چۆن رەفتار لەگەڵ مناڵەكانت دەكەیت؟

10:48 - 2023-05-21
دووتوێ
262 جار خوێندراوەتەوە

جوبران خەلیل جوبران لە كتێبی «پەیامبەر»دا كە بەناوبانگترین كتێبێتی و  ساڵی (1923)، واتە سەد ساڵ لەمەوبەر بڵاوبۆتەوە دەڵێت: (مناڵەكانتان مناڵی ئێوە نین). ئەگەرچی رەنگە هەندێ كەسی نەزان بە هەڵە ئەم وتەیە لێكبدەنەوە، بەڵام جوبران خۆی دەزانێت چی دەڵێت. یانی مناڵەكانتان نەوەی رۆژگارێكی ترن كە لە رۆژگاری ئێوە جیاوازە، نابێت بەپێی نەریت و پێوەرەكانی رۆژگاری خۆتان رەفتاریان لەگەڵدا بكەن. 
بە دڵنیاییەوە كۆمەڵێك نەریت و قسەی كوردەواری هەن بۆ ئەم رۆژگارە ناشێن و دەبێت فڕێ بدرێنە لاوە. نابێت چیتر لەبەردەمی مناڵی ئەم رۆژگارەدا و بە تایبەتی لەبەردەمی لاواندا دووبارە بكرێنەوە. چونكە شیرازەی خێزان تێكدەدەن، دڵی مناڵ دەڕەنجێنن و بەرەو لاڕێی دەبەن. كەواتە وەكو دایك و باوكی جاران بە مناڵەكەت مەڵێ: «من بە خێوت دەكەم، من نەبم تۆ لە برسا دەمریت، تۆ هیچ ناكەیت، تۆ نانخۆری جێگریت». لە جیاتی ئەوە بڵێ: «من تۆم هێناوەتە ئەم دنیایەوە، ئەركی سەرشانمە بە پێی توانای خۆم بە باشترین شێوە گەورە و پەروەردەت بكەم، كە گەورەش بوویت هەتا دەمرم دەبێت ئاگام لێت بێت.» بەم شێوەیە ئەو لاوە ئیتر كوڕ بێت یان كچ هەست بە غەریبی و بێكەسی ناكات، وەكو نەمامێك رۆژ بە رۆژ گەشە دەكات و متمانەی بەخۆی زیاتر دەبێت. چونكە هەست دەكات پشتیوانێكی بەهێزی هەیە.
هەروەها كاتێك مناڵەكەت لە ئیشێكدا بەقسەت ناكات، دڵنیابە كێشەكە ئەو نییە و خۆتی. چونكە لەوەدا شكستت هێناوە كە بە نەرمونیانی و بە زمانی شیرینی گفتوگۆ تێی بگەیەنیت، لەم كاتانەدا لە جیاتی ئەوەی بە خۆتدا بچیتەوە و بە زمانێكی تر قسەی لەگەڵدا بكەیت، مەڵێ: «لە ماڵەكە دەتكەمە دەرەوە، ئەوسا بزانم لە كوێ جێگات دەبێتەوە.» ئەم قسەیە كاریگەرییەكی زۆر خراپ لەسەر دەروونی مناڵەكەت دروست دەكات، رەنگە ساڵانێكی زۆر لە یادەوەریدا بمێنێتەوە، ئەگەر كوڕ بێت دوور نییە یەكسەر خۆی  بڕوات و نەیەتەوە، ئەوسا زۆر بە زەحمەت ئەم كێشەیەت پێ چارەسەر دەبێت. بۆیە لە جیاتی ئەوە بڵێ: « ئەم ماڵە هی هەموومانە، هەموومان بە یەكسانی خاوەنی ئەم ماڵەین.»
ئەم رۆژگارە شێوازی ژیان و هەڵسوكەت و رێزگرتنیشی جیاوازە، وەكو ساڵانی رابردوو نییە، بیروبۆچوونی مناڵەكانیش تەواو جیاوازە. بۆیە كاتێك گەورەیەك دێتە ماڵەكەت ئیتر خزم بێت یان ئاشنا بە مناڵەكەت مەڵێ: «هەڵسە دەستی ماچ بكە!» فێری دەست ماچكردن و چەمانەوەی مەكە، چونكە رۆژگاری دەست ماچكردن بەسەر چووە. ئەگەر رووگیریش بێت و بە قسەت بكات، دڵنیابە لە دڵەوە پێی ناخۆشە و هەست بە كەمی دەكات.
لاوی ئەمڕۆ لاوی سەردەمی ئینتەرنێت و دیجیتاڵ میدیایە، بۆیە كاتێك خواردن دێتە بەردەمی پێش هەموو شتێك وێنە و ڤیدیۆی دەگرێت، رەنگە یەكسەر بڵاویشی بكاتەوە، بۆیە لەم كاتانەدا ئاسایی بە و بە نەرمونیانی مامەڵەی لەگەڵ بكە. رەنگە كاتی نانخواردن نەیەتە سەر سفرە و پێی خۆش بێت لە ژوورەكەی خۆی نان بخوات، لێرەشدا هەر پێویستت بە خوێنساردی و ئارامییە.
بەكورتی دایك و باوكی ئەمڕۆ پێویستیان بەوەیە لە مناڵەكانیان تێبگەن و گوێیان لێبگرن و بەو نەرم و نیانییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن، گرنگترین شت ئەوەیە بزانن ئەمان مناڵی سەردەمێكی جیاوازن.

گەنم محەمەد

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان