بۆ كڕینی پێداویستییەكانی جەژن شەو و رۆژ بازاڕ جمەی دێت

11:05 - 2022-04-27
ڕاپۆرت
654 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ رێزە حسێن

ساڵانە لەگەڵ نزیكبوونەوەی بۆنە و جەژنەکان، خواست لەسەر كڕینی كاڵا و شمەكی تایبەت بەو بۆنەیە زیاد دەبێت و خەڵكی بەلێشاو روو دەكەنە بازاڕەكان، هێزە ئەمنیەکانیش بۆ چاودێریكردن و كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕ، هێزیان لەسەرجەم شوێنە گشتییەكاندا بڵاوكردووەتەوە و چاودێری بازرگانیش دەڵێن، نرخیان کۆنترۆڵکردووە و هەرکەس سەرپێچی بکات سزا دەدرێت.

هەركەس گرانفرۆشی بكات دوكانەكەی دادەخرێت
سۆران عەبدولغەفور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بۆ كوردستانی نوێ وتی: لە چوارچێوەی رێكخستنی بازاڕ و رێگریكردن لە قۆرخكاری و گرانفرۆشی، لە پێش هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆزدا و هاوكات بەر لە هاتنی جەژن، نرخی سەرجەم كاڵا و شمەكەكانمان وەرگرتووە تا بەرچاومان روون بێت لە بەرزكردنەوەی نرخەكاندا، هەروەها لە شەوانیشدا كاروچالاكیەكانمان بەردەوامی دەبێت، چونكە بازاڕەكان كراوەیە و بە رێژەیەكی زۆر خەڵكی بۆ كڕینی پێداویستییەكان بە شەوان روو لە بازاڕ دەكەن.
ئەو بەڕێوەبەرە وتیشی: لەمانگی رەمەزانی ئەمساڵ و رۆژانی بەر لە هاتنی بۆنەی جەژندا، ئەوەی بەدیدەكرێت، بە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو، زۆرینەی شمەك و كاڵاكان نرخیان جێگیرە، هاوكات هەندێكیان نرخەكانیان دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەویش بەهۆی هەراجكردن و داشكاندنی هەرزان بازاڕەكانی ناو شاری سلێمانی كە بازاڕی ناچاركردووە تا ئەوانیش نرخەكانیان دابەزێن یاخود نەتوانن نرخی هیچ شمەكێك بەرزبكەنەوە، بۆ ئەو شمەكانەشی خەڵكی باسی لێوە دەكەن نرخی بەرزبووەتەوە، زیاتر ئەو خواردنانەن چەند رۆژێك بەر لە هاتنی جەژن هاوردەكراوە كە لە سەرچاوەی شوێنی هاوردەكردنییەوە نرخیان گرانكراوە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، هاوكات رەتیدەكەینەوە فرۆشیاران نرخیان بەرزكردبێتەوە، هەروەك بەپێی رێنمایەكانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی بازرگانی سلێمانی، هەر شوێنێك نرخ بەرزبكاتەوە، سزا دەدرێت بە داخستنی شوێنی كارەكەی.

خەڵكی نیگەرانە لە فرۆشیاران و بازرگانەكان
بە مەبەستی ئامادەكاری و پێشوازیكردن لە جەژنی رەمەزان، خەڵكی بۆ كڕینی پێداویستییەكانی ئەو بۆنەیە بەلێشاو روو لە بازاڕەكان دەكەن، و بەپێی لێدوانی زۆرینەی خاوەنی دوكانەكان، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ بازاڕیان زۆر گەرمە بەجۆرێك كردنەوەی فرۆشگەكانیان تەنها لە رۆژدا خواستی كڕیار تێر ناكات، بۆیە تا درەنگانی شەو دوكانەكانیان بەڕووی كڕیاراندا دەكەنەوە، لەبەرامبەردا هاووڵاتیان ئاماژەیان بەوەكرد مۆدێلی كردنەوەی بازاڕەكان لە شەواندا هەنگاوێكی سەردەمیانە و باشە، چونكە بەهۆی بە رۆژووبوونەوە ناتوانن لە رۆژدا بازاڕ بكەن و پێداویستییەكانیان بكڕن، هەروەك زۆرینەی خەڵكی نیگەران بوون لە بەرزبوونەوەی نرخی ئەو شمەكانەی بۆ جەژن خواستی كڕینی زۆرە، لەوبارەیەوە ئاماژەیان بەوەكرد بەرزكردنەوەی نرخەكان پەیوەندیدارە بە ویژدانی فرۆشیاران و بازرگانەكانەوە، چونكە تەنها بەر لە بۆنەكان نرخەكان گۆڕانكاری بەسەردا دێت و گران دەبێت.

هێزە ئەمنییەكان لە ئامادە باشیدان    
سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی تایبەت بۆ كوردستانی نوێ وتی: بەدەر لەو هێزە ئەمنییەی لە رۆژانی ئاساییدا چاودێری بازاڕەكان دەكەن، بە هاوكاری و هەماهەنگی لە ئاسایش و پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و بەرگری شارستانی و پۆلیسی هاتوچۆ، هێزێكی ئەمنی تۆكمەیان پێكهێناوە تا بە وردی چاودێربن لە چوارچێوەی رێكخستن و كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕ و شوێنە گشتییەكان لە ناو سلێمانی و دەوروبەری، وتیشی: بە درێژایی شەوان ئەو هێزانە لە ئامادە باشیدا دەبن، چونكە زۆرینەی دوكانەكان دوای رۆشتنەوەیان شمەك و كاڵاكانیان تەنها بە پارچەیەك خێمە دادەپۆشن. 
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی كاروچالاكییەكانیان، زانیاری زیاتری خستەڕوو ئاماژەی بەوەكرد بەهۆی ئەو قەرەباڵغییە زۆرەی ناو بازاڕەكان، حاڵەتی دزی و گیرفانی بڕی دێتە پێشەوە، بۆیە هێزێكی ئەمنی تایبەتیان بە جلی مەدەنییەوە بڵاوكردوەتەوە تا بە هاوكاری كامێرای چاودێری دوكان و شوێنە گشتییەكان، چاودێری ماڵ و سامانی هاووڵاتیان بكەن.  
بەپێی زانیاری بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی، ساڵانە بەر لەهاتنی بۆنەكان، بەهۆی بەرزبوونەوەی خواستی كڕین بۆ جلوبەرگی نوێ، بەتایبەت پۆشاكی منداڵان، هاوكات خواستی كڕینی بۆ ئەو خواردن و خواردنەوانەی تایبەتن بە جەژنەكان، زۆرترین كاڵا و شمەك هاوردەی شارەكە كراوە، بەجۆرێك بەپلەی یەك زۆرترین خورما لە مانگی رەمەزاندا، هەروەها نوقڵ و چەرەسات و خواردنەوە گازییەكان بەر لەهاتنی جەژن، ئەو شمەكانە بووە كە لەلایەن بازرگانەكانەوە بە هەزاران تۆنیان هێناوەتە بازاڕەکانەوە.

#بازاڕ

بابەتە پەیوەندیدارەکان