نەوتی هەرێمی كوردستان

09:54 - 2023-05-21
ئابووری
351 جار خوێندراوەتەوە

كوردەوان محەمەد سەعید

نەوتی هەرێمی كوردستان شیكاریی، لێكدانەوەی ژمارە و داتاكان، ناونیشانی كتێبێكی تازەی دامەزراوەی میدیای درەوە، كە 498 لاپەڕەی قەبارە گەورەیە و بە دیزانێكی جوان چاپكراوە و ئێستا لە كتێبەخانەكاندا بەردەستە.
ئەم كتێبە دامەزراوەی درەو ئامادەی كردووە و جگە لە پێشەكییەكی كورت كە تیایدا باس لە گرنگی پیشەسازی نەوت و شێوازی ئامادەكردنی كتێبەكەش دەكات، ناوەرۆكەكەی بەسەر 53 بەشدا دابەشكراوە، لە بەشی یەكەمەوە كە بە گێڕانەوەی چیرۆكی نەوتی هەرێم دەستپێدەكات، باس لە سەرەتاكانی دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت دەكات بە شێوەیەكی گشتی.
پاشان دێتە سەر یەدەكی نەوتی هەرێم و قەبارەی یەدەكی نەوت بە پێی ناوچە جوگرافییەكان، لەگەڵ توانای بەرهەمهێنان و پشكی كۆمپانیا بیانییەكان لەو پڕۆسەیەدا، دواتر هەر لەسەر ئاستی جوگرافیا وردتر دەبێتەوە و دێتە سەر باسی كێڵگە نەوتییەكان لە هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان.
هەر لەم كتێبەدا دامەزراوەی درەو بە وردی باس لە كەرتی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان دەكات، لەگەڵ كارلێكە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانی پەیوەست بەو سامانە سروشتییە، بەشێكی دیكەی كتێبەكە تایبەتكراوە بە بۆری نەوت و تێچوونی گواستنەوەی نەوت و خاوەندارێتی و كرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
بەشێكی دیكە لە كتێبی نەوتی هەرێمی كوردستان تەرخان كراوە بۆ پاڵاوگەكان و توانایان لە بەرهەمهێنانی نەوت و بەنزین و دوای ئەم بەشانەش دێتە سەر قسەكردن لەسەر كاریگەرییە هەرێمییەكان و دەستێوەردانی توركیا لە پرۆسەی دەرهێنانی نەوت و پاشان قسە لەسەر چارەنووسی نەوتی هەرێم دەكات لە دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عیراقەوە.
دواتر بە وردی باس لە فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێم دەكات لە ساڵی 2021 و ساڵەكانی دواتریشدا، هەڵبەت هەر لەم بەشانەدا باس لە راپۆرتەكەی دیلۆت دەكات و وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە، كە دیلۆت كێیە و چۆن و بۆچی هاتۆتە هەرێمی كوردستان.
لە بەشەكانی كۆتایی كتێبەكەشدا باس لە گرنگی نەوت دەكات وەك سەرچاوەی سەرەكی داهاتی وڵاتان و بە چەندین گرافیكیش پرۆسەی دەرهێنان و فرۆش و داهاتی نەوتی روونكردۆتەوە.
بایەخی ئەم كتێبە لەوەدایە كە هاوشێوەی كەمە و بەو پێیەی پیشەسازی نەوت لە هەرێمی كوردستان پیشەسازییەكی تازەیە، كەمتر گرنگی دراوە بە كەرتی نەوت و هەموو ئەو بابەتە زانستیانەی كە لەگەڵ ئەم پیشەسازییەدا یەك دەگرنەوە، بە تایبەتیش كە پسپۆڕی بواری نەوتمان كەمە و هەر ئەمەشە وای كردووە كتێبخانەی كوردی لەو رووەوە هەژار بێت.
ناوی كتێب: نەوتی هەرێمی كوردستان... شیكاریی، ژمارە و داتاكان
نووسین و ئامادەكردن: دامەزراوەی میدیایی درەو
دیزاینی ناوەرۆك: دامەزراوەی میدیایی درەو
دیزاینی بەرگ: دڵشاد شەهاب
هەڵەچن: نامیق رەسوڵ
چاپ: چاپی یەكەم، سلێمانی 2023
ژمارەی سپاردن: 1462 بۆ ساڵی 2023

بابەتە پەیوەندیدارەکان