دادگای فیدراڵی عیراق لەسەر سێ سکاڵا دژی ھەرێم کۆدەبێتەوە

11:43 - 2023-05-23
عیراق
560 جار خوێندراوەتەوە

لە دوو رۆژدا دادگای فیدراڵی عیراق لەسەر سێ سکاڵا دژی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، کە یەکێکیان تایبەتە بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە دادگای فیدراڵی عیراق سەبارەت بە سکاڵایەک کۆببێتەوە کە داوادەکرێت بڕیاری وەزارەتی دارایی عیراق سەبارەت بە ناردنی 400 ملیار دینار وەک شایستەی دارایی بۆ ھەرێمی کوردستان پووچەڵ بکرێتەوە.
هەروەها سبەینێش، دادگای فیدراڵی عیراق جارێکی دیکە لەسەر سکاڵایەک سەبارەت بە یاساییبوون یاخود نایاساییبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، کە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و داواکراوە، یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پووچەڵبکرێتەوە.
ھەر لە دانیشتنی سبەینێدا، دادگای فیدراڵی سەبارەت بە سکاڵایەکی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی بەشەخۆراکی عیراق لەسەر وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی ھەرێم و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەولێر کۆدەبێتەوە، کە داواکراوە سکاڵالێکراو پابەندبکرێت بەپێدانی بڕی ئەو پارەیەی لەبەرامبەر بەشەخۆراکی مانگانە وەریگرتووە کە داوای پارەی 17 ساڵی مانگانەی بەشەخۆراکی ھاووڵاتیانی ھەرێم دەکرێت، کە نەگەڕێنراوەتەوە بۆ عیراق و ساڵانی 2004 تا 2021 دەگرێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان