بەردەوام برسیتە؟

11:03 - 2023-05-21
دووتوێ
265 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دڵان سامان


بەردەوام برسیتە و دەتەوێت خواردن بخۆیت؟ زۆر کەس بەدەست ئەم کێشەیەوە دەناڵێنن و بەردەوام هەستدەکەن برسیانە، بۆیە لێرەدا رای پسپۆرانی خۆراک دەخەینەڕوو لەبارەی هۆکار و چارەسەرەکانی برسێتی بەردەوام، کە هۆکارە بۆ قەڵەوی و لەدەستنەدانی کێش جگە لەکاریگەرییە تەندروستییەکانی دیکەی بۆ سەر جەستە.
پسپۆرانی خۆراک باس لەوە دەکەن هەمیشە برسێتی دوای دوو سەعات لە نانخواردن دەستپێدەکات، چونکە جەستە پێویستی بە خۆراکە تا وزەی دەستبکەوێت، بۆیە سروشتییە مرۆڤ هەست بە برسێتی بکات ئەگەر چەند سەعاتێک بێت نانی نەخواردبێت، بەڵام برسێتی بەردەوام تەنانەت دوای خواردنی ژەمێک دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری تەندروستی و دەروونی.

هۆکارەکانی برسێتی بەردەوام
پسپۆرانی خۆراک دەڵێن: لەکاتی ئاساییدا هەستکردن بەبرسێتی مانای وایە جەستەت پێویستی بە خۆراکە تا لە کردنی چالاکییە سەرەکییەکانی بەردەوام بێت، بەڵام دوای ژەمی سەرەکی بە ماوەیەکی کەم هەست بە برسێتی بکەیت، رەنگە نیشانەی بوونی ناتەواوییەک بێت لە جەستەدا لەوانە:

کەمخەویی
بابەتی خەوتن و گرنگییەکەی بە کەم تەماشا مەکە، چونکە نەخەوتنی پێویست و کوالیتی خەو پێویستە و کاریگەری زۆری هەیە لەسەر تەندروستی جەستە، بەو پێیەی توێژینەوە زانستییە جیاوازەکان دەریانخستووە کەمخەویی برسیت دەکات، لەبەرئەوەی خەو کاریگەری لەسەر دوو هۆرمۆنی سەرەکی هەیە لە جەستەدا کە پەیوەندییان بە ئارەزووی خواردنەوە هەیە: ئەوانیش هۆرمۆنی گرێلین و کەمخەویی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زۆری ئەو هۆرمۆنە کە بەرپرسە لە هاندانی ئارەزوو بۆ خواردن، هەروەها هۆرمۆنی لێپتین، رەنگە ئاستی ئەم هۆرمۆنە کەم ببێتەوە بەهۆی کەم خەوییەوە، چونکە ئەو هۆرمۆنە بەرپرسە لە هەستکردن بە تێری.

وشکبوونەوەی درێژخایەن
کاتێک لەش تووشی وشکبوونەوەی درێژخایەن دەبێت، دڵنیابە هەست بە برسێتی دەکەیت، بەو پێیەی زۆرجار مێشک هەڵە دەکات لە جیاکردنەوەی هەستی برسێتی و تینوێتی، چونکە هەمان ناوچە لە مێشکدا هەردوو پرسەکە کۆنترۆڵ دەکات، بۆیە جارێکی تر هەستت بە برسێتی کرد هەوڵبدە پەرداخێک ئاو بخۆیتەوە و ماوەیەک چاوەڕێ بکەیت تا دڵنیا دەبیتەوە لەوەی تینووتە و برسیت نییە.

سترێس
لە کاتی زۆربوونی سترێسدا جەستە هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ دەردەدات، کە هاندەرە بۆ خواردنی زیاتر، بەتایبەتی خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە چەوری و شەکر، واتا لەو کاتانەدا حەز لە شیرینی و چەوری دەکەیت بەتایبەتی شیرینییە چەورەکان، بەڵام دەبێت بزانیت خواردنی ئەو جۆرە خۆراکانە لە کاتی سترێسدا ئەو هەستە نەرێنییەت کەم ناکاتەوە کە تووشی دەبیت، بەڵکو دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر بخۆیت و کێشی لەشت زیاتر زیاد بکات.

دابەزینی ئاستی شەکر
 دابەزینی شەکری خوێن کە بریتیە لە کەمبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا، یەکێکە لە هۆکارەکانی برسێتی بەردەوام، مێشک پێویستی بە وزە هەیە بۆ ئەوەی کارەکانی وەک پێویست بکات و ئەم وزەیەش لە کلوکۆزەوە دێت، بۆیە کاتێک ئاستی شەکر لە خوێندا دادەبەزێت، وزەی دەروونیت کەم دەبێتەوە، مێشکت دەست دەکات بە ناردنی نیشانەکانی برسێتی.
هاوکات پسپۆڕانی خۆراک باس لە هەندێک حاڵەت و کێشەی تەندروستی دەکەن کە دەبنە هۆی برسێتی بەردەوام، بەم شێوەیە:
*نەخۆشی پێش سووڕی مانگانە: خانمان هەست بە زیادبوونی ئارەزووی خواردن و برسێتی دەکەن پێش سووڕی مانگانە، ئەو گۆڕانکارییانەی لە هۆرمۆنەکاندا روودەدەن لە بەشی دووەمی سووڕی مانگانەدا دوای یەکەم یان دووەم رۆژی سووڕی مانگانە نامێنێت، بەڵام بەرپرسە بۆ گۆڕانی شێوازی خواردنت، لەو ماوەیەدا جەستە بە چەندین گۆڕانکاریدا تێدەپەڕێت کە بە نیشانەکانی پێش سووڕی مانگانە ناسراون، لەو ماوەیەدا خانمان هەست بە برسێتی و ئاوسانی سک و گرژبوون و نیشانە جیاوازەکانی دیکە دەکەن.
*کێشەی غودە: برسێتی بەردەوام هەندێکجار پەیوەندی بە کێشەی غودەی دەرەقییەوە هەیە کە بە چالاکبوونی غودەی دەرەقی ناسراوە، ئەگەر رژێنی غودەی دەرەقی چالاکتر بوو لە ئاسایی ئەوە مانای وایە زیادبوونی چالاکی غودەی دەرەقیت هەیە، بەو پێیەی جەستەت خێراتر لە ئاسایی وزە دەسوتێنێت، هەروەها پرۆسەی میتابۆلیزم واتا کردنی خۆراک بە وزە خێراتر دەبێت، دواجار ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی خێراتر برسیت ببێت.
*بێزاریی یان دڵتەنگی رەنگە یەکێک بێت لە هۆکارەکانی برسێتی بەردەوام بە تایبەتی لە وەرزی زستاندا، چونکە خواردن هاندەری دەردانی هۆرمۆنی دڵخۆشی (سیرۆتۆنین) دەدات، ئەمەش وا لە خەڵکی دەکات پەنا بۆ خواردن ببەن لەکاتی هەستکردن بە دڵتەنگی یان وروژاندن.
 * خۆراک هۆکارە بۆ ئەو حاڵەتە، بۆیە کاتێک به شێوەیەکی پێویست پرۆتین دەخۆیت ئەوە وزه بە لەش دەدات و بۆ ماوەیەکی زۆرتر هەستی تێریت دەبێت و درەنگتریش هەست بە برسێتی دەکەیتەوە، بەڵام به پێچەوانەی کاربۆهیدراتەوە کاتێک سیستەمی خۆراکیت دەوڵەمەندە بە کارب ئەوە وا دەکات درەنگتر تێر بیت و زووتر برسیت بێتەوە، چونکە کاتێک کارب لە خوێندا دەگۆڕێت بۆ شەکر ئاستی شەکر بۆ ماوەیەکی کاتیی بەرزدەبێتەوە کە بە ئەنسۆلین ناسراوە، بەڵام هەر زوو دادەبەزێت و ئەوەش وادەکات جەستە ئاماژەی برسێتی بنێرێت بۆ مێشک و دواجار هەست بەبرسێتی بکەیت، بۆیه رەنگە کەمخواردنی پرۆتین و زۆریی شەکر و کاربۆهیدراتی پاڵاوتە هۆکاری برسێتی بەردەوام بن دوای خواردن بە ماوەیەکی کەم، بەمشێوەیە کاتێک پرۆتین و کاربۆهیدراتەکان لە ژەمێکدا تێکەڵ دەبن، پرۆتین رێژەی بەرزبوونەوەی کلوکۆز خاو دەکاتەوە، وا دەکات وردە وردە بەرزبێتەوە و دواتر وردە وردە کەم ببێتەوە، بەمەش هەستکردن بە تێربوون درێژ دەبێتەوە، بۆیە واباشترە خۆراکێکی کامڵ کە پڕە لە بەهای خۆراکیی بخۆیت.
*هەندێک دەرمان دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر برسێتی بەردەوام و ئارەزووی خواردنی زیاتر لە ئاسایی وەک حەبی نەخۆشی شەکرە.

سەرچاوە: سیدتی.نت

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان