ئــــــــــەتەکێــــــــت چییـــــــــــە؟

11:06 - 2023-05-21
دووتوێ
2576 جار خوێندراوەتەوە

 رۆزا دڵشاد مەریوانی 


ئەتەکێت بریتییە لە هونەری رەوشتی باش یان رەفتاری بە ئەدەب و یاساکانی ئەتەکێت پەیوەندییان بە ئەخلاق و سیفەتە باشەکانەوە هەیە، ئەتەکێت کۆمەڵێک یاسا و بنەمای نووسراو و نەنووسراو لەخۆدەگرێت کە قسە و رەفتارەکانمان رێکدەخات لە بۆنە رەسمی و کۆمەڵایەتییەکاندا ئەو رێسا و بنەمایانەش ئاماژەن بۆ رەوشتی دروست کە وردبینی و سادەیی و جوانی کۆدەکاتەوە.
لە هەموو جێیەک تەنانەت لەماڵەکانی خۆشماندا دەکرێت کەسێکی بە ئەتەکێت بین و دەتوانین بزانین کێ بە ئەتەکێت نییە بۆ نموونە لە ریزی کاشێرێکدا وەستاویت و خەریکی حیساب کردنی شتومەکەکانتی لە پڕ کەسێک بەبێ پرس شەتەکانی پێش تۆ دادەنێ بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە تۆ کە لەوێدا ئەتەکێت ئەوەیە پرس بە تۆ بکات و چەندە شتەکانی تۆ زۆر بێت و ئەوەی ئەو کەم بێت مافی ئەوەی نییە بێ پرس پێشکەوێت ئەوە بێ ئەتەکێتییە یان تەنیا مۆڵەت لە کاشێرەکە وەربگرێت و وەک ئەوەی تۆ لەوێدا نەبیت، ئەتەکێت ئەوەیە پرست پێبکات هاوکات تۆش کەسێکی بە ئەتەکێت دەبیت کاتێک رێگەی دەدەیت یان دەزانیت شتەکانی ئەو کەمە داوای لێدەکەیت پێشت بکەوێت، ئەمە نموونەیەکی سادەی ژیانی رۆژانەیە، چونکە هەندێک کەس وادەزانن ئەتەکێت تەنیا گرتنی چەتاڵ و چەقۆیە بەشێوەیەکی راست لە بۆنە کۆمەڵایەتی و رەسمییەکانی چینی ئاوریشمی کۆمەڵگەدا، بێگومان نەخێر ئەتەکێت زۆر رەفتار و کاردانەوەی ژیانی رۆژانە دەگرێتەوە، نموونەیەکی دیکە لەکاتی ناردنی نامە و تەلەفۆنکردندا لە کات و ناکاتدا و بێزارکردنی ئەوانی دیکە بەوەی وەڵامت بدەنەوە یان دوای رەتکردنەوەی داوایەک سووربیت لەسەری و بەردەوام بیت لە نامە ناردن یان تەلەفۆن کردن ئەوە بێ ئەتەکێتییە، هاوکات ئەتەکێتە لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵام بدەیتەوە و بێ ئەتەکێتییە کەسی بەرامبەر لە چاوەڕوانیدا بهێڵیتەوە.

هونەرەکانی ئەتەکێت 
*ئەتەکێتی قسە و گفتوگۆکردن بەوەی رێگە بە بەرامبەرەکەت بدەیت ئەویش قسە بکات هەروەها لەکاتی قسەکردنی ئەودا گوێی بۆ بگریت.
*ئەتەکێتی جلوبەرگ ئەوەی زۆر کەسی رۆژهەڵاتی نایزانن کاتێک ئەو جلوبەرگەی بۆ ئاهەنگ و ئێوارە خوانەکانی دەرەوە بۆ بازاڕ یان دەوامی فەرمانگەکانیش لەبەر دەکەن هاوکات بۆ کچان و ژنانیش ئەو ماکیاژەی بۆ ئاهەنگێک دەیکەن بۆ دەوامی فەرمانگە یان زانکۆش بیکەن.
*ئەتەکێتی بۆنە و ئاهەنگ و کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنە رەسمی و کۆمەڵایەتییەکان، بێگومان لێرەدا دەبێت ئەتەکێتی قسەکردن و گفتوگۆ و گوێگرتن لە بەرامبەر و خۆناساندن بەوانەی یەکەمجارە دەیانناسی یان ناساندنی هاوڕێیەکت بەشێوازێکی جوان بەوانی دیکە، هاوکات زمانی جەستە لەم دۆخانەدا زۆر گرنگە ئەو جۆرە ئاماژە و جووڵانە نەکرێت کە نیشانەیە بۆ بێزاربوون و زۆر جووڵاندنی دەستەکانت یان خەیاڵت رۆشتبێت و نەزانیت کەسی بەرامبەر چیت بۆ باس دەکات، جگە لەوەی بەکارنەهێنانی وشە و دەستەواژەی بازاڕیی کە ناشێت بۆ ئەو جۆرە کۆبوونەوانە و قسەکردن بەدەنگی بەرز، بانگکردنی کەسێک تازە ناسیوتە بەبێ بەکارهێنانی هیچ جۆرە نازناوێکی رێزگرتن وەک کاک یان خاتوو فڵان.

ئەتەکێتی قسەکردن
- لەبارەی مەسەلەیەکەوە مەدوێ کە زانیاریت لەسەری نییە و تەنیا لەپێناوی قسەکردندا قسەبکەیت. 
- لەکاتی گفتوگۆدا ناوی کەسی بەرامبەر بە رێزەوە بهێنە بۆ ئاگادارکردنەوەی پاشان بە روونی و جوانی بۆی بدوێ.
- تا دەنگت هێمن بێت و بە سادەیی بدوێیت زیاتر لە خەڵک نزیک دەبیتەوە و حەز دەکەن گوێت لێ بگرن، چەندیش لەگەڵ بەرامبەردا راتان جیاواز بێت و گفتوگۆکەتان توند بێت واباشترە دەنگت مامناوەند بێت و دەنگ بەرز مەکەرەوە وابزانیت بەوە رای خۆت دەسەپێنیت.
- ئەگەر زانیت کەسی بەرامبەر دەیەوێت ئیستیفزازت بکات هەوڵبدە کێشە نەنێیتەوە و بەشێوەیەکی دیپلۆماسی و بە بیانوویەک خۆت لەو کەسە دووربخەیتەوە.
- ئەگەر لەسەر نانخواردن گفتوگۆتان دەکرد نابێت ئەو بابەتانە باس بکەیت کە مایەی قێزهاتنەوەی ئەوانی دیکەیە.
- لە گفتوگۆدا وشەکانی بێزەحمەت، بەئەرک نەبێت یان دەتوانم بەکاربهێنە پێش قسەکردن کاتێک دەتەوێت رای خۆت بڵێیت یان قسە بە یەکێک ببڕیت، ئەگەر لەگەڵ بەرامبەردا هاوڕا نەبوویت وشەی نا و نەخێر زۆر کەس بەباشی وەریناگرن و لەبری ئەوە دەتوانیت بڵێیت راستە بەڵام من رام جیاوازە یاخود بەڵێ بەڵام بە رای من فڵانە شت باشترە..هتد.
- ئەگەر ناچار بوویت وشەی نەخێر بەکاربێنیت یەک جار بەسە و پێویست ناکات بڵێیت «نانانا نەخێر».
- کاتێک بنێشت یان جگەرەت لەدەمدایە ئەتەکێت نییە پێیەوە بدوێیت.
- لەکاتی قسەکردندا یاری بە سویچی ئۆتۆمبێل یان تەزبیحەکەی دەستت یان هەرشتێکی دیکە مەکە، چونکە سەرنجی چواردەورت لەسەر ئەوە نابێت چی دەڵێیت، بەڵکو لەسەر ئەو شتەی دەستت دەبێت و کەمێک رێز لەدەست دەدەیت.
دواجار کاتێک وشە یان رەفتارێک بەرامبەر ئەوی دیکە دەکەین و پێمان ناخۆش دەبێت کەسێک ئەوەمان بەرامبەر بکات ئەوە مانای وایە بێ ئەتەکێتین، ئەگەر بە بەرپرسیارێتییەوە بڕوانینە دەوروبەر و بزانین ئەوەی بۆ خۆم بێزارکەرە بۆ خەڵکیش بەو شێوەیەیە کەواتە دەکرێت بێ ئەوەی هیچ وانەیەکمان لەسەر ئەتەکێت خوێندبێت کەسێکی بە ئەتەکێت بین. 

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان