له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
*تۆ بابه‌تی هه‌ڵبژارده ده‌نووسیت و به‌كورتیش ده‌نووسیت، ته‌قریبه‌ن له ده ساڵدا یه‌ك كتێب، ئێستاش دوای شه‌ش ساڵ له سێهه‌م كتێبت، كۆمه‌ڵه‌چیرۆكێكی تازه‌ت چاپكردووه، دیاره كتێبه‌كانی پێشووت سه‌ركه‌وتوو بوون و خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیان وه‌رگرتووه. له روانگه‌ی خۆته‌وه كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی «ئه‌و كڵاوه‌ی له دوای شه‌ڕ مایه‌وه« چ جیاوازییه‌كی هه‌یه له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌كانی پێشووتدا؟
-به‌هه‌رحاڵ به‌رهه‌مه‌كانی هه‌ر نووسه‌رێك به درێژایی ته‌مه‌نی نووسینی به‌لای كه‌مه‌وه كه‌شوهه‌وایه‌كی هاوبه‌شیان هه‌یه. به‌ڵام ژیانی هه‌موو كه‌سێك له‌وانیش منی چیرۆكنووس به‌پێی هه‌لومه‌رج ده‌كرێت قۆناغی جیاجیای تێدا بێت له كه‌شوهه‌وای ئه‌و به‌رهه‌مانه‌دا كه ده‌یاننووسم كاریگه‌ری هه‌یه. ئه‌زموون و خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می جیاواز، له‌وانیش به‌رهه‌مه‌كانی نه‌وه‌ی پێش و پاش خۆم، كاریگه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر شێوازی ئیشكردنم و له‌وانه‌یه كاریگه‌ری له‌م به‌رهه‌مه‌مدا ببینرێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ نموونه بمه‌وێت له‌سه‌ر لایه‌نێكی دیاریكراو قسه بكه‌م قه‌باره‌ی چیرۆكه. پێم وایه ورده گێڕانه‌وه‌ی زیاتر هاتۆته ناو چیرۆكه‌كانه‌وه، ئه‌و ورده گێڕانه‌وانه‌ی له ده‌وری ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی چیرۆك فۆرمه‌ڵه بوون. پێم وایه به‌م شێوازه بوارێكی زیاتر به كاره‌كته‌ره‌كانی چیرۆك ده‌درێت بۆ جووڵه و ژیان له‌و فه‌زایه‌دا و كه‌شوهه‌وای چیرۆك تۆكمه و جێگیرتر ده‌بێت و زیاتر ده‌خوێنرێته‌وه.
چیرۆكنووس محه‌مه‌دی كه‌شاوه‌رز ساڵی 1958 له شیراز له دایكبووه و هه‌ر له‌وێ ده‌ژی. سی ساڵێكه ده‌نووسێت و له‌و چیرۆكنووسانه‌یه كه‌م ده‌نووسێت و چیرۆكه‌كانی له رووی هونه‌رییه‌وه له ئاستێكی به‌رزدان. یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی 1995 بڵاوكردۆته‌وه. ساڵی 2005 كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی دووه‌می بڵاوكردۆته‌وه و ساڵی 2015 كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی سێهه‌می بڵاوكردۆته‌وه، شه‌ش ساڵ دوای ئه‌وه‌ش كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی چواره‌می بڵاوكردۆته‌وه كه بریتییه له (كلاهی كه پس از معركه ماند- ئه‌و كڵاوه‌ی دوای شه‌ڕ مایه‌وه). ئه‌مه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێنیته‌وه گفتوگۆیه‌كه سه‌باره‌ت به‌م كتێبه.
*روانینی تۆ بۆ جوگرافیای چیرۆكه‌كانی « ئه‌و كڵاوه‌ی له دوای شه‌ڕ مایه‌وه « روانینێكی تایبه‌ته. جوگرافیا به‌لای تۆوه له چیرۆك و چیرۆكنووسیندا چ كاریگه‌رییه‌كی هه‌یه؟
-سه‌باره‌ت به ره‌گه‌زی شوێن له چیرۆكدا هه‌ستیارتر بووم. هه‌ستده‌كه‌م چیرۆك به‌بێ نیشانه‌یه‌كی جوگرافیای به‌سه‌رهاته‌كه‌ی هه‌رچه‌نده كاڵیش بێت شتێكی كه‌مه. حاڵ و باڵی مرۆڤ به‌پێی ئه‌و شوێنه‌ی تیایدا ده‌ژی جیاوازه. جاریوایه ده‌بینین شوێن و ئه‌و ناوچه‌یه‌ی مرۆڤ تیایدا ده‌ژی كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر دروستبوونی كاره‌كته‌ر و زمانی. به‌شێك له‌و كه‌لتوره‌ی به‌ده‌ستی ده‌هێنین په‌یوه‌ندی به‌و شوێنه‌وه هه‌یه كه تیایدا گه‌شه ده‌كه‌ین. كه‌واته ناكرێت شوێن و جوگرافیا له‌سه‌ر بینای چیرۆك و كاره‌كته‌ره‌كانی بێ كاریگه‌ری بن، مه‌گه‌ر چیرۆكی خه‌یاڵی زانستی یان چیرۆكی ئاخر زه‌مان كه ئه‌وانیش وابه‌سته‌ی جوگرافیای خه‌یاڵی دروستكراوی نووسه‌رن. به‌هه‌رحاڵ جوگرافیای چیرۆك به‌پێی نیشانه ده‌ستنیشانكراوه‌كانی ئه‌و شوێنه‌یه كه چیرۆكه‌كه‌ی تێدا فۆرمه‌ڵه ده‌بێت، به‌بێ ئه‌وه به‌ڕای من چیرۆك و چه‌ند كاره‌كته‌رێك دروست ده‌بن سه‌ر به ناشوێن ده‌بن.
*له چیرۆكه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌دا به چه‌ند گێڕه‌ره‌وه و چه‌ند گۆشه‌نیگایه‌كی گێڕانه‌وه‌ی جیاوازه‌وه سۆراخی بابه‌ته‌كانت كردووه. ئه‌م بژارده‌یه له ره‌وتی فۆرمه‌ڵه‌بوونی چیرۆكدا چۆن و له‌سه‌ر بنه‌مایه‌ك دروست ده‌بێت؟
-هه‌ر بیرۆكه‌یه‌ك كاتێك ده‌بێت به چیرۆك پێویستی به گۆشه‌نیگای گێڕانه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. پێویستی به گێڕه‌ره‌وه‌ی تایبه‌تی خۆی و ده‌نگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. به‌شێك له سه‌ركه‌وتنی هه‌ر نووسه‌رێك له نووسینی چیرۆكدا بریتییه له‌وه‌ی چۆن بینایه‌كی باش بۆ چیرۆكه‌كه‌ی ده‌دۆزێته‌وه، بینای باشیش له‌چیرۆكێکدا به‌ده‌ست نایه‌ت، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی گۆشه‌نیگایه‌كی گێڕانه‌وه‌ی باش بۆ چیرۆكه‌كه‌ی ده‌دۆزێته‌وه. له‌م كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه‌دا هه‌وڵی من بۆ ئه‌وه بووه به‌پێ توانا ئه‌وه به‌ده‌ستبێنم. تا چه‌ند سه‌ركه‌وتوو بووم ده‌بێت چاوه‌ڕێی حوكمی خوێنه‌رانی كتێبه‌كه‌م بم. به‌ڵام ئه‌و هه‌سته‌ی له ئه‌زموونی ساڵانێكی زۆره‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه پێم ده‌ڵێت به رێگایه‌كی راستدا رۆیشتووم.
*ئه‌و ته‌نزه‌ی كه به‌هۆی حاڵه‌ته‌كانی ناو چیرۆكه‌وه فۆرمه‌ڵه ده‌بێت به‌لای تۆوه په‌یوه‌ندی به تان و پۆی ژیانه‌وه هه‌یه؟
-كاتی نووسین بینای چیرۆكه‌كه له‌سه‌ر ته‌نز یان غه‌یری ته‌نز ناكه‌م. حاڵه‌تی هه‌ندێ چیرۆك له بیرۆكه‌وه هه‌تا نووسین پڕه له ناكۆكی و ته‌نز. سه‌روه‌ختێ سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (آدینه)، زاراوه‌یه‌كی به‌كارهێنا به‌ناوی ئاماده‌گی دیارده ناهاوكاته‌كان له‌یه‌ككاتدا. به ده‌ربڕینێك كۆمه‌ڵگای ئێمه و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پڕه له دیارده ناهاوكاته‌كان له‌یه‌ككاتدا. پڕ له ناكۆكی. ته‌نیا ته‌نز ده‌توانێت ده‌ره‌قه‌تی پاشاگه‌ردانی و ناكۆكییه‌كی ئاوا بێت. كاتێ ئه‌م ناكۆكیانه به‌پێی ماهیه‌تی خۆیان حاڵه‌تی ته‌نزئامێز بۆ كاره‌كته‌ره‌كان دروستده‌كه‌ن منی نووسه‌ر ناتوانم له نووسینیان هه‌ڵبێم. حاڵه‌تی ناكۆك به ته‌نز نه‌بێت گوزارشتی لێناكرێت. ده‌ربڕینی ناكۆكییه‌كی ئاوا به‌هه‌ر شێوه‌یه‌كی تر بۆ خۆی جۆرێك ده‌بێته پێشێلكردنی مه‌به‌ست.
*یه‌كێك له خاڵه هاوبه‌شه‌كانی چیرۆكه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه به‌كارهێنانی جۆرێك له غافڵگیریی تایبه‌ته كه ناتوانی خۆتی لێلابده‌یت. بابه‌تێكه وێڕای كاره‌كته‌ره‌كان وه‌رگریش غافڵگیر ده‌كات و ده‌بێته هۆی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان ئامانج و ئه‌نجامی كاردانه‌وه‌كانی چیرۆك.
-به‌ڵی من هێشتا باوه‌ڕم به ره‌گه‌زی گێڕانه‌وه و جوانی ده‌ق و پێچاوپێچی درێژكردنه‌وه یان به‌كارهێنانی دواخستن هه‌یه له چیرۆكدا، پێم وایه هه‌ر چیرۆكێك به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بنووسرێت كلاسیك، مۆدێرن، پۆست‌مۆدێرن، بۆ خۆشخوانی پێویستی به‌و شێوازانه هه‌یه كه وتم. باشه، جۆرێك له دواخستن و غافڵگیری شێوازێكه له چیرۆكی پۆلیسی و تاوانكاریدا به‌كاردێت ته‌نانه‌ت له چیرۆكی بازاڕیی عاشقانه‌شدا بووه‌ته باو. چیرۆكی مۆدێرنیش ئه‌مڕۆ ناچاره له‌م باره‌یه‌وه به‌پێی ماهیه‌تی مۆدێرن و دژه قاڵبی قاڵبی خۆی تێكبشكێنێت و پره‌نسیپی غافڵگیریش له‌وێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت. له هه‌مانكاتدا له چیرۆكی مۆدێرندا غافڵگیری و دواخستن ده‌بێت هۆكاری ته‌كنیكی هه‌بێت و له به‌رامبه‌ر وه‌رگردا ببێته پرسیارێكی تازه. له‌گه‌ڵ ره‌چاوكردنی پره‌نسیپی خستنه‌گومانه‌وه كه تایبه‌ته به چیرۆكی مۆدێرن، به‌كارهێنانی دواخستن و غافڵگیری ده‌توانێت ده‌قه‌كه به‌لای وه‌رگره‌وه جوانتر و سه‌رنجڕاكێشتر بكات.
*ساده‌یی و قووڵی و خێرایی، ئه‌و وشانه‌ن كه ده‌توانرێت بۆ وه‌سفی چیرۆكه‌كانی تۆ به‌كاربهێنرێت. له‌ڕاستیدا جۆرێك له ساده‌یی ورد له هه‌موو چیرۆكه‌كانی تۆدا هه‌یه. ئه‌م ساده‌ییه قووڵه خۆویسته و تۆ چیرۆكه‌كه‌ت به‌و ئاراسته‌یه ده‌به‌یت؟ یان به‌پێی بابه‌تی چیرۆك و رۆحی زاڵی سه‌ر فه‌زای چیرۆك رێگای خۆی ده‌دۆزێته‌وه؟
-ئه‌گه‌ر توانیبێتم به‌و ساده‌ییه ئامانجداره گه‌یشتبم ده‌بێت شانازیی به‌خۆمه‌وه بكه‌م. ئیشی هونه‌ر گۆڕینی چه‌مكی ئاڵۆزه بۆ زمانێكی ساده. به‌ڵام راستی مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه كه من كاتی نووسینی چیرۆك له‌پێشدا هیچ بڕیارێكی تایبه‌تی ناده‌م. به‌لای منه‌وه زمان و بینای چیرۆك گرنگه و ئه‌وه‌ش كه جیهانی چیرۆكه‌كه به شێوه‌یه‌ك دروستبكه‌م له‌سه‌ر پێی خۆی وه‌ستا بێت و پشتی به‌خۆی به‌ستبێت، یانی هه‌موو ره‌گه‌زه‌كانی هۆكاری هه‌بێت. نامه‌وێت گه‌مه به مێشكی وه‌رگر بكه‌م و ته‌مسیلی ئه‌وه بكه‌م «من زۆر ده‌زانم» و «تۆش ئه‌گه‌ر راست ده‌كه‌یت له چیرۆكه‌كه‌ی من تێبگه«. وه‌كو ژیاننامه‌نووسه‌كان به‌سه‌رهاته‌كان بنووسمه‌وه و رووداوێكی به پێكه‌وه‌گرێدانی سه‌ره‌تا و ناوه‌ڕاست و كۆتایی ده‌رخوارد بده‌م. ده‌مه‌وێت چیرۆكێك بده‌م به وه‌رگره‌كه‌م هه‌روه‌كو من چێژم له نووسینی دیوه ئه‌ویش چێژ له خوێندنه‌وه‌ی ببینێت و په‌شیمان نه‌بێته‌وه، له‌وانه‌یه هۆكاری پێشوازی له چیرۆكه‌كانی من هه‌تا ئه‌مڕۆ ئه‌م مامه‌ڵه قه‌درزان و راستگۆیانه‌یه بێت.
*یه‌كێك له خاڵه هه‌ستیاره‌كانی چیرۆك ده‌كه‌وێته كۆتاییه‌كه‌یه‌وه، بڕیارێك، قسه‌یه‌ك یان رووداوێك كه مه‌سه‌له‌ی غافڵگیریشی له‌خۆگرتووه. ئایا ده‌توانرێت ئاوا مامه‌ڵه بكرێت كۆتایی چیرۆك و ورده‌كاریی تیایدا به‌لای تۆوه گرنگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه؟
-كۆتایی چیرۆك ئه‌نجامی ته‌واوی چیرۆكه‌كه‌یه یان ده‌بێت وابێت. هه‌ڵبه‌ته كاتێك هه‌موو ره‌گه‌زه‌كانی چیرۆك له شوێنی خۆیاندا كاریگه‌ری خۆیان هه‌بێت. ئه‌وسا كۆتایی چیرۆك به‌ده‌ر له غافڵگیریی یان كراوه‌یی و ره‌هابوونی ده‌توانێت هه‌مان ئه‌و شته بێت كه به‌رهه‌می كار و هه‌ڵچوونه‌كانی ناو چیرۆكه‌كه‌یه. هه‌مان ئه‌و خاڵه راسته‌ی كه رسته‌ی كۆتایی چیرۆك یان ته‌نانه‌ت قسه‌ی ئه‌خیر كه ده‌بوو بنووسرێت. كورته‌چیرۆك «به‌شێوه ئایدیاله‌كه‌ی» مه‌یدانی تاقیكردنه‌وه‌ی نووسه‌ره. مه‌یدانێكی سنوورداره به كاره‌كته‌ری سنووردار و یه‌ك ته‌وه‌ر كه نووسه‌ر ناچاره هونه‌ری خۆی له‌به‌رچاوی وه‌رگر بنوێنێت. ده‌رفه‌تێك نییه بۆ ئیهمالی و پشتگوێخستن، ده‌بێت له‌گه‌ڵ شه‌وق و زه‌وقی نووسیندا ورد بیت بۆ ئه‌وه‌ی شتێك به ناته‌واوی به‌جێنه‌هێڵرێت. له ناوه‌ڕۆكه‌وه بگره هه‌تا گۆشه‌نیگای گێڕانه‌وه و هه‌ڵبژاردنی گێڕه‌ره‌وه و كاره‌كته‌رسازی و فه‌زاسازی و ریتم و زمان و ورده‌كاری له دابه‌زینی راست و وردا له‌سه‌ر خاڵی كۆتایی.
*یه‌كه‌م رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی وه‌رگر له‌گه‌ڵ چیرۆكدا ناونیشانه. ره‌وتی هه‌ڵبژاردنی ناونیشان كه تایبه‌ت و قورسیشه لای تۆ چۆنه؟
-به‌لای منه‌وه چیرۆك به ناوه‌كه‌ی ده‌ستپێده‌كات. بیرۆكه‌ی چیرۆك كاتێك پاڵنه‌ری نووسین لای من به‌هێز ده‌كات كه بتوانم ناونیشانێكی بۆ دانێم كه به دڵمه، ئه‌و ناوه‌ی له بیرۆكه‌یه‌كی ده‌نێم ده‌ڵێی ده‌بێته كلیكی من بۆ ناو جیهانی چیرۆكه‌كه‌م. چیرۆكه‌كه له‌سه‌ر هه‌مان بیرۆكه و ناو فۆرمه‌ڵه ده‌بێت. ده‌ڵێی به‌شێك له وزه‌ی خۆی له‌و ناوه‌وه وه‌رده‌گرێت كه له سه‌ره‌تاوه بۆم هه‌ڵبژاردووه. ئه‌گه‌ر بیرۆكه‌یه‌ك هه‌بووبێت كه له ناولێنانیدا تیامابم، یان ئه‌و ناونیشانه‌م نه‌دۆزیبێته‌وه كه بتوانم به ئیسراحه‌ت چیرۆكه‌كه‌می له‌سه‌ر فۆرمه‌ڵه بكه‌م، تیا ده‌مێنم. ده‌ڵێی هه‌تا ئه‌و كاته‌ی به‌و ناونیشانه نه‌گه‌یشتووم كه به دڵمه ئه‌و ناوه‌ی كه هه‌ست پێم بڵێ ده‌بێت فڵان بێت چیرۆكه‌كه‌م حه‌زی به له‌دایكبوون نییه. هه‌ڵبه‌ته جاری‌واش بووه گه‌یشتوومه‌ته ناونیشانێكی باشتر و گۆڕیومه. یه‌ك دوو جار ئه‌مه روویداوه.
*له‌م كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه‌دا به ریتمێكی تایبه‌تی ده‌نووسیت. له‌م ریتمه‌دا وه‌ستان و جووڵه‌ی ئارام و هێواش جێگه‌ی نابێته‌وه و وادیاره وه‌رگر بتوانێت پێ به‌پێی چیرۆكه‌كه بڕوات. ئه‌م ریتمه له جۆره روانینێكه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت؟
-چیرۆكه‌كانم له‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌دا زیاتر له‌گه‌ڵ كاروكاردانه‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌كاندا فۆرمه‌ڵه ده‌بن. بنه‌مای واقیعیانه‌ی چیرۆك و ره‌وتی فۆرمه‌ڵه‌بوونیان به شێوه‌یه‌ك داڕێژراوه زنجیره رووداوێك تێده‌په‌ڕێنن كه ریتم تیایاندا دیار و به‌رجه‌سته‌یه. چیرۆك ده‌رفه‌تێكی تێدانییه بۆ وه‌ستان و تیامان. ده‌روونگه‌را نییه و به‌رده‌وام له دیمه‌نێكه‌وه ده‌چێت بۆ دیمه‌نێكی دیكه. به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه مانای ئه‌وه نییه چیرۆكه‌كه له رووكه‌شدا ده‌مێنێته‌وه. هه‌وڵم داوه زمان و داڕشتنی دیمه‌ن و ره‌گه‌زه‌كانی تر ئه‌وه‌نده له بینای چیرۆكه‌كه‌دا كاریگه‌ربن، نه‌ك ته‌نیا چیرۆكه‌كه خاو و ماندووكه‌ر نه‌بێت، به‌ڵكو چێژی خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكێكی مۆدێرن و چه‌ند توێش به خوێنه‌ر بدات.
سه‌رچاوه: ketabnews.com