار ئاماژەیە بۆ بوونی دژواریی زاڵبوون بەسەر بەربەستەکاندا و جووڵەی کەوانەیی وەک جووڵەی مار ئاماژەیە بۆ ترس و جووڵەی بازنەیی ئاماژەیە بۆ خۆشی و توانایی، هەروەها بە شێوەیەکی گشتی ئەو جووڵانەی بەرەو ئاراستەی بینەر دێن، ئاماژە و گرنگی و بایەخی زیاترە، چونکە تا نزیکبیتەوە قەبارە زیاد دەکات، ئەمەش پێچەوانەی جووڵەی گەڕانەوەیە. 
هەموو ئەوانەی باسمانکردن لە چوارچێوەی رێکخستنی زمانی جوانکاری وێنەدایە، بە جوانترین شێوازی هونەریی کە دەرهێنەر بنیاتی دەنێت، و رەنگدانەوەی هزر و بۆچوونێتی، بەهێزیشی پەیوەستە بە بەهێزیی وێنەوە.  
3- گۆشەکانی وێنەگرتن
 گۆشەکانی وێنەگرتن بەهەمانشێوە واتاو ئاماژەی هونەرییان هەیە، هەموو بڕیارێکی پەیوەست بە گۆشەکانی وێنەگرتن لە دیدگای دەرهێنەرەوە سەرچاوە دەگرێت. گۆشەنیگای بەرز واتا و ئاماژەدانە بە لاوازی و ملکەچی، ئەمە پێچەوانەی واتای گۆشەی نزمی کامێرایە ئاماژەیە بۆ بەهێزی و مەزنی، هەروەها گۆشەی ئاسایی بۆ ئاستی بینین و وێناکردنی واقیعێکی راستەقینەیە. هەروەها گۆشەکانی وێنەگرتن دەربارەی دۆخی کامیرا بەشێوەی ئاسۆیی، یان ستوونی، یان لار، گوزارشتن بۆ ئەو بابەتانەی وێنەی دەگرێت، ئەمە لەلایەن دەرهێنەرەوە دیاری دەکرێت بەپێی شوناسی بابەتەکانی ناو کادر، راستەوخۆش کاریگەریی گەورەی دەبێت بۆ سەر وەرگر، لەڕووی بابەت و جووڵەوە. بۆیە زانینی ئاماژە هونەرییەکانی گۆشەکانی وێنەگرتن بەشێکی گرنگە لە زمانی دەرهێنانی تەلەفزیۆنی، وێنەگرتنی کەسێک بە گۆشەی نزم واتاکەی تەواو پێچەوانەیە، گەر هەمان کەس بە گۆشەی بەرز تۆماربکرێت.     
گۆشەکانی کامێرا وەک چاوی مرۆڤ وایە لە ناو دیمەنەکانی تەلەفزیۆندا، لە هەمانکاتدا بەهێزترین ئامڕازی دەستی دەرهێنەرە، لەمیانەی کامێراوە دەرهێنەر دەتوانێت دەربڕینەکانی رووخساری ئەکتەر یان پێشکەشکار دەربخات وەک (خەم و خۆشی و هەڵچوون). راکێشانی سەرنج و بایەخی بینەران بۆ هەریەک لە توخمەکانی ناو دیمەنەکانی تەلەفزیۆن، بەتایبەتی بۆ جووڵەکانی ناو دیمەنەکانی تەلەفزیۆن، ئامانج لە گەیاندنی بۆ بینەرە.  
    بەشێوەیەکی گشتی چوارچێوەی بەرنامەکان و روانگەی دەرهێنەر هەمیشە لەپشت هەڵبژاردنی قەبارەی گرتەکان و جووڵەی کامێرا و گۆشەکانی وێنەگرتنەوەن، پێویستە دەرهێنەر سەرنج و بایەخی بینەران بۆ گرنگترین توخمەکانی گرتە بێت بۆ هەر ساتێکی بەرنامە، ئەم رێسایەش جەوهەری هونەری دەرهێنانە. 
دووەم: دەرهێنان و بەکارهێنانی هونەرەکانی مۆنتاژ و دیکۆر و رووناکی
1- مۆنتاژ

 بریتییە لە پڕۆسەی گرێدانی گرتەکان و رێکخستنی یان لابردنی هەندێکیان و سڕینەوەی لە بەرنامەدا، بە ئامانجی ئەوەی پێکهێنانی گرتەکان دیمەنی نوێ و زنجیرەیی بەدوای یەکدا بخوڵقێنن پەیوەست بە بیرۆکەی بەرنامە، کە تێیدا دەقی نووسراو بۆ وێنەی پرشنگدار بگۆڕێت، دیمەنی بینراوی واتاداری بخوڵقێنێت، ئینجا کارتێکەرە دەنگییەکان و موزیکی بۆ زیاد بکرێت، بەشێوەیەک ببێتە هۆی راکێشانی بینەران بۆ ناوەڕۆکی بەرنامە، لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن. بەرنامەی مۆنتاژ بەتەکنیکی نوێ رۆڵی دەبێت لە دەرخستنی بەرهەمی کاری دەرهێنانی وێنە بەجوانتیرین شێوەی هونەرییانە، بەشێوەییەک رەهەندێکی سەرنجڕاکێشی دەداتێ. هەروەها دەرهێنەر لە ژووری کۆنترۆڵ لەگەڵ مۆنتێر دادەنیشێت و رێنماییەکانی سەبارەت بە چۆنێتی کاری مۆنتاژ پێ دەڵێت، سەرنجی دەرهێنەر بۆکاری مۆنتاژ لەم کارانەدا رەنگدەداتەوە: 
* ئاراستەکردنی مۆنتێر بۆ هەڵبژاردنی گرتەکان بەپێی ریزبەندیی بابەت، وەک ئەوەی لە سکرێپدا دیاریکراوە.
* هەڵبژاردنی باشترین جۆری گرتە لە ڕووی جوانکاریی و پێکهاتەوە.
*لابردنی ئەو گرتانەی کە هیچ خزمەتێک و نوێکارییەک نابەخشن بە کارەکە.
*هەڵبژاردنی جۆری موزیک و کارتێکە دەنگییەکان کە بەکاردەهێنرێن لەبەرنامەدا، بەشێوەیەک لەگەڵ کەشی گشتی بەرنامەدا بگونجێت.
*ئاراستەکردنی مۆنتێر بۆ هەڵبژاردنی جۆری هۆکارەکانی گواستنەوەTransitions، گونجاندن و بەکارهێنانی لە چوارچێوەی بابەتەکاندا. 
بۆیە کاری مۆنتاژ لای دەرهێنەر بریتییە لە قۆناغێکی گرنگ، بۆ دیدگاییەکی نوێی دەرهێنان، کە دەرهێنەری داهێنەر لەکاتی وێنەگرتندا دیدگاکانی خۆی دیاریدەکات و لە قۆناغی مۆنتاژیشدا بەرجەستەی دەکات و وێنەیەکی هونەریی نوێ دەبەخشێتە بەرنامە.    
2- دیکۆر
 دیکۆری تەلەفزیۆنی توخمێکی گرنگە لەو توخمانەی هەڵگری واتاو ئاماژەی هونەریین، بەتایبەتی لە درامای تەلەفزیۆنیدا، هەروەها لە بەرنامە هەواڵی و رۆشنبیریەکانیشدا ئامانجی خۆی هەیە، کە بەگشتی کاری سەرنجڕاکێشانی وەرگرە، ئینجا دیکۆر رۆڵی هەیە لە خوڵقاندنی کەشی گشتی بەرنامەدا، کەشێکی سروشتی و دەروونی دروستدەکات، بەرجەستەکردنی ئەم کارەش لەلایەن نەخشەسازی دیکۆرەوە دەکرێت، بە دانانی جوانتیرین شێوەی دیکۆر کە بتوانێ باکگراوند و کەشی گشتی بەرنامە بخوڵقێنێت.
بەشیوەیەکی گشتی دیکۆر لای وەرگر گرنگی و بایەخی خۆی هەیە، هەروەها بەهای جوانکاریی و دەلالیی هەیە، بەردەوامی دەدات بە واتای تەواوکاری ناوەڕۆکی بەرنامە و بەرجەستەکردنی ئامانجێکیشە، سەرباری ئەمانەش لە رووی شێوە و ناوەڕۆکەوە رۆڵی هەیە لە رازاندنەوەی بەرنامەدا، ئەمەش کار لە سەرنج و سۆزی وەرگر دەکات و کاری تێدەکات. ئێستاش بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیاوە هونەری دیکۆر گۆڕانکاری هونەری و تەکنیکی گەورەی بەخۆوە بینیوە، پەیدابوونی دیکۆری گریمانەیی، کە لەناو ستودیۆدا بەرجەستە دەکرێت، رەهەندێکی جوانکاری زیاتری داوەتە کاری دیکۆر، رۆڵەکەشی لە دیکۆری سروشتی ئەگەر زیاتر نەبێت، کەمتر نییە. 
بۆیە دیکۆری تەلەفزیۆنی وەک تابلۆیەکی هونەری وایە، ئەندازیاری دیکۆر و دەرهێنەر دەینەخشێنن، دەبێت گوزارشت لە کەش و بیرۆکەی گشتی بەرنامەکە بکات، بەشێوەیەک لەگەڵ رووناکیدا هێزێکی هونەری بداتە کەشی گشتی دیمەنەکانی بەرنامە، هەموو ئەمانەش بەڕاوێژ دەبێت لەگەڵ دەرهێنەر، کە خوڵقێنەری دیدگای گشتی کارە هونەرییەکانە.           
3- رووناکی
 رووناکی یەکێکە لە کەرەستەکانی دەرهێنانی تەلەفزیۆنی، رۆڵێکی گرنگی هەیە لە خوڵقاندنی کاریگەری لەسەر وەرگر، دابەشکردنی رووناکی لە دیمەنەکاندا، رۆڵی بنچینەیی هەیە لە بەهێزکردنی گرتە یان لاوازکردنی، دواتریش رووناکی بە توخمێکی بنچینەیی بۆ بەدەستهێنانی باشترین وێنە دادەنرێت و پشتی پێدەبەسترێت بۆ جۆرچاکی وێنەی تەلەفزیۆنی (Quality)، بەتاببەتی لەڕووی رەنگەوەو پێویستیشە توندی رووناکی و دابەشکردنی هاوسەنگ بێت لەگەڵ گرتەکان و دیمەنەکاندا، بەپێچەوانەوە خراپی رووناکی کار دەکاتە سەر گرتە و دیمەنەکان. 
رووناکی فاکتەرێکی سەرەکییە لە سەرکەوتنی کاری تەلەفزیۆنیدا، بۆیە پێویستە بەشێوەیەکی باش بەکاربهێنرێت، بەشێوەیەک لە خزمەتی وێنەی بینراودا بێت، ئەوەی کە بینەر دەیبینێت لەمیانەی وێنەوەیە، ئەمەش رۆڵێکی گەورەی هەیە لە دیاریکردن و دەرخستنی رواڵەتی بێژەردا.
هەروەها رووناکی کاریگەری خۆی هەیە بۆ بەدەستهێنانی باشترین وێنەی تەلەفزیۆنی، دابەشکردنی رووناکی لە دیمەنەکاندا رۆڵی بنچینەیی دەبێت لە بەهێزکردن و لاوازیی گرتەدا.               
دەرهێنەر دەتوانێت رۆڵی کارا ببینێت لە دابەشکردنی رووناکیدا، ئەمەش کاریگەریی بەهێزی دەبێت لەسەر گرتە و دەرخستنی پێکهاتەکانی وێنەدا. لەهەمان کاتدا ئەگەر رووناکی بە تەنها چڕکرابۆوە لە شوێنێکی دیاریکراودا، ئەمەش دەبێتە ژۆی ئەوەی هەندێک جووڵەی گرنگ و گوزارشتی رووخساری بێژەرەکان فەرامۆش بکرێت. بێگومان گۆڕانی پلەکانی رووناکی و ئاراستەکانی بەشێوازێکی هەمەچەشن کاریگەریی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی بەرنامەکە دەبێت. ئامانجی رووناکی سەرنجڕاکێشانی بینەرانە بۆ بابەتی وێنەگیراو بەشێوەیەک کار لەهەست و سۆزیان بکات. 
دیارە رۆڵی بەکارهێنانی رووناکی روونە لە بەرنامەی گەشتی هەواڵەکان و کارە درامییەکاندا، کە خوڵقاندنی کەشێکی دەروونی گشتی دیمەنەکانە، رووناکییەکی نزمی دەروشاوەیی هەستکردنە بە خەم و دڵتەنگی، زۆرتریش لەمانە پەیوەستە بە ئاماژەکانی ژیان، لەسەر ئەو بنچینەیەش رووناکییەکی بەرزی دەروشاوەیی هەستکردنە بە گەشانەوە و زیندوێتی، بەگشتی کار و ئەرکی رووناکی سەرەکی ئاشکراکردنی شوێن و کەسایەتییەکانە، بۆیە دەرهێنەر و بەڕێوەبەری وێنەگرتن پێکەوە سێبەر و رووناکی بەشێوەیەکی هاوسەنگ دابەش دەکەن لە پێناوی خوڵقاندنی هەستێکی گونجاو، کە گوزارشت لە کەشی گشتیی بەرنامە بکات.      
سێیەم: دەرهێنان و بەکارهێنانی دەنگ
دەنگ بە یەکێک لەو تایبەتمەندییانە دادەنرێت کە دیمەنەکانی تەلەفزیۆن جیا دەکاتەوە، ئەویش بیستن و بینینە، دەنگ لە کاری نمایشی تەلەفزیۆنیدا یەکێکە لە گرنگترین توخمەکانی تەلەفزیۆن، تەنها کاری گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو رۆڵێکی گرنگیشی هەیە لە پێکهێنان و خوڵقاندنی کەشی گشتی کارەکەدا. بۆیە کاتێک تەماشای تەلەفزیۆن دەکەین و بمانەوێت دەنگی تەلەفزیۆنەکە نەهێڵین و تەماشای گەشتی هەواڵەکاڵەنیش بکەین، ئا لێرەدا باشترین بێژەری هەواڵ ناتوانێت تەنها لەڕێی سەرنج و گوزارشت و وێنەوە چیرۆکە هەواڵەکەمان بۆ بگوازێتەوە، ئەمەش ئەو راستییەمان پێ دەڵێت: کاری جوانکاری دەنگ یارمەتیمان دەدات بۆ تێگەیشتن لە رووداوەکان و هەستێکی تایبەتیشمان پێ دەبەخشێت. بۆیە دەنگ و موزیک و کارتێکەرەکان تەواوکەری واتاکانی وێنەن و بە توخمێکی جوانکاری گرنگیش دادەنرێت، کاریش لە وەرگر دەکەن و هێزێکی هونەریش دەبەخشنە بەرنامەی تەلەفزیۆنی.
کارتێکەرە دەنگییەکان و موزیک توخمێکی گرنگی کاری دەرهێنانن لەکاری بینراودا، تایبەتمەندییەکی هونەرییانە دەبەخشنە بەرنامە و هۆکارێکن بۆ دەرخستنی شێوەی راستەقینەی. کارتێکەرە دەنگییەکان ئامڕازێکن لە ئامڕازە هونەرییەکان و تەنها وەک کارێکی باکگراوند گرنگ نین، بەڵکو کاریگەرییەکەی سەلمێنراوە و رۆڵێکی بنچینەیی و رەسەنی کاری دەرهێنانی تەلەفزیۆنە. ئینجا موزیکی وێنەیی یەکێکە لە دەمارە هونەرییەکانی کاری تەلەفزیۆن و رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پڕۆسەی کاری دەرهێنان، و بەکارهێنانی بەشێوازێکی هونەرییانە، ئاستی سەرکەوتنی کارەکە بەرزتر دەکاتەوە، لەبەرئەوەی وەسفی دیمەن یان چیرۆک یان هەستێکی تایبەتی دەداتە رووداوەکان و کار لەسەر سەرنجڕاکێشانی وەرگر دەکات. 
بۆیە دەتوانیین بڵێین، موزیکی وێنەیی بەردەوامییەک بە رووداوەکان و دیمەنەکان و بەستنەوەی گرتەکان بەیەکەوە دەدات، هەروەها هەستێک و کەشێکی تایبەت دروست دەکات. بەکارهێنانی موزیک لەبەرنامەی تەلەفزیۆنیدا بەشداریی بنیاتنانی پەیوەستە بە پەیوەندیی نێوان دانەری موزیک و دەرهێنەرەوە، جۆری موزیک و کارتێکەرە دەنگییەکان بەکارهێنانی بەجوانترتن شێوە، گرنگترین توخمە کە ریتمی بەرنامە دیاری دەکات. لەبەرئەوە بەکارهێنانی موزیکی وێنەیی و کارتێکە دەنگییەکان بەشێکی گرنگ و بنەڕەتی کاری دەرهێنەرن.   
دەرەنجام  
لە ئەنجامی ئەوانەی سەوەرە دەتوانین بڵێن ئەرکی دەرهێنەر لە پڕۆسەی دەرهێنانی تەلەفزیۆنیدا کارێکی ئاڵۆز و قورسە، پێویستە توانای رێکخستنی کۆمەڵێک کاری هونەری هەبێت لەیەک کاتدا، دەرهێنەری راستەقینە دەبێت، تەماشای گرتەی کامێراکان بکات و باشترینیان دیاری بکات و داوا لەمۆنتێر بکات بینێرێتە هەواوە، دواتریش کامێرامان و ئەندازیاری دەنگ و رووناکی و بێژەر و سەرجەم هونەرییەکانی بەرهەمهێنان ئاراستە بکات و  فۆرمێکی هونەریی بداتە بەرنامە. 
سەرچاوە:   
-1 مصطفى يوسف كافي، (2016)، الإنتاج الإذاعي والتلفزيوني، دارالحامد للنشر والتوزيع، عمان.
-2 نشوة سليمان عقل، (2009)، الإخراج الإذاعي والتلفزيوني، الدار العربية للنشر والتوزيع، القاهرة. 
-3 عبدالخالق محمد علي، (2010)، فنون الإخراج التلفزيوني والإذاعي، دارالبيضاء للطباعة والنشر والتوزيع، بيروت.

*مامۆستا لە بەشی راگەیاندن – زانکۆی سلێمانی

رێنمایی مۆنتێر یەکێک لەو کارە گرنگانەیە کە رەنگدانەوەی بەهرە و لێهاتوویی دەرهێنەری تەلەفزیۆنی دەردەخات

گۆشەکانی کامێرا وەک چاوی مرۆڤ وایە لە ناو دیمەنەکانی تەلەفزیۆندا

لەمیانەی کامێراوە دەرهێنەر دەتوانێت دەربڕینەکانی رووخساری ئەکتەر یان پێشکەشکار دەربخات

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان