گەڕانەوە بۆ پرەنسیپە سەرەتاییەكانی یەکێتی

10:24 - 2022-04-27
ڕاپۆرت
939 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرت و بەدواداچوون

چەند مانگی رابردوو، شایەتی هەوڵ و هیممەت و جووڵەی سیاسی لێبڕاوانەی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی و ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن بۆ بردنەوە و گێڕانەوەی حزبەكەی سەرۆك مام جەلال بەرەو پرەنسیپە سەرەتاییەكانی، كە خزمەتكردنی سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە و لەپێش هەمووشیانەوە، گەڕانەوە بۆ خانووە قوڕەكان.
سەرەڕای سەرقاڵی بە مشورخواردنی دۆزی رەوای هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆیی لەلایەك و بانگەشە و هەڵسوڕان و دیداری بەردەوام لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان بۆ یەكڕیزی و یەكگوتاریی سیاسی، لەلایەكی دیكەشەوە بۆ پارێزگاریی لە دەستكەوتە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی عیراق و سەردان و پەیوەندیی تەلەفۆنی و پێشوازییە بەردەوامەكانی هەڤاڵ بافڵ و وەفدی یەكێتی لەگەڵ سەرۆك و وەفد و نوێنەری لایەنە سیاسییە عیراقییەكان، هەروەك دیدار و سەردان و پێشوازییەكان لە باڵیۆز و نێردەی وڵاتانی ئیقلیمی و جیهان بۆ بیروڕا گۆڕینەوە و راوێژ بۆ دەربازكردنی عیراق لەو بنبەستە سیاسییەی كە تێیكەوتووە، بەهۆی عینادیی سیاسی و پەرتبوونی ناوماڵی پێكهاتە سەرەكییەكان و خستنەڕووی باوەڕی نەگۆڕی یەكێتی و دەستگرتن بە بنەما دەستوورییەكان و مەبدەئی تەوافوقەوە، بەڵام وێڕای هەموو ئەوانەش، هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی بنەما سەرەكییەكەی یەكێتی فەرامۆش نەكردووە، كە بەردەوامیدانی یەكێتییە لە پەیوەندییەكانی بە كۆمەڵانی خەڵكەوە لەسەر رێبازەكەی مامی گەورە، كە هەمیشە پەیوەندیی یەكێتی و كۆمەڵانی خەڵكی بە ماسی و ئاو دەشوبهاند.
سەرەڕای گرفتە دارایی و كارگێڕییەكانی زۆنی سەوز كە لە هەوڵی ئەوەدایە بە هاوكاریی هەڤاڵەكانی لە حزب و حكومەت و ئیدارەی خۆجێی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین بەهەموویان رابگات، وەك خوێندكارێكی رێبازەكەی سەرۆك مام جەلال-یش كایە حزبییەكەی فەرامۆش نەكردووە، لەو چوارچێوەیەشدا ئێوارەی رۆژی دوو شەممە لە دوو دیداری جیاجیادا لەگەڵ هەردوو لێپرسراوی مەڵبەندەكانی رێكخستنی گەرمیان و شارەزوور كۆبۆوە و گوێی لە راپۆرتی كار و چالاكییە حزبییەكانی ئۆرگانەكانی هەردوو سنوورەكە گرت بەمەبەستی چارەسەری کێشەکانی هاووڵاتیانی ئەو دوو دەڤەرە كە ئۆرگانەكانی یەكێتی لەو سنوورانە رۆڵیان بینیووە لەو چارەسەرانەدا.
هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی بە رستەیەك كە بۆن و بەرامی رێنماییەكانی سەرۆك مام جەلال-ی لێ دێت، رایسپاردن و دیارە ئەو رستەیە رێنماییەكە بۆ هەموو مەڵبەند و ئۆرگانەكانی دیكەش كاتێك پێی راگەیاندن «نابێت هیچ بەربەستێك لە نێوان لێپرسراوانی یەكێتی و خەڵكدا هەبێت»، ئەمە ئەگەر وردی بكەیەنەوە، بەشێكی رەخنە و گلەییە لەوەی كە بەشێك لە زویربوونی هەڤاڵان و دۆستانی یەكێتی لەو دەرگا داخراوانەوە سەرچاوەیان گرتووە كە هەندێك لە بەرپرسان لە نێوان خۆیان لەلایەك و بنكەی جەماوەریی حزب و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا دروستیانكردووە، بەشێكیشی دەستخۆشی و هاندانە لەو دوو هەڤاڵە و هەموو ئەو هەڤاڵانەی كە لەناو یەكێتیدا بەرپرسیارێتییان هەیە و هەمیشە لەناو خەڵكدان و بەشداری خۆشی و ناخۆشییانن و دەرگایان لەسەر پشتە بۆ گوێلێگرتنیان و چارەسەری كێشەكانیان.

#مام جەلال

بابەتە پەیوەندیدارەکان